ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێكه نرخی چیمه‌نتۆی ناوخۆ به‌رز بووه‌ته‌وه و بازرگانێكی بواره‌كه‌ش ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، خواستێكی زۆر له‌سه‌ر چیمه‌نتۆی ناوخۆ هه‌یه و به‌شێكی زۆریش بۆ ناوچه‌كانی عێراق ده‌ڕوات و ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانیش بانگهێشتی به‌ڕێوه‌به‌ری پیشه‌سازی و بازرگانی سلێمانی ده‌كات.
لە ماوەی چەند رۆژدا تۆنێک چیمەنتۆی تاسلوجە حەوت دۆلار گران بووە
ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 13ی تشرینی دووه‌م حاجی كامیل سه‌مین بازرگانی چیمه‌نتۆ به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، ماوه‌یه‌كه نرخی چیمه‌نتۆی ناوخۆ واته چیمه‌نتۆی تاسڵووجه به‌رز بووه‌ته‌وه و هۆكاره‌كه‌شی پێوه‌سته به ڕاگرتنی هاورده‌ی چیمه‌نتۆی ئێرانی، چونكه هاورده‌ی چیمه‌نتۆی ئێران بۆ هه‌رێم و سنووری سلێمانی وه‌ستاوه.
زیاتر روونی ده‌كاته‌وه، پێش گرانبوونی نرخه‌كه، یه‌ك تۆ‌ن چیمه‌نتۆی تاسڵووجه به 55 دۆلار بوو، به‌ڵام ئێسته گه‌یشتووه‌ته 62 دۆلار، ئه‌گه‌رچی وه‌رزی زستانه، به‌ڵام خواستێكی زۆری له‌سه‌ره و به‌شێك له‌و چیمه‌نتۆیه‌ش بۆ ناوچه‌كانی عێراق ده‌ڕوات.
كه‌ریم عه‌لی سه‌رۆكی لیژنه‌ی پیشه‌سازی له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، ئاگاداری گرانبوونی نرخی چیمه‌نتۆی ناوخۆیین و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته هه‌فته‌ی داهاتوو میوانداری به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شه‌پێدانی پیشه‌سازی سلێمانی و لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌كان ده‌كه‌ین له باره‌ی گرانی نرخه و ڕێگرتن له قۆرخكاری.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی