ئەڵمانیا لە فرۆشتنی چەكدا ژمارەی پێوانەیی شكاند

:: AM:10:43:14/11/2019 ‌

ئەڵمانیا لە هەناردەكردنی چەك ژمارەی پێوانەیی شكاند و ئەم تایبەتمەندییەی ئەڵمانیاش لای رێكخراوەكانی بەرگری لە مافی مرۆڤ و كەنیسەكان بە توندی رەخنەی لێ گیرا.

حكوومەتی ئەڵمانیا لە 10 مانگی یەكەمی ئەمساڵدا بە قەبارەی حەوت ملیار و 860 ملیۆن یۆرۆ چەكی فرۆشتووە، جگە لەوە حكوومەتی ئەڵمانیا 56 داخوازی كڕینی چەك بە قەبارەی 15 ملیار و 700 ملیۆن یۆرۆی رەت كردووەتەوە.
قەبارەی هەناردەی چەكی ئەڵمانیا لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا پێنج ملیار و 300 ملیۆن یۆرۆ بووە

بەگوێرەی "دۆیچەوێلێ" كۆی قەبارەی هەناردەی چەكی ئەڵمانیا لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا پێنج ملیار و 300 ملیۆن یۆرۆ بووە، لە كاتێكدا ساڵی رابردوو بەگشتی لە ماوەی ساڵەكەدا بە قەبارەی چوار ملیار و 800 ملیۆن یۆرۆ چەكی فرۆشتووە و ئەمەش نیشانی دەدات هەناردەی چەك لە ئەڵمانیا بۆ دوو هێندە بەرز بووەتەوە.

سویم داغدلن نوێنەری حزبی چەپی ئەڵمانیا لە پەرلەمان داوای لە حكوومەت كردووە هەناردەی چەك بە تەواوی قەدەغە بكات، ئەو گلەیی لە حكوومەت كرد لەوەی هەر كەسێك داوای چەكی لێ بكات پێی دەفرۆشێت.

حكوومەتی ئەڵمانیا هەناردەكردنی چەك بۆ سعوودیەی تا ئاداری 2020 راگرتووە و ئەمەش دوای ئەوەی ئەو وڵاتە بە كوشتنی جەمال خاشوقچی تۆمەتبار كرا.




وشە - سلێمان تاشان