گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ئاشكرای كرد، كه مایك پۆمپیۆی وه‌زیری ده‌ره‌وه هۆشداری به عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق داوه، له مامه‌ڵه‌كردنی هێزه ته‌ناهییه‌كان له‌گه‌ڵ خۆپێشانده‌ران و ئه‌مه‌ی به پێشێلكارییه‌كی ڕوونی مافی مرۆڤ ناوبردووه.
مۆرگان
ئۆرتاگۆس گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ئاشكرای كرد، كه پۆمپیۆ له ڕێی ته‌له‌فۆنه‌وه گفتوگۆی له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئه‌نجام دا و داخ و نیگه‌رانی خۆی ده‌ربڕی به‌هۆی كوشتنی ئه‌و ژماره زۆره‌ی خۆپێشانده‌ران، كه حكوومه‌تی به‌غدا و هێزه ته‌ناهییه‌كان له ئه‌نجامی ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی خۆپێشانده‌ران له ڕێی گولـله‌ی زیندووه‌وه به‌رپایان كردووه.
ئه‌و نیگه‌رانی ده‌ربڕینه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ كوشتنی خۆپێشانده‌ران له كاتێكدایه كه دوێنێ موقته‌دا سه‌در ڕێبه‌ری ڕه‌وتی سائیروون به توندی هه‌ڕه‌شه‌ی له ئه‌مه‌ریكا كرد و دووپاتی كرده‌وه كه ڕێ ناده‌ن واشنتن سواری سه‌ر شه‌پۆله‌كه ببێ و ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكایش له‌م ده‌ستوه‌ردانه نه‌وه‌ستێت، ئه‌وا ئه‌وانیش ده‌سته‌وه‌ستان نابن و هه‌ڵوێستی كرداری تریان ده‌بێت.
له به‌رانبه‌ر ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ی موقته‌دا سه‌در به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی
ئه‌مه‌ریكا له ڕێی كه‌ناڵی "ئه‌لحوڕه"ی ئه‌مه‌ریكی وه‌ڵامی موقته‌دا سه‌دری داوه‌ته‌وه و دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه، كه ئه‌مه‌ریكا هیچ كات ده‌ستی له پشت خۆپێشاندانه‌كانه‌وه نییه، به پێچه‌وانه‌ی ئێران كه هه‌میشه ئه‌مه خواست و كاری ئه‌وان بووه، واشنتن عێراقێكی به‌هێز و گه‌شه‌سه‌ندووی ده‌وێت. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش هاوكاری عێراق ده‌كات.
له مانگی ئۆكتۆبه‌ر/ تشرینی یه‌كه‌می ڕابردوو خۆپێشاندان شاره‌كانی باشوور و به‌غدای پایته‌ختی عێراقی گرتووه‌ته‌وه و تا ئێسته‌یش به‌رده‌وامی هه‌یه، به گوێره‌ی ئاماره‌كانیش تا ئێسته زیاتر له 300 كه‌س كوژراون و شه‌ش هه‌زار كه‌سی تریش برینداربوون، ئه‌مه‌یش ڕێكخراوه مرۆییه‌كانی هێناوه‌ته ده‌نگ و به توندی سه‌ركۆنه‌ی كوشتن و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی خۆپێشانده‌ران ده‌كه‌ن.