زۆرێك به شارێكى مێژوویى و هونه‌رى ده‌زانن، زۆرێك له‌وانه‌ى وه‌سفیان كردووه به شارێكى هێمن و دڵڕهفین وه‌سفى ده‌كه‌ن، هاوكات ئه‌م شاره پایته‌ختى ده‌وڵه‌تێكه له زۆربه‌ى قۆناغه مێژووییه‌كان سیاسه‌تى بێلایه‌نى په‌یڕه‌و كردووه، ئه‌و شاره‌یش ڤییه‌نایه كه پایه‌ختى نه‌مسایه و هاوكات به پایته‌ختى سیخوڕانیش ده‌ناسرێت.
یه‌كێك له‌و شاره جوانانه‌ى ئه‌وروپا، زۆرجار وه‌ك شوێنێكى میوزیك و هونه‌ر ده‌ناسرێت، له ده ساڵى رابردوودا چوار جار به یه‌كێك له باشترین شاره‌كانى دنیا دانراوه بۆ ژیان و بژێوى، زۆربه‌ى كات حكوومهتهكهیشى په‌یڕه‌وى بێلایه‌نى ده‌كات و هه‌وڵ ده‌دات دوور بێت له‌و پلانگێڕیانهى كه له‌سیاسه‌تى نێوه‌ده‌وڵه‌تى ده‌كرێن، به‌ڵام ئه‌وه‌ى له‌م شاره ناسراوه و جێى سه‌رنجه ئه‌وه‌یه ئه‌م شاره به پایته‌ختى سیخوڕ‌ى ده‌ناسرێت، ئه‌م ناسناوهیش ته‌نیا هی ئێسته نییه به‌ڵكو له دواى جه‌نگى دووه‌مى جیهانه‌وه وه‌رى گرتووه.
له راپۆرتێك كه پێشتر له ماڵپه‌ڕى
BBC ى بڵاوكراوه‌ته‌وه، باس له‌و هۆكارانه ده‌كرێت كه وایانكردووه ئه‌م شاره وه‌ك پایته‌ختى سیخوڕیى و سیخوڕانى ده‌یان وڵاتى جیاجیا بناسرێت. بیسانى بێڵ كه ژنه رۆژنامه‌نووسێكه راپۆرته‌كه‌ى بۆ ماڵپه‌ڕه‌كه ئاماده كردووه باس له‌وه ده‌كات به‌شێوه‌ى نیمچه ئاشكرا ئه‌م شاره بووه‌ته لانه‌ى سیخوڕان، ته‌نانه‌ت واى لێهاتووه سیخوڕان له‌و شوێنه‌دا له نێوان وڵاتانى دنیا ئاڵ‌وگۆڕیان پێ ده‌كرێت.
ئه‌و ژنه رۆژنامه‌نووسه باس له‌وه ده‌كات جارێك خۆى شاهێدحاڵ بووه و به چاوى خۆى بینویه‌تى فڕۆكه‌یه‌كى ئه‌مه‌ریكى هاتووه له فڕۆكه‌خانه‌ى ڤییه‌نا نیشتووه‌ته‌وه و دواتر له‌گه‌ڵ فڕۆكه‌یه‌كى رووسى سیخوڕه‌كانیان گۆڕیوه‌ته‌وه. ئه‌مه‌ریكییه‌كان 10 سیخوڕیان به رووسه‌كان داوه‌ته‌وه و له به‌رانبه‌ردا چواریان وه‌رگرتووه‌ته‌وه.
ئه‌و رێككه‌وتنه‌ى ئه‌مه‌ریكا و رووسیا به ده‌گمه‌نترین رێككه‌وتنى سیخوڕ گۆڕینه‌وه دێت، له دواى جه‌نگى دووه‌مى جیهانه‌وه رووى نه‌داوه، به‌ڵام ئایا بۆچى له ڤییه‌نا؟ هه‌ڵبه‌ته له‌وه‌ڵامى ئه‌م پرسیاره ژنه رۆژنامه‌نووسه‌كه ده‌ڵێ هیچ سه‌یر نییه ئه‌م شاره بۆ گۆڕینه‌وه‌ى سیخوڕه‌كان ده‌ستیشان بكرێت، چونكه له دواى جه‌نگى دووه‌مه‌وه ئه‌و شاره وه‌ك پایته‌ختى سیخوڕان ناسراوه.
له راپۆرته‌كه هاتووه ئه‌م شاره چه‌ندان نه‌ریتى كۆنى هه‌یه وا ده‌كات ببێته لانه‌ى سیخوڕان، ئێسته‌یش ئه‌و ناوبانگه‌ى هه‌یه، به‌ڵام گۆڕینه‌وه‌ى سیخوڕه‌كان له نێوان رووسیا و ئه‌مه‌ریكا له فڕۆكه‌خانه‌ى ڤییه‌نا هه‌ندێك شه‌رمه‌زارى تووشى نه‌مسا كرد.
هاوكات داواكارى گشتى له ڤییه‌نا لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌فسه‌رێكى باڵاى خانه‌نشینكراو ده‌كات گوایه له ساڵانى نۆههدهكانهوه بۆ به‌رژوه‌ندى رووسیا كار ده‌كات.
نه‌مسا یه‌كێكه له دۆسته دهگمهنهكانى رووسیا له ئه‌وروپا، پێوه‌ندى نێوان سه‌ركرده‌كانى ئه‌م دوو وڵاته به‌هێزه ته‌نیان ڤلادیمێر پوتینى سه‌رۆكى رووسیا له‌كاتى شووكردنى كارین كنایسلى وه‌زیرى ده‌ره‌وه نه‌مسا له ساڵى 2018 ئاماده بوو.
حكوومه‌تى نه‌مسا هه‌میشه هه‌وڵ ده‌دات هاوسه‌نگى له‌نێوان رووسیا و نه‌یاره‌كانى له رۆژئاوا رابگرێت، به‌ڵام له ئه‌نجامى ئه‌م هاوسه‌نگییه‌یش پایته‌خته‌كه‌ى ده‌بێته شوێنێكى ئارام بۆ سیخوڕان. جگه له‌م هۆكاره جوگرافیا رۆڵ هه‌بووه له‌وه‌ى ئه‌م شاره ببێته ناوه‌ندێك بۆ سیخوڕان.
ڤییه‌نا له جه‌نگى دووه‌مى جیهانه‌وه به پایته‌ختى سیخوڕ‌ى ناسراوه
سیگفرید بێر كه مێژوونووسێكى نه‌مساییه له راپۆرته‌كه دهڵَێ له رۆژانى جه‌نگى ساردنه‌وه ئه‌م شاره بووه‌ته ناوه‌ندێك بۆ سیخوڕیكردن، چونكه نه‌مسا بێلایه‌ن بووه، مانه‌وه‌ى سیخوڕان له ڤییه‌نا واته‌ى زۆر شتى ده‌گه‌یاند. واته هه‌ر كه‌سێك لێره بۆ سیخوڕ نیشته‌جێ بووایه ئه‌وا ده‌یتوانى زۆر شت بكات.
ئه‌و مێژوونووسه دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه، بێلایه‌نى هۆكارێك بووه بۆ ئه‌وه‌ى وڵاته جیاوازه‌كان به ئاسووده‌یى بمێننه‌وه له هه‌مان كاتیش به ئاسانى چاودێرى یه‌كتر بكه‌ن. جگه له‌مه‌یش خه‌ڵكانێكى زۆر له ناوخۆى شاره‌كه به‌هۆى پاره‌ی زۆره‌وه كار له‌گه‌ڵ ئه‌م ده‌زگایانه ده‌كه‌ن.
به‌هۆى ئه‌وه‌ى ڤییه‌نا یه‌كێك له باره‌گاكانى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له خۆ ده‌گرێت و هه‌روه‌ها باره‌گاى رێكخراوى ئاسایش و هاریكارى ئه‌وروپا له شاره‌كه‌یه، ئه‌وا وڵاتان جگه له بوونى باڵوێزخانه، هه‌ر یه‌كه‌یان دوو شاندى دیپلۆماسى له شاره‌كه داناوه، ئه‌مه‌یش كارى سیخوڕ‌ى زیاتر ده‌كات.
له راپۆرتى ساڵانه‌ى نووسینگه‌ى نه‌مسا بۆ پاراستنى ده‌ستوور و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر "ده‌زگاى هه‌واڵگرى نه‌مسا" هاتووه تا ئێسته نه‌مسا به ناوچه‌یه‌كى باشى سیخوڕان داده‌نرێت، ژماره‌یه‌كى زۆر له سیخوڕان له شاره‌كه هه‌ن. هه‌رچه‌نده هه‌ندێك له راپۆرته‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن برۆكسل ئێسته خه‌ریكه وه‌ك ناوه‌ندێكى سیخوڕ‌ى كێبڕكێ له‌گه‌ڵ ڤییه‌نا ده‌كات، به‌ڵام هێشتا ناسناوهكهى له‌م شاره نهساندووهتهوه، چونكه ڤییه‌نا له روانگه‌ى سیخوڕان به‌هاى خۆى له ده‌ست نه‌داوه.
چالاكى دیپلۆماسى له شاره‌كه هۆكاره بۆ ته‌شه‌نه‌كردنى سیخوڕیى
له كۆتایى راپۆرته‌كه باس له‌وه كراوه هه‌ر یه‌كێك له‌و ده‌زگا سیخوڕیانه پێویستى به دوو كه‌س هه‌یه له دانیشتووانى شاره‌كه، بۆ ئه‌وه‌ى له‌پێدانى زانیارى هاوكارییان بكات له به‌رانبه‌ر پاره. ته‌نانه‌ت كه‌سانێك هه‌ن، ده‌ڵێن له یه‌ك كاتدا دوو ده‌زگاى سیخوڕ‌ى پێشنیازى كاركردنیان بۆ كردووین. گریهارد مانگۆت كه مامۆستاى زانكۆیه ده‌ڵێ " له نۆهه‌ده‌كان ده‌زگاى سیخوڕ‌ى به‌ریتانیا و سیخوڕ‌ى رووسیا داوایان لێ كردووم كاریان له‌گه‌ڵ بكه‌م".