"وشە" زانیاریی زیاتر لەسەر هۆكاری گرتنی رۆژنامەنووس ئازاد عوسمان بڵاودەكاتەوە

:: PM:06:47:13/11/2019 ‌
دوای چوار ساڵ لە یەكلانەكردنەوەی دۆسیەیەكی سكاڵا لەسەر ئازاد عوسمان بەڕێوەبەری رادیۆی دەنگ لە گەرمیان و ئازادكردنی بە كەفالەت، دادگای كەلار كەفالەتەكە هەڵدەگرێت و بڕیاری گرتن بۆ رۆژنامەنووسەكە دەردەكات. دڵشاد ئەنوەر دەڵێ، دادگا بەپێی یاسای رۆژنامەگەری مامەڵەی لەگەڵ دۆسیەكە نەكردووە لە كاتێكدا سكاڵایەكە پێوەندارە بە هەواڵێكی بڵاوكراوەی چوار ساڵ پێش ئێستە.

ئەمڕۆ چوارشەم 13ی تشرینی دووەم، دادگای كەتنی كەلار بڕیاری گرتنی بەسەر رۆژنامەنووس ئازاد عوسمان بەڕێوەبەری رادیۆی دەنگ سەپاند.

بڕیاری گرتنەكە لە كاتێكدایە ئازاد عوسمان ئامادەی دانیشتنی دادبینی دۆسیەكەی بوو كە چوار ساڵ زیاتر پێش ئێستە لەلایەن یەكێك لە بەڕێوەبەرانی فەرمانگە حكوومییەكانی گەرمیان لەسەری تۆمار كرابوو.

لەسەر دۆسیەیەكی چوار ساڵ پێش ئێستە ئازاد عوسمان گیراوە و دادگاش بە یاسای سزادانی عێراقی مامەڵە لەگەڵ دۆسیەكەی دەكات


دڵشاد ئەنوەر رۆژنامەنووس لە گەرمیان و هاوڕێی نزیكی ئازاد عوسمان بۆ "وشە" روونی كردەوە، دۆسیەی سكاڵایەكە لەسەر بڵاوكردنەوەی هەواڵێك بووە كە ساڵی 2015 لەلایەن رادیۆی دەنگ بڵاوكراوەتەوە لەسەر پڕۆژەی شەقامی پشتێنەی كەلار كە ئەودەم باخچەیەك كەوتبووە ناو پڕۆژەكە و بەر شەقامەكە دەكەوت، بەڵام باخچەكە تێك نەدراوە و بووە بەربەست لەبەردەم جێبەجێكردنی پڕۆژەكە.

زیاتر گوتی "رادیۆی دەنگ لەسەر ئەو پرسە هەواڵێكی بڵاوكردەوە، بەڕێوەبەرەكەش سكاڵای تۆمار كرد كە باخچەكە هی باوكیەتی نەك خۆی".

لەسەر سكاڵای بەڕێوەبەرەكە دۆسیە كرایەوە و ئازاد عوسمان بە كەفالەت ئازادكرا، بەڵام "دوای چوار دادبینی لە ماوەی ئەو چوار ساڵەی تێپەڕیوە، ئازاد عوسمان لە هەموو دادبینییەكان ئامادە بووە، لە دوو دادبینیش لایەنی بەرانبەر ئامادە نەبوون". دڵشاد ئەنوەر وادەڵێ، ئەوەیشی خستەڕوو، ئەگەرچی سكاڵایەكە لەسەر هەواڵێكی رۆژنامەوانی بووە، بەڵام دادگا بە یاسای سزادانی عێراقی مامەڵە لەگەڵ دۆسیەكە دەكات و پشتی لە یاسای كاری رۆژنامەوانی كردووە كە دەبێت ئەو سكاڵایانەی پێوەندارن بە رۆژنامەنووسان و بابەتە میدیاییەكان لەسەر بنەمای ئەو یاسایە مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت.

بە قسەی دڵشاد ئەنوەر بێت،  ئێستە شەقامەكە تەواوكراوە و باخچەكەش بەر شەقامەكە كەوتووە و خاوەنەكەشی قەرەبووی وەرگرتووەتەوە، بەڵام هێشتا دۆسیەكە لە دادگا یەكلا نەكراوەتەوە، گوتی "لە هەوڵداین سبەی پێنجشەم بە كەفالەت جارێكی تر ئازاد عوسمان ئازاد بكەینەوە و دادبینی داهاتووش رۆژی دووشەم دەبێت".



وشە - فه‌رمان سادق