هەر یاریزانێكی عێراقی گۆڵ لە هەڵبژاردەی ئێران بكات شوقەیەكی پێ دەدرێ

:: PM:12:02:13/11/2019 ‌

هەر یاریزانێكی هەڵبژاردەی عێراق ئەگەر گۆڵێك لە دەروازەی ئێران بكات، ئەوا لە بری هەر گۆڵێك یەك شوقەی پێ دەدرێت. ئەمە دیاری بازرگانێكی عێراقییە بۆ هەر یاریزانێك بتوانێ گۆڵێك لە هەڵبژاردەی ئێران بكات. یارییەكە بڕیارە سبەی پێنجشەم بەڕێوە بچێت كە بە یارییەكی گرنگ بۆ ئامادەكارییەكانی پاڵەوانیەتی تۆپی پێی ساڵی 2022 ی قەتەڕ هەژمار دەكرێت.

ئەو شوقەیەی بڕیارە وەك دیاری بە یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق بدرێت، كەوتووەتە سەنتەری بەغدای پایتەختی عێراق و 90 هەزار دۆلار نرخیەتی.

"عەسرێ ئیران" لە زاری عێراق سپۆرت ئەم زانیارییەی بڵاو كردەوە و دەگوترێ مەبەستی ئەو بازرگانە عێراقییە كە ناوەكەی ئاشكرا نەكردووە، ئەوەیە هانی زیاتری یاریزانانی هەڵبژاردەی وڵاتەكەی بدات بۆ ئەوەی بەسەر هەڵبژاردەی ئێراندا زاڵ بێت.
عێراق لە پلەی یەكەمی گرووپی C ئامادەكارییەكان بۆ بەشداری لە جامی جیهانیی 2022ی قەتەڕ

عێراق لە پلەی یەكەمی گرووپی C ئامادەكارییەكان بۆ بەشداری لە جامی جیهانیی 2022ی قەتەڕ هەڵكەوتووە و خاوەنی حەوت خاڵە.

یاریی نێوان  هەڵبژاردەی ئێران و عێراق لە كاتێكدا دەكرێ كە عێراق بەهۆی خۆپێشاندانەكان تووشی ئاڵۆزی بووە و دروشمی سەرەكی بەشێك لە خۆپێشاندەرانیش دژی دەستێوەردانەكانی ئێرانە لە كاروباری ناوخۆی وڵاتەكەیان.

هەندێك میدیا باسیان لەوە كردووە كە سبەی یارییەكە راستەوخۆ لە مەیدانی تەحریر بۆ خۆپێشاندەران دەگوازرێتەوە.



وشە - سلێمان تاشان