سلێمانی.. 100 هەزار واژۆ بۆ ڕۆژئاوای کوردستان کۆدەکرێتەوە

:: PM:07:12:12/11/2019 ‌

لیژنەی دۆکیۆمێنتکردنی تاوانەکانی جینۆسایدی میللەتی کورد بە هاوبەشیی نوێنەرایەتیی ڕۆژئاوای کوردستان لە باشووری کوردستان، هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی 100 هەزار واژۆیان ڕاگەیاند، ئەمەیش بۆ ناساندنی تاوانەکانی تورکیا لە ڕۆژئاوای کوردستان.

ئەمڕۆ دووشەم (12ی تشریبی دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ر) لە شاری سلێمانی، هەڵمەتێک ڕاگەیەندرا کە تێیدا 100 هەزار واژۆ کۆ دەکرێتەوە و پاشان دەدرێتە دادگای نێودەوڵەتی تا بەپێی ئەو واژۆیانە کە سەلمێنەری ئەوەن کە دەوڵەتی تورکیا لە ڕۆژئاوای کوردستان چەکی قەدەغەکراوی بەکار هێناوە و هاوڵاتیانی مەدەنی دەکەنە ئامانج و دەیانکوژن و برینداریان دەکەن.

محەمەد شیراز، سەرۆکی لیژنەی دۆکیۆمێنتکردنی تاوانەکانی جینۆسایدی میللەتی کورد سەبارەت بە هەڵمەتەکە بە "وشە"ی گوت، سەبارەت بەو تاوانانەی بەرانبەر بە کوردانی ڕۆژئاوا کراوە، هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی 100 هەزار واژۆمان دەست پێ کردووە و سەردانی کەمپی ئاوارەکان دەکەین و واژۆ لە ئاوارەکان وەردەگرین، هەروەها لە هەمان کاتدا لیژنەشمان لە ڕۆژئاوای کوردستان هەیە و واژۆ کۆ دەکەنەوە.

ئه‌وه‌شی گوت: واژۆکان لەو کەسانە وەردەگرین کە زەرەرمەند بوون لە بۆردومانی تورکیا و بێ ماڵ و حاڵ بوون و ماڵیان داگیرکراوە و چەکی قەدەغەکراویان بەرانبەر بەکار هاتووە، کە لە ئەنجامی ئەو چەکە قەدەغەکراوەدا 30 هاووڵاتی مەدەنیی شەهید و بریندار بوون، کە لەنێوانیاندا منداڵ هەبوون.

ئاماژەی بەوەش دا: سەرجەم واژۆ کۆکراوەکان دەبەینە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بە ئامادەبوونی یەکێک لە بریندارەکانی چەکی قەدەغەکراو، ئەو بریندارە خۆی بەڵگە و دۆکۆمێنتەکان دەداتە دادگا تاوەکو بە جینۆساید بناسێنرێت و قەرەبو ئەو بریندار و ئاوارانە بکاتەوە.

لیژنەی دۆکیۆمێنتکردنی تاوانەکانی جینۆسایدی میلەتی کورد لە ساڵی 2010 دامەزراوە و نوێنەری هەرچوار پارچەی کوردستان لە لیژنەکەدا هەن و بێلایەنانە کار دەکەن و بەرگریی لە مافی کورد دەکەن، کوردی هەرچوار پارچەی کوردستان لە هەرشوێنێکی جیهان کە بە ناهەق زوڵمیان لێدەکرێت و تووشی ئەشکنەجە و جینۆساید دەبنەوە، ئەوا لەلایەن ئەو لیژنەیەوە کاری لەسەر دەکرێت و کەیسەکەی دەبرێتە دادگا نێودەوڵەتیەکان و هەوڵی بە جینۆسایدکرنی دەدرێت و قەرەبوویان دەکەنەوە.

سلێمانی – ئاریان محەمەد



وشە - كوردۆ شابان