نرخی نەوت دابەزی

:: AM:09:27:13/11/2019 ‌

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا لە دابەزیندایە و لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا كە هەفتەبازاڕی بۆرسە كراوەتەوە، نزیكەی یەك دۆلار لە نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی برێنت دابەزیوە.
ئێستە هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە 62 دۆلار دەفرۆشرێت.

بەگوێرەی livechart هەفتەی رابردوو نرخی هەر بەرمیلێك نەوت بە نزیكەی 63 دۆلار داخرابوو، بەڵام لە گەڵ كردنەوەی بازاڕەكە نرخەكەی رووی لە دابەزین كرد و ئەم دابەزینەش تا ئەمڕۆ چوارشەم بەردەوام بووە. ئێستە هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە 62 دۆلار دەفرۆشرێت.

دەگوترێ خستنەڕووی نەوتی زیاتر لە لایەن سعوودیەوە بە گرنگترین هۆكاری دابەزینی نرخی نەوت هەژمار دەكرێت. سعوودیە كە ماوەی رابردوو بەهۆی هێرشكردنە سەر دامەزراوەكانی نەوت قەبارەی هەناردەی بۆ نیوە دابەزیبوو، توانیویەتی دۆخەكە ئاسایی بكاتەوە نەوتی زیاتر بخاتە بازاڕەوە.

هەر جۆرە خستنەڕوویەكی زیاتری نەوت بۆ بازاڕ دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی نەوت. هۆكارێك كە لە ساڵی 2015 نرخی نەوتی بۆ خوارووی 28 دۆلار دابەزاند.

هۆكارێكی تری دابەزینی نرخی نەوت لە دوو رۆژی رابردوودا بۆ ساردبوونەوەی گفتوگۆكانی نێوان ئەمەریكا و چین دەگەڕێتەوە و هەر جۆرە نائومێدییەك لە رەوتی ئەو گفتوگۆیانە دەبێتە هۆی دابەزینی نرخی نەوت چونكە كاریگەری ئەرێنی یان نەرێنی بۆ سەر پەرەپێدانی پیشەسازیی دنیا دەبێت.




وشە - سلێمان تاشان