شەپۆلی نوێی خۆپێشاندانەکانی ئێران یەکەم قوربانی لێ کەوتەوە

:: AM:10:07:16/11/2019 ‌

بە بڕیارێكی كۆمپانیای نیشتمانی دابەشكردنی بەنزین، نرخی بەنزین لە ئێران سێ هێندە گران بووە و ئەمەش ناڕەزایەتی خەڵك و خۆپێشاندانی لە چەندان شاری ئێران لێ كەوتووەتەوە و کەسێکیش لەم خۆپێشاندانە بووەتە قوربانی.

بەپێی ئەم بڕیارە نوێیە نرخی هەر لیترێك بەنزینی نۆرماڵ كە بە بیتاقە دابەش دەكرێ، بە هەزار و 500 تمەنە و بەنزینی ئازادیش بە سێ هەزار تمەنە. پێشتر لیتری بەنزینی ئازاد بە هەزار دینار بوو و بەو پێیە نرخی هەر لیترێك سێ هێندە لەسەر خەڵك گران كراوە. بەپێی ئامارێك كە كۆمپانیاكە بڵاوی كردووەتەوە لە ئێران رۆژانە سوود لە 90 ملیۆن لیتر بەنزین وەردەگیرێت.

كاریگەری سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران هۆكار بووە لەوەی حكوومەت بۆ بەرزكردنەوەی داهاتەكەی هانا بۆ گرانكردنی خزمەتگوزارییەكان و سەپاندنی باج و رسووماتی زیاتر بەرێت.
خۆپێشاندەران كۆمەڵێك وێستگەی بەنزینیان سووتاندووە

گرانكردنی بەنزین هۆكار بوو لەوەی شەوی رابردوو لە چەندان شاری ئێران خۆپێشاندان بكرێ و تەنانەت هەندێك سەرچاوەی نافەرمی باس لەوە دەكەن خۆپێشاندەران كۆمەڵێك وێستگەی بەنزینیان سووتاندووە. لە ئەهواز، بیرجەند، مەشهەد، سیرجان و ماهشەهر خۆپێشاندان كراوە و كەسێكیش گیانی لە دەست داوە.

هەفتەی رابردوو نوێنەرێكی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوە كردووە كە دەرهێنانی داهاتی نەوت لە بودجە بە قەبارەی 60 تریلیۆن تمەن پاڵەپەستۆ دەخاتە سەر حكوومەت كە بەهای دۆلار و بەگوێرەی نرخی دۆلار لە بانكی ناوەندی ئێران دەگاتە سەرووی 15 ملیار دۆلار.

هاوكات سەرۆكی لیژنەی پلان و بودجەی پەرلەمانی ئێران گوتبووی بە گۆڕینی سیستمی باج و رسوومات، هەوڵ دەدەن ئەم كورتهێنانە پڕ بكەنەوە.

پێ دەچێت گرانكردنی نرخی بەنزین یەكەم هەنگاوی ئێران بێت بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجە و بڕیاری تری بەدواوە بێت ئەگەر خەڵك شەقامەكان چۆڵ بكەن.

بەگویرەی ئەو زانیارییانەی لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەکرێتەوە ئەمڕۆ شەموو خۆپێشاندانەکان لە شێوەی مانگرتن درێژەیان دەبێت.




وشە - سلێمان تاشان