ئایدن مەعرووف : حكوومەتی هەرێم پشتیوانی تەواوی مافی پێكهاتەكانە

:: PM:02:52:14/11/2019 ‌

وەزیری هەرێم بۆ كاروباری  پێكهاتەكان رای دەگەیەنێت،  بۆ گەیاندنی داوای پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان هەوڵی بەردەوام دەدەین و  حكوومەتیش بە تەواوی پشتوانییان دەكات.

ئەمڕۆ پێنجشەم 14ی تشرینی دووەم، ئایدن مەعرووف وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان بە "وشە"ی را گەیاند، كۆبوونەوەی سێیەممان لەگەڵ پێكهاتە و ئاینزاكانی هەرێمی كوردستان بوو بۆ گوێگرتن لە داخوازی و كێشە و گرفتەكانیان.

حكوومەتی هەرێم بە هەموو شێوەیەك پشتیوانی مافی پێكهاتە و ئاینزاكانی هەرێمی كوردستان دەكات

وەزیری هەرێم گوتی، داواكاری ئەوان زیاتر لەسەر رێزگرتن و پاراستنی مافی پێكهاتەكان بوو لە هەرێمی كوردستان، هەروەها پێكهاتەكان پشتوانی خۆیان بۆ حكوومەتی هەرێم دووپات كردەوە.

ئایدن مەعروف ئەوەی خستەڕوو، حكوومەتی هەرێم بە هەموو شێوەیەك پشتیوانی مافی پێكهاتە و ئاینزاكانی هەرێمی كوردستان دەكات، چونكە ئەوەی یەكێكە لە هێڵە گشتییەكانی كارنامەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

هەرێمی كوردستان بەهۆی  ئەوەی فرەپێكهاتە و ئاینە بووەتە شوێنێكی ئارام و پارێزراو بۆ ئەوان، هەروەها لە حكوومەتی هەرێم و پۆستە كارگێڕییەكان پۆستیان پێ دراوە.



وشە - زریان تەها