كه‌متر له 25 ڕۆژ بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاری به‌ستنی كۆنگره‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ماوه، ئه‌و حزبه تا ئێسته ده‌یه‌وێ به ته‌وافووق بچێته كۆنگره‌وه، بڕیاره سبه‌ى شه‌موو 16ى تشرینى دووه‌م، هه‌ڵبژاردنه ناوخۆییه‌كانی كۆمیته‌كانی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان ده‌ست پێبكات و له‌ماوه‌ی پێنج ڕۆژی ئاینده‌دا كۆتایی پێدێت.
یەکێتی لە ساڵی 1975 تا ئێسته تەنیا سێ کۆنگرەی بەستووە
ئه‌مرۆ هه‌ینی 15ى تشرینى دووه‌م سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ناو مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى به "وشه"ى ڕاگه‌یاند، پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه ناوخۆییه‌كانی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان سبه‌ی له كۆمیته‌كانه‌وه ده‌ست پێده‌كات و نوێنه‌ری كۆمیته‌كان سه‌رده‌كه‌ون بۆ كۆنفڕانسی مه‌ڵبه‌نده‌كان و پاشان نوێنه‌رانی كۆنگره‌ی یه‌كێتی هه‌ڵده‌بژێردرێت.
زیاتر گوتى، له ماوه‌ی پێنج ڕۆژ نوێنه‌رانی كۆمیته‌كانی یه‌كێتی هه‌ڵده‌بژێردرێت، پاشان ده‌چنه قۆناغی هه‌ڵبژاردنی مه‌ڵبه‌نده‌كان و پاشان هه‌ڵبژاردنی مه‌كته‌به‌كان و ده‌زگاكان ده‌ستپێده‌كات كه ئه‌مه‌یان ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌یه ته‌نها ڕۆژێك بخایه‌نێت.
ڕوونیشى كرده‌وه، مەکتەبی ھەڵبژاردنه‌كانی یەکێتی دوای ته‌واوبوونی ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه، ڕاپۆرتێك ئاماده ده‌كات له‌سه‌ر ئاماده‌كارییه‌كانی كۆنگره، بۆیه بڕیاره كۆنگره پێش ساڵى نوێ ببه‌سترێت و گۆرانكارى گه‌وره‌یش ڕووبدات.
لە 22ی ئایاری ساڵی 1975 لە سووریا لە گەڕەکی ئەبوو ڕوومانەی دیمەشق، یەکەم کۆبوونەوەی دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ئەنجامدا، له‌وكاته‌وه تا ئێسته تەنیا سێ کۆنگرەی بەستووە و دوای مردنى جەلال تاڵه‌بانى هەوڵەکان بۆ بەستنی کۆنگرە و چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی بێ وەڵام ماوەتەوە.
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له چه‌ند گرووپێكی جۆراوجۆر پێك دێت و چه‌ندان ساڵه به‌هۆی ململانێ ناخۆییه‌كانه‌وه كۆنگره‌ی نه‌كردووه، بۆیه پێ ده‌چێ به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌و كۆنگره‌یه بۆ یه‌كێتی ئاسان نه‌بێت.