وادەی گەیشتنی بودجەی 2020ی عێراق بۆ پەرلەمان ئاشكرا دەبێت

:: PM:06:25:13/11/2019 ‌

لەوكاتەی بڕیاربوو پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی 2020ی عێراق لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەكەمی رابردوو لەلایەن حكوومەت تەواو كرابووایە و رەوانەی پەرلەمان بكرایە بۆ تاوتوێكردن و خوێندنەوە و دەنگدان لەسەری، بەڵام بەهۆی خۆپێشاندانەكانەوە دوا كەوت و پەرلەمانتارێك وادەی گەیشتنی پڕۆژەكە بۆ پەرلەمان ئاشكرا دەكات.

داواكاری خۆپێشاندەران لە بودجە وەڵام دراوەتەوە
لەوكاتەی هەواڵەكان پێشتر باسی ئەوەیان كرد كە پڕۆژە یاسای بودجەی 2020ی عێراق لەلایەن حكوومەتەوە زۆرینەی تەواو كراوە و تەنیا لەسەر رێككەوتنی هەرێمی كوردستان و بەغدا لەسەر رادەستكردنی بڕی دیاریكراوی نەوتی هەرێم و دیاریكردنی پشكی بودجەی هەرێم ماوە، بەهۆی دەست پێكردنی خۆپێشاندانەكان و بڕیارەكانی حكوومەت بۆ دامەزراندن و دابینكردنی هەلی كار و مووچە وەك وەڵامدانەوەی داواكاری خۆپێشاندەران، پڕۆژەكە لای حكوومەت مایەوە.

سوهام شنوون، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەم رای گەیاند كە دواكەوتنی رەوانەكردنی بودجەی 2020 بۆ پەرلەمان بەهۆی زیادكردنی داواكاری خۆپێشاندەران بووە بۆ ناو پڕۆژەكە و جێكردنەوەی بووە، بۆیە زۆرینەی داواكاری ئەوان لە هەلی كار و دامەزراندن لە بودجەی 2020 جێگیر كراوە. 

زیاتر گوتی، دوای ئەو گۆڕانكاریانە بڕیارە حكوومەتی عێراق پێش كۆتایی ئەم مانگە پڕۆژەی بودجە رەوانەی پەرلەمان بكات بەمەبەستی خوێندنەوە و دەنگدان لەسەری، لەوكاتەی پێشتر بڵاو كرایەوە كە قەبارەی بودجەی 2020ی عێراق 139 ترلیۆن دینار دەبێت.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل