گواستنه‌وه‌ی گشتى بووه‌ته یه‌كێك له كێشه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان، وێڕای ئه‌وه‌ى ئه‌و خزمه‌تگوزارییه 24 سه‌عاتی نییه، نادیاری كات و به‌فیڕۆدانی كاتى زۆر، كۆنی سیستمه‌كه، هاووڵاتییانی ناچار به كڕینی ئۆتۆمبێلی تایبه‌ت یان په‌نابردن بۆ تاكسی كردووه، جیا له جه‌نجاڵی شه‌قام و هه‌ندێك جار خنكانی.
سیستمی گواستنه‌وه‌ی گشتیی له زۆرینه‌ى وڵاتانی دنیا به پاس و میترۆ و قیتار رێك خراوه و كات سه‌ره‌كیترین به‌شیه‌تی و شه‌قامی جیاكراوه‌ی پاسیش دڵنیایی دروست كردووه هه‌ر كه‌س له كاتی خۆیدا ده‌گاته شوێنی دیاریكراو، هه‌رچه‌نده له وڵاتانی ئه‌وروپا به نموونه، شه‌قامه‌كانی ناوشار ته‌نیا دوو هێڵی هه‌یه، به‌ڵام یه‌كی كراوه‌ته هی پاس، له رێگه‌ی ئه‌پلیكه‌یشنێكیشه‌وه كاتی گه‌یشتنت ده‌زانی.
دیزاین كراوه به‌ڵام ته‌نگژه‌ى دارایی رێگر بووه
له‌م به‌دواداچوونه‌ی "وشه"دا ده‌رده‌كه‌وێ، له ته‌واوی هه‌رێمی كوردستان، سێ هه‌زار و 200 پاسی گواستنه‌وه‌ی گشتى هه‌ن، سه‌نته‌ری شاره‌كان هه‌ریه‌كه‌یان له نێوان 20 بۆ 30 هێڵی گه‌ڕه‌كه‌كانیان هه‌یه، ئه‌مه له كاتێكدا به گوته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیى گواستنه‌وه‌ی كوردستان، "دیزاینی رێكخستنه‌وه‌ی گواستنه‌وه‌ی گشتى كراوه، به‌ڵام به‌هۆی ته‌نگژه‌ى دارایی جێبه‌جێكردنی دواخراوه".
سێ هه‌زار و 200 پاس بۆ پێنج ملیۆن كه‌س
به‌گشتى له هه‌رێمی كوردستان، سه‌رووی ملیۆنێك و 711 هه‌زار و 588 هه‌زار ئۆتۆمبێل هه‌ن. عه‌قید ئه‌سعه‌د مه‌لا كه‌ریم به‌ڕێوه‌به‌ری پلاندانان و به‌دوادواچوون له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى هاتوچۆی هه‌رێمی كوردستان، بۆ "وشه" ئاماژه‌ى به‌وه دا، ته‌نیا له هه‌ولێر 555 هه‌زار و 659 ئۆتۆمبێلی تایبه‌ت، 43 هه‌زار و 775 ئۆتۆمبێلی كرێ، 187 هه‌زار و 127 بارهه‌ڵگر هه‌ن.
له سلێمانی، 286 هه‌زار و 276 ئۆتۆمبیلی تایبه‌ت، 33 هه‌زار و 765 كرێ، 142 هه‌زار و 610 بارهه‌ڵگر هه‌ن.
له دهۆك، 132 هه‌زار و 217 ئۆتۆمبیلی تایبه‌ت، 17 هه‌زار و 603 كرێ، 65 هه‌زار و 907 بارهه‌ڵگر هه‌ن.
عه‌قید ئه‌سعه‌د زیاتر گوتی "به ئۆتۆمبێلی میری، ئامێری كشتوكاڵ، بیناسازی، ماتۆڕسكیل، كاتی و زانیاری، كۆی گشتى ژماره‌ی ئۆتۆمبێل له كوردستان ملیۆنێك و 711 هه‌زار و 588 ئۆتۆمبێل هه‌یه".
به‌پێی ئاماره‌كانی هاتوچۆی هه‌رێمی كوردستان، 95 هه‌زار و 143 ئۆتۆمبێلی كرێ له ته‌واوی كوردستان هه‌ن، له‌مه‌شدا زۆرینه‌یان ده‌كه‌ونه پارێزگای هه‌ولێر، هاوكات په‌یامنێرانی "وشه" ده‌ڵێن، له‌م ژماره‌یه ته‌نیا سێ هه‌زار و 200ـی پاسی گواستنه‌وه‌ن.
ئاماره‌كه‌ی هاتوچۆی هه‌رێمی كوردستان ته‌نیا ئه‌و ئۆتۆمبێلانه ده‌گرێته‌وه كه له كوردستان تابلۆیان پێ دراوه، واته ئه‌و ئۆتۆمبێلانه ناگرێته‌وه كه تابلۆیان شاره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانه و ژماره‌یه‌كه‌یان له سه‌رووی 200 هه‌زار ئۆتۆمبێل ده‌خه‌مڵێنرێن.
هۆشیار عه‌لی په‌یامنێری "وشه" له سلێمانی ده‌ڵێ، له سه‌نته‌ری شاری سلێمانی، 600 پاس به‌سه‌ر 25 هێڵی گواستنه‌وه‌ی گشتى ناوشار دابه‌شكراون و "ته‌نیا به‌یانی تا ئێواره" هاتوچۆ به خه‌ڵك ده‌كه‌ن.
بڵند ئیبراهیم په‌یامنێری "وشه" له هه‌ولێر گوتی، له سه‌نته‌ری شاری هه‌ولێر، 900 پاس به‌سه‌ر 28 هێڵی گواستنه‌وه‌ی گشتى دابه‌ش كراون و ته‌نیا به رۆژ هاتوچۆ به خه‌ڵك ده‌كه‌ن.
نه‌وزاد هلوری په‌یامنێری "وشه" له دهۆك ئه‌وه‌ی خسته ڕوو، 924 پاس و مینی پاس ته‌نیا له رۆژدا هاتوچۆ به هاووڵاتییان و فه‌رمانبه‌ران و قوتابیان له دهۆك ده‌كه‌ن.
شه‌فیق بانیشاری په‌یامنێری "وشه" له هه‌ڵه‌بجه ئاماژه‌ی دا، 74 پاس له چوار هێڵی جیاواز هاتوچۆی به خه‌ڵكی ناوشاری هه‌ڵه‌بجه ده‌كه‌ن.
به‌ڵام له شارۆكه‌ی سۆران كه ژماره‌ى دانیشتووانی سه‌رووی 200 هه‌زار كه‌س ده‌بێت، مورشید برادۆستى په‌یامنێری "وشه" ده‌ڵێ، هیچ پاسێكی گواستنه‌وه‌ی گشتى نییه تا هاتوچۆ به هاووڵاتییان بكات له گه‌ڕه‌كه‌كانه‌وه بۆ سه‌نته‌ری شارۆكه‌كه.
خه‌ڵك چی ده‌ڵێن؟
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى كڕینی ئۆتۆمبێلی مۆدێل به‌رز و تایبه‌ت لاى هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان بووه‌ته دیارده و چاولێكه‌ری، ژماره‌یه‌كی زۆر ماڵبات هه‌ن زیاتر له ئۆتۆمبێلێكیان هه‌یه، ته‌نانه‌ت ژن و مێرد هه‌ن هه‌ریه‌ك ئۆتۆمبێلی خۆی هه‌یه، به‌ڵام خه‌ڵك پاساوی ده‌ستبه‌جێی خۆی هه‌یه كه "سیستمی گواستنه‌وه‌ی گشتى زۆر كۆنه و به هه‌موو شوێنكیشدی تێناپه‌ڕێت".
عومه‌ر ئه‌حمه‌د هاووڵاتییه‌كی دانیشتووی هه‌ڵه‌بجه‌یه له "وشه" باس له‌وه ده‌كات كه هێڵه‌كانی ناوشار ژماره‌یان كه‌مه و گه‌ڕه‌ك هه‌یه پاسی بۆ ناچێت. به‌گوته‌ی خۆی "ناچارین په‌نا بۆ به‌كارهێنانی ئۆتۆمبێلی خۆمان ببه‌ین".
عه‌بدولڕه‌زاق نهێلی هاووڵاتییه‌كی نیشته‌جێی دهۆك، بۆ "وشه" روونی كرده‌وه كه گواستنه‌وه‌ی گشتى كێشه‌ی زۆری هه‌یه و پێویستی به رێكخستنه‌وه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا بوونی ترافیكی زۆر و ته‌سكی شه‌قام هۆكارێكی ترن له دره‌نگ گه‌یشتنی هاووڵاتییان بۆ شوێنی كار.
به‌ڵام هه‌ورامان محه‌مه‌د هاووڵاتییه‌كی شاری سلێمانییه، تیشك ده‌خاته سه‌ر یه‌كێك له سه‌ره‌كیترین كێشه‌كانی گواستنه‌وه‌ی گشتى، ئه‌ویش ده‌رنه‌چوونی پاسه‌كانن له گه‌راجی چاوه‌ڕوانی سه‌رنشین. وه‌ك هه‌ورامان به"وشه"ی گوت "تا پڕ نه‌بن ناجووڵێن، ئه‌مه‌ش وای كردووه نه‌توانرێ به باشی سوودی لێ وه‌رگیرێت".
زۆرجار به ناچاری به تاكسى ده‌چم بۆ ده‌وام
هه‌ورامان ك
ه فه‌رمانبه‌ری یه‌كێك له دامه‌زراوه‌كانی حكوومه‌ته، گوتی "زۆرجار به ناچاری به تاكسى ده‌چم بۆ ده‌وام". هۆكاره‌كه‌یشی ئه‌وه‌یه "سیستمی هێڵه‌كانی پاسی زۆر دواكه‌وتوون و له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتن و فراوانبوونی شار ناگونجێن".
شه‌ماڵ حه‌یده‌ر یه‌كێكه له‌و كاسبكارانه‌ی به ئۆتۆمبێلی خۆی ده‌چێته سه‌ر كار، هۆی به‌كارهێنانی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی بۆ ترس له دره‌نگكه‌وتنی پاس و مانه‌وه‌ی له كاتى گه‌ڕانه‌وه گه‌ڕانده‌وه كه دوای بانگی مه‌غریب، ئیتر پاس قڕانیان تێده‌كه‌وێ و خه‌ڵك ناچارن روو له تاكسی بكه‌ن.
به"وشه"ی راگه‌یاند "سیستمه‌كه كۆنه و پێویستى به گۆڕانكاری هه‌یه، ئه‌گه‌ر رێكبخرێت، جه‌نجاڵی شه‌قامیش كه‌م ده‌بێته‌وه".
شێرزاد ئیسماعیل گه‌نجێكى دووكانداره له سۆران، دووپاتی ده‌كاته‌وه كه نه‌بوونی پاس و گواستنه‌وه‌ی گشتى له سۆران، وایكردووه به ئۆتۆمبێلی تایبه‌تى خۆی هاتوچۆ بكات.
شێرزاد بۆ "وشه" ئاماژه‌ی به‌وه دا "تاكسی تێچووی زۆره، ئۆتۆمبێلی خۆیشم ناچارم له گه‌راج رایگرم، بۆیه ئه‌گه‌ر پاس و گواستنه‌وه‌ی گشتى هه‌بێت ئه‌و خه‌رجییه زۆره‌م له كۆڵ ده‌بێته‌وه".
هه‌موویان ده‌ڵێن سیستم كۆنه
ته‌واوی به‌ڕێوه‌به‌رانی گواستنه‌وه‌ی شاره‌كان كۆكن له‌سه‌ر كۆنیی سیستمه‌كه، ته‌نانه‌ت خۆیشیان ددان به بوونی كه‌موكوڕیدا ده‌نێن تا ئاستی ده‌ستوه‌ردانی حزبی كه به یه‌كێك له به‌ربه‌سته‌كانی رێكخستنه‌وه‌ی سیستمی گواستنه‌وه‌ی داده‌نێنن.
ئه‌وه‌ى ئێسته كاری پێ ده‌كرێت له هیچ شوێنێك نه‌ماوه
سدیق محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی گواستنه‌وه‌ی سلێمانی، به"وشه"ی راگه‌یاند، سیستمه‌كه پێویستی به گۆڕین هه‌یه، ئه‌وه‌ی ئێسته كاری پێ ده‌كرێت له‌سه‌ر بنه‌مای بوونی نه‌فه‌ره له به‌یانی تا ئێواره، واته ته‌نیا 12 سه‌عات كا
ر ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌یش له هیچ شوێنێك نه‌ماوه و كاری پێ ناكرێت و سیستمی نوێ 24 سه‌عاتییه.
زیاتر گوتی "باشترین سیستم بۆ سلێمانی كه جێبه‌جێ بكرێت، سیستمی كاته، له‌و شوێنه‌ی پاس ده‌ست به ڕۆیشتن ده‌كات، ده‌بێت نێوانی ده‌رچوونی دوو پاس كه‌متر له 10 خوله‌ك بێت بۆ ئه‌وه‌ی هاووڵاتی و ئه‌وانه‌ی كار ده‌كه‌ن سوودی لێ وه‌ربگرن، به‌وه‌ش هاووڵاتی دوور ده‌كه‌وێته‌وه له به‌كارهێنانی ئۆتۆمبێلی تایبه‌ت".
كۆنی سیستمه‌كه یه‌كێك له هۆكاره‌كانی جه‌نجاڵی شه‌قامه
خوشه‌ڤی عه‌بدوڵا به‌ڕێوه‌به‌ری گواستنه‌وه‌ی دهۆك بۆ "وشه" ئه‌وه‌ی خسته ڕوو، كۆنی سیستمه‌كه یه‌كێكه له هۆكاره‌كانی جه‌نجاڵی و قه‌ره‌باڵغی شه‌قام، بۆیه پێویسته بیر له شتی تر بكرێته‌وه وه‌ك پاسی گه‌وره.
روونی كرده‌وه "دهۆك شارێكی بچووكه، به بڕوای من ئێسته پێویستی به هێڵی گواستنه‌وه‌ی 24 سه‌عاتی نییه".
ڕێبین مه‌حموود ڕه‌زا لێپرسراوی هۆبه‌ی گواستنه‌وه له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گواستنه‌وه‌ی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه، باس له مساته‌رپلانی پێنج ساڵه‌ى گواستنه‌وه ده‌كات له شاره‌كه‌ی كه ناردوویانه بۆ وه‌زاره‌تى گواستنه‌وه به مه‌به‌ستى گۆڕینی سیستمی هاتوچۆ. به"وشه"ی گوت، "به‌ڵام هێشتا كاری له‌سه‌ر نه‌كراوه".
به قسه‌ى رێبین مه‌حموود، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى هه‌ڵه‌بجه چوار هێڵی ناوخۆیی تێدایه، دووانی تریش به‌هۆی نه‌بوونی سه‌رنشین داخراون.
"ده‌ستوه‌ردانی حزبی یه‌كێكه له رێگرییه‌كان كه وایكردووه نه‌توانین رێوشوێن دژ به خاوه‌ن پاس بگرینه به‌ر له پابه‌ند نه‌بوونیان به كاتی گه‌یشتن، واته ئه‌وان پابه‌ندی رێنوێنییه‌كانی گواستنه‌وه نابن و ئێمه‌یش ناتوانین لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌ین" رێبین وای گوت.
سۆران.. پاسی لێ نییه
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ى شارۆكه‌ی سۆران دانیشتووانه‌كه‌ی زیاتر له 200 هه‌زار كه‌سن، به‌ڵام هیچ پاسێك له‌م ده‌ڤه‌ره به‌رفراوانه بوونی نییه، یه‌كێكی تر له دیارده هه‌ره ناشیرینه‌كانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره كاركردنی ئۆتۆمبێلی تایبه‌ته وه‌ك تاكسی بۆ گواستنه‌وه‌ی خه‌ڵك.
عه‌لى عه‌بدولڕه‌حمان به‌ڕێوه‌به‌رى گواستنه‌وه و گه‌یاندنى سۆران، به"وشه"ی راگه‌یاند، "هه‌موو كارئاسانییه‌كمان كردووه بۆ كردنه‌وه‌ی هێڵی گواستنه‌وه‌ی پاس له ناوخۆی سۆران، به‌ڵام ئه‌مه كه‌رتی گشتییه و ده‌بێ ئه‌وان ده‌ستپێشخه‌ری بكه‌ن، جێى سه‌رسوڕمانه هیچ داواكارییه‌كى كاركردنى پاسمان بۆ نه‌هاتووه، ئه‌مه‌ش وایكردووه هاووڵاتییان و فه‌رمانبه‌رو قوتابی پاره‌یه‌كى زۆر له تاكسى خه‌رج بكه‌ن".
عه‌لی زیاتر گوتی "ته‌نانه‌ت له سۆران هیچ تێرمیناڵێك نییه، ئه‌گه‌رچی ناوچه‌یه‌كی گه‌شتیاری به‌رفراوانی هه‌یه".
سۆران /110كم له باكورى رۆژهه‌ڵاتى هه‌ولێر/ له رووى كارگێڕییه‌وه سه‌ربه پارێزگاى هه‌ولێره و زیاتر له 200 هه‌زار نیشته‌جێی هه‌یه.
به‌پێى ئامارى گواستنه‌وه‌ى سۆران، له‌و شارۆكه‌یه 13 هێڵى ده‌ره‌وه هه‌ن كه كارى گواستنه‌وه‌ى هاووڵاتییان له سۆران بۆ شاره‌كانى تر و به‌پێچه‌وانه‌یشه‌وه به‌ئه‌نجام ده‌گه‌یه‌نن، ته‌نیا 30 پاس له هێڵى سۆران بۆ هه‌ولێر كارى گواستنه‌وه‌ى هاووڵاتییان ده‌كه‌ن، له كاتێكدا 350 تاكسى له هێڵه‌كانى سۆران بۆ ده‌ره‌وه و ده‌وروبه‌رى كار ده‌كه‌ن .
سه‌ڵاح جه‌وهه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی گواستنه‌وه دووپاتی ده‌كاته‌وه كه ده‌مێكه به‌رنامه‌ی سیستمی پاس هه‌یه، به‌ڵام به‌هۆی ته‌نگژه‌ى دارایی راگیراوه، ئومێد ده‌كه‌ین حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بودجه‌ى بۆ ته‌رخان بكات.
زیاتر گوتی "پڕۆژه‌كه 24 سه‌عاتییه و تا ئاستێكی زۆر جه‌نجاڵی شه‌قام كه‌م ده‌كاته‌وه، سیستمه نوێیه‌كه، پاسی بچووك، مامناوه‌ندی و گه‌وره‌ی تێدایه، گه‌وره‌كه جێى 106 نه‌فه‌ر ده‌كاته‌وه".
عه‌بدولخالق عه‌لی به‌ڕێوه‌به‌ری گواستنه‌وه‌ی هه‌ولێر ئه‌وه ده‌خاته ڕوو كه له ساڵی 2016 و 2017، پڕۆژه‌ى ستى پاس بۆ شاری هه‌ولێر له‌لایه‌ن كۆمپانیایه‌كی ئیتاڵی دیزاین كراوه، به‌ڵام به‌هۆی ته‌نگژه‌ى دارایی دواكه‌وت.
زیاتر روونی كرده‌وه، "وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه له هه‌وڵدایه له‌رێی وه‌به‌رهێنانه‌وه پڕۆژه‌كه جێبه‌جێ بكات، سیستمه‌كه ئه‌لیكترۆنییه و له ترافیك ناوه‌ستێ و له‌كاتی خۆیدا ده‌گه‌ن".
وشه/راپۆرتى په‌یامنێران
ئامادەکردنی/ فەرمان سادق