عێراق.. هێزە سیاسییە سوننەكان هەڵوێستیان بەرانبەر بە خۆپێشاندانەكان راگەیاند

:: PM:05:34:12/11/2019 ‌

خۆپێشاندانەكانی عێراق بەردەوامن و ئەوانەی لە گۆڕەپانەكەن تەنیا لەسەر شیعەی عێراق حسێب دەكرێن، ئەوان دەڵێن داوای بنیاتنانی دەوڵەتێكی نوێی پاك و دوور لە دەستی دەرەكی و گەندەڵی پارتە سیاسییەكان دەكەین، جیا لە كورد كە بە وریاییەوە چاودێری دۆخەكە دەكات، پارتە سیاسییە شیعەكان پاڵپشتی لە هێوربوونەوەی دۆخەكە دەكەن، لەو ناوەدا پارتە سیاسییە سوننەكان ئەوانیش پاڵپشتی خۆیان لە گفتوگۆی پێكهاتەكان و بەشێك لە داواكاری خۆپێشاندەران و چاكسازییەكانی پەرلەمان دەكەن، هاوكات ترسیان لە لەدەستدانی دەستكەوتەكانیان هەیە.

ناڕوونی بەرنامەی خۆپێشاندەران كورد و سوننەی تووشی نیگەرانی كردووە
بەپێی بەیاننامەیەكی هاوپەیمانی هێزە عێراقییەكان، كە زۆرینەی هێزە سیاسییە سوننەكانی كۆ كردووەتەوە، هاوپەیمانیەتییەكە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر دۆخەكە و دەربڕینی هەڵوێست كۆبووەتەوە و دووپاتیان كردووەتەوە كە لەگەڵ داواكاری خۆپێشاندەرانی ئاشتیخوازن كە بەرجەستەی دۆخی خراپی بژێوی و نەهامەتی عێراقییەكان دەكات و ساڵانێكە بەرگەی نەهامەتیان گرتووە و قوربانی زۆریان داوە، بۆیە داوا لە حكوومەت دەكەین داوای خۆپێشاندەران جێبەجێ بكات.   

وەك لە بەیاننامەكەدا هاتووە، هاوپەیمانیەتییەكە ئامادەیە بۆ كاركردن لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی تر بۆ ئەنجامدانی چاكسازی ریشەیی، لەوانە دەركردنی ئەو یاسایانەی پێویستییەكانی گەلی عێراق دابین دەكات، هاوكات پێویستە خۆپێشاندەران پارێزگاری لە ئاشتیانەی خۆپێشاندانەكان بكەنەوە و هێرش نەكەنە سەر موڵكوماڵی گشتی و هێزە تەناهییەكانەوە.

لەوكاتەی داوایان لە حكوومەت كرد رێوشوێنی گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ شوێنی خۆیان لە ناوچە ئازادكراوەكان لە داعش و قەربووكردنەوەیان خێراتر بكات و دۆسیەی كەسانی شوێنبزركراو یەكلا بكاتەوە و ئەو ناوچانە زوو ئاوەدان بكرێنەوە، بێ ئەوەی ئەوان ئاماژە بۆ لێپرسینەوە و لادانی حكوومەت و هەڵبژاردنی پێشوەختە بكەن. 

خۆپێشاندانەكان تەنیا كێشەی لەناو ماڵی شیعە دروست نەكردووە كە شەقامی شیعە بە روونی دەسەڵاتی چەندین ساڵەی سیاسەتوان و هێزە سیاسییە شیعەكانی سەر بە ئێران رەت دەكەنەوە و بە سەرچاوەی نەهامەتی خۆیانی دەزانن، بەو هۆیەی خۆپێشاندەران داوای گۆڕینی رژێمی فەرمانڕەوایی و دەستووری عێراق و هەڵبژاردنی پێشوەختە دوور لەو پارتە سیاسیانە و هەموواری یاسای هەڵبژاردن و پارتە سیاسییەكان دەكەن، ئەوانە وایان كردووە كورد و سوننە ئەوانیش بە وریاییەوە سەیری دۆخەكە بكەن، ئەوەشی دۆخەكەی زیاتر ئاڵۆز كردووە تا ئێستە پەرنامە و ئاراستەی سەركردایەتی خۆپێشاندەران دیار نییە.       





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل