سلێمانی.. هەشت تیرۆریست دادگایی كران

:: PM:03:30:14/11/2019 ‌
ئاسایشی سلێمانی گرتنی ژمارەیەك تیرۆریست لە ماوەی رابردوو رادەگەیەنێ، دەڵێ دۆسیەكانیان رەوانەی دادگا كراون و بڕیاری زیندانیكردنیان بۆ دەرچووە. ئاسایشی سلێمانی دەڵێ، هەر هەشت تیرۆریست بەپێی مادەی دووی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەلایەن دادوەرە لە نێوان پێنج بۆ 10 ساڵ، سزای زیندانیان بەسەردا سەپێنراوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 14ی تشرینی دووەم، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی دادگاییكردنی هەشت تیرۆریستی راگەیاند، دەڵێ بە مەبەستی پاراستنی سەروماڵ و كەرامەتی هاووڵاتییان، هێزەكانی ئاسایشی سلێمانی لەماوەی ڕابردوودا لە چەند چالاكییەكی جیاوازدا بە فەرمانی دادوەر توانیویانە هەشت تیرۆریست  بگرن، دوای دداننان بە تاوانەكانیان و بوونی بەڵگەی تەواو كەیسەكانیان، ڕەوانەی دادگای تاوانەكانی سلێمانی كرا و لەلایەن دادوەری بڕیاری زیندانیان بۆ بڕاوەتەوە.

لە بەیاننامەكەی ئاسایشی سلێمانی كە كۆپی بۆ "وشە" هاتووە، ئاماژە بەوە كراوە كە (ج ، م ، ح) كە ڕەگەزی ( نێر)ـە و عەرەبە و پیشەی یاریدەدەری پزیشكە و خەڵكی حەویجەی باشووری كەركووكە، بە تۆمەتی ئەندامبوونی لە ڕٍێكخراوی تیرۆرستی داعش گیراوە.

ئەوەش روون كراوەتەوە كە ئەو تۆمەتبارە لەناو داعش پلەی بۆ جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی حەویجە بەرز كراوەتەوە لەو دەمەی داعش لەو شارۆكەیە دەسەڵاتدار بووە، دەڵێ بەپێی مادەی دووی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، سزادی شەش ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە.

هەر هەشت تیرۆریستەكە پلەیان لەناو داعش هەبووە و عەرەبی عێراقی بوونە


بەگوێرەی بەیاننامەكەی ئاسایشی سلێمانی، هەر هەشت كەسەكەی گیراون، تۆمەتی پێوەندی هەبوونیان بە داعش لەسەر هەبووە و رەگەزیان نێرە، بە تۆمەتباری یەكەم كە لە سەرەوە ئاماژەی پێ كراوە، یەكێكی تریشیان خەڵكی حەویجەیە و ئەوانی تریش، یەكێكیان خەڵكی مووسڵ، قایم، رەشاد، بەغدا و حەدیسەن.

هەر حەوت تۆمەتبارەكەی تریش (م ، ن ، ج) كە پیشەی كاسبە و خەڵكی  ڕەشادە، پلەی  لەناو داعش موفتی و وتارخوێنی مزگەوتی ڕەشاد بووە، لە حەویجەش لێپرسراوی دابەشكردنی سوتەمەنی بووە، هاوكات (ح ، ت ، ن ) ئەویش پیشەی كاسب و خەڵكی  حەویجەیە، نوێنەری خەلافەت بووە بۆ داواكردنی بەیعەتدان لە خەڵك، هەرچی (أ ، خ ، أ) پیشەی كاسبە و خەڵكی مووسڵە و پاسەوانی بارەگاكانی داعش بووە لە  سامەڕا و بێجی و وڵاتی سووریا.

یەكێكی تر لە تۆمەتبارەكان بە ناوی (ع ، ج ، م)  كە پیشەی كاسبە و خەڵكی  بەغدایە، بە برینداری هەڵهاتووە بۆ هەرێمی كوردستان، جگە لەوە، (ع ، ح ، ع ) پیشەی كاسبە و خەڵكی ناوچەی قایمە لە سنووری پارێزگای ئەنبار، پاسەوانی مزگەوتی گەورەی حسیبە  بووە،  دواتر چۆتە سووریا و پاشان بە قاچاخ هاتووەتە ناو هەرێمی كوردستان، بەڵام (ف، م ، ح) كە ئەویش كاسبە و خەڵكی  بەغدایە، پاسەوان بووە لە سەر شەقامەكان و بارەگاكانی داعش، هاوكات (د ، ح ، د) پیشەی كاسبە و خەڵكی  شارۆكەی حەدیسەیە، برازای ئەبو عەمەر بەغدادی گەورە تیرۆریستە و كارمەندی بەشی پۆلیسی ئیسلامی بووە، بەر بۆردمانی فڕۆكە جەنگییەكان كەوتووە و بە سەختی بریندار بووە، بۆ چارەسەر براوەتە مووسڵا، دوای چاكبوونەوەی چووەتە سووریا و دواتر بە قاچاخ هاتووەتە هەرێمی كوردستان.

ئاسایشی سلێمانی دەڵێ، هەر هەشت تیرۆریست لەلایەن دادگاوە بەپێی مادەی دووی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تێرۆر لەلایەن دادوەر سزای پێنج تا 10 ساڵیان بۆ بڕاوەتەوە. 



وشە - فه‌رمان سادق