هەرێمی كوردستان 28 بانكی پسپۆڕیی هەیە، بەڵام هیچیان توانای پێدانی قەرزیان نییە

:: AM:09:08:14/11/2019 ‌
قەرزی بانكی هۆكارێكی كاریگەر لە گەشەی ئابووری كە هەرێمی كوردستان پشتی پێ نەبەستووە

گرنگترین هۆكار بۆ پێشخستنی ئابووری و جموجووڵی دارایی و خوڵقاندنی دەرفەتی كار و پەرەپێدانی بەرهەمهێنان لە هەموو وڵاتێك، گرێ دراوە بەوەی ئەو وڵاتە تا چەند توانیویەتی جووڵە بە دراو بكات و لە سەرمایە سەرمایە بەرهەم بێنێت، ئەمەش بە پشتبەستن بە دامەزراوەی دارایی بانك دەكرێ، كە هەرێمی كوردستان لێی بێبەشە و هێشتا هەست بە بایەخی ئەم كەرتە نەكراوە.

بانكەكان رۆڵی زۆر كاریگەر دەگێڕن لە پێشخستنی ئابووری و ئەگەر سەرنجی وڵاتانی پێشكەوتوو بدرێ، لە رێی سیاسەتی دارایی و بانكەوە دەتوانن بە تەواوی كۆنترۆڵی بازاڕی دارایی بكەن و بە بڕیارێك لە پڕ ئابوورییەكە پەرە پێ بدەن، بە بڕیارێكی تر رێگری لە زۆربوونی پارە و روودانی هەڵاوسان و هەرجۆرە كاریگەرییەكی نەرێنیی تری پێوەندیدار بە ئاڵوگۆڕی دراو، بكەن.

یەكێك لە گرنگترین ئەو وڵاتانەی دامەزراوەی بانك تێیدا رۆڵی سەرەكی دەگێڕێت و وەك دامەزراوەیەكی 100% سەربەخۆ كارەكانی خۆی بەشێوەیەكی زانستییانەی دارایی رادەپەڕێنێت، ئەمەریكایە. 

ئەو وڵاتە لە رێی بانكی ناوەندی سیاسەتی دارایی وڵات دیاری دەكرێت. بانكی فیدراڵی ئەمەریكا بە پارەداركردنی بانك و كۆمپانیاكان بە پارە لەسەر بنەمای رێژەیەكی دیاریكراوی سوود، رۆڵی هەیە لە رێكخستنی بازاڕی دارایی و گەشەی ئابووری. 

بۆ نموونە، هەر مانگی رابردوو ئەو وڵاتە بە ئامانجی پەرەپێدانی زیاتری گەشەی ئابووری، بڕیاری دا رێژەی سوودی بانكی كەم بكاتەوە. بڕیاری دابەزاندنی رێژەی سوودی بانكی بۆ یەكەم جار دوای 10 ساڵ درا و ئێستە رێژەی سوودی بانكی ئەمەریكا 2.25%ـە كە پێشتر 2.5% بوو.

سەرۆكی بانكی ناوەندیی ئەمەریكا هۆی دابەزاندنی رێژەی سوودی بانكی بۆ لاوازیی گەشەی ئابووری لە دنیا و گۆڕانكارییەكانی پێوەندیدار بە سیاسەتی دەرەكی ئەمەریكا گەڕاندووەتەوە. 

كاتی گەشەی ئابووری بانكی ناوەندی رێژەی سوود بەرز دەكاتەوە، بەڵام لە كاتی دابەزینی گەشەی ئابووری، بانكی ناوەندی لەپێناو ئەوەی بانكەكان توانای زیاتریان هەبێت لەوەی پارە بخەنە بازاڕەوە، رێژەی سوود كەم دەكەنەوە.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێ خۆی پارەیەكی یەدەگ لە بانكی ناوەند دابنێت و بە رێژەیەكی دیاریكراو بیخاتە خزمەت بانكەكانی كەرتی تایبەت و كۆمپانیا و وەبەرهێنەران، لەو كاتەیشدا جووڵە دەكەوێتە بازاڕەوە، چونكە توانای بانك بۆ پارەداركردنی پڕۆژەكانیان و وەبەرهێنەرانیش، بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكانیان زیاتر دەبێت، ئەمەش راستەوخۆ كاریگەری دەخاتە سەر پەرەپێدانی دەرفەتی كار و سوودی ئابووری بۆ حكوومەت و كەرتی تایبەت.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەك دەوڵەتی سەربەخۆ بانك و یەدەگی دراوی نییە، بەڵام دەیتوانی خۆی ئەمە دروست بكات

دكتۆر ئەرشەد تەها پسپۆڕی ئابووری، بۆ "وشە" روونی دەكاتەوە، راستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەك دەوڵەتی سەربەخۆ بانك و یەدەگی دراوی نییە، بەڵام دەیتوانی خۆی ئەمە دروست بكات و بەگوێرەی تواناكەی سوود لەو بانكە ناوەندییە وەربگرێت كە خۆی دایمەزراندووە.

ئەو دەڵێ، "حكوومەت لە سیستمی دارایی و بانكی ئەزموونێكی شكستخواردووی هەیە، سەرەڕای ئەوەی لە 2003 لانی كەم بۆ ماوەی 10 ساڵ بودجەیەكی زۆری هاتە بەردەست، بەڵام نەیتوانی سندووقێكی یەدەگ دابمەزرێنێت و لە رێی سندووقەكەوە پارە بە قەرز بڕژێنێتە بازاڕ و بانك و كەرتی تایبەتەوە".

دكتۆر ئەرشەد تەها پێی باشە لەمەودوا حكوومەتی هەرێمی كوردستان شكست بۆ سەركەوتن بگۆڕێت و بەخۆیدا بچێتەوە و سیستمی دارایی و بانكی چالاك بكات. بەگوتەی ئەو "دەتوانێ پلانێكی تۆكمە دابنێت و یارمەتی هەموو سێكتەرەكان بدات، تەنانەت ئەگەر ئەو قەرزەی دەیداتە وەبەرهێنەران سوودیشی نەبێت، خۆ راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ قازانج دەكات، هەلی كار بۆ بێكار دەڕەخسێنێت و دەبێتە هۆی ئاوەدانكردنەوە و پەرەپێدانی ئابووری وڵات".

وەك ئەو پسپۆڕە ئابوورییە زیاتر تیشكی خستە سەر، حكوومەت لە رابردوودا دوو هەڵەی گەورەی هەبووە، یەكەم ئەوەیە پشتی بە یەك سەرچاوەی دارایی بەستووە كە نەوت بووە. دووەم داهات و پارەكەی بۆ خەرجییەكان و هەندێكیشی بۆ ئاوەدانكردنەوە و پڕۆژەكان بەكار هێناوە و نەیتوانیوە لە پڕۆژەی ستراتیجیی خەرج بكات.

بۆ نموونە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەر ئێستە 28 بانكی پسپۆڕیی وەك كشتوكاڵی و پیشەسازی هەیە، كەچی هیچكامیان ئەو ئەركە سەرەكییە جێبەجێ ناكەن، هەیانە توانای پێدانی پارە و قەرز بە خەڵك و وەبەرهێنەرانیان هەر نییە.

شیرین حوسێن محەمەد یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پێشینەی بانكە پسپۆڕییەكان، بۆ "وشە" باسی لەوە كرد، تا بڕیاری نوێ لە حكوومەت دەرنەچێت و پارە بۆ بانك رەوانە نەكرێت، ناتوانن هیچ بڕە قەرزێك پێشكەش بكەن. 

ئەو روونی كردەوە كە پێشتر قەرزیان داوەتە هاووڵاتییان و بەشی زۆری ئەو قەرزانەیش نەگەڕێنراونەتەوە.

راستە حكوومەت بە تەنگژەی داراییدا تێپەڕیوە و توانای سنووردار بووە، بەڵام كێشەكە تەنیا لە نەبوونی بودجە نییە، بەڵكو لەوەدایە هێشتا لە كوردستان هەست بە گرنگی رۆڵی بانك لە گەشەپێدانی ئابووری نەكراوە، ئەگەرنا وەك دكتۆر ئەرشەد تەها ئاماژەی پێ دا، "دەكرا لەو ساڵانەی حكوومەت پارەی زۆربوو، سندووقێك بۆ ئەم مەبەستە دابنرێت و بەردەوام قەرز بدرایە و وەربگیرایەتەوە".

ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پێدانی قەرز كردی، سنووردار بوو كە بودجەیەكی دابین كرد و سەرجەمی دابەش كرد، دواتر نەیتوانی بە میكانیزمێكی گونجاو پارە بۆ سندووقەكە بگەڕێنێتەوە.



وشە - سلێمان تاشان