له كۆمیته‌ی باوه‌نووری سه‌ر به مه‌ڵبه‌ندی رێكخستنی گه‌رمیانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، له سه‌روبه‌ندی كۆنفرانسه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانی بۆ كۆنگره‌ی ئه‌و حزبه، ئاڵۆزی دروست بوو و له كۆمیته‌ی كفریش دوو كادری ئه‌و حزبه به فیشه‌ك بریندار كراون.
سامان ئه‌حمه‌د و فایق ئه‌مین ئه‌و دوو كادره‌ی یه‌كێتین به‌هۆی شه‌ڕه‌که بریندار بوون
به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی له كۆمیته‌ی باوه‌نووری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه به "وشه" دراوه، ئه‌مڕۆ ئاڵۆزی له‌سه‌ر دیاریكردنی كاندید بۆ كۆنگره‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان دروست بووه، به‌جۆرێك كار گه‌یشتووه‌ته به‌كارهێنانی ده‌سته‌واژه‌ی ناشیرین و شه‌ڕ.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه به‌مه‌رجی ئاشكرا نه‌كردنی ناوی ئه‌وه‌شی خسته روو، ئه‌وانه‌ی خۆیان كاندید كردووه، دابه‌ش بوون به‌سه‌ر باڵه‌كان و یه‌كتر تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن .
له كۆمیته‌ی كفریش به‌هۆی دروستبوونی كێشه له‌كاتی به‌ستنی كۆنفرانسه‌كه، شه‌ڕ دروست ده‌بێت و كادران و ئه‌ندامانی یه‌كێتی چه‌ك له‌یه‌كتر هه‌ڵده‌گرن و به‌هۆیه‌وه دوو كادری ئه‌و حزبه بریندار ده‌بن.
سامان ئه‌حمه‌د و فایق ئه‌مین ئه‌و دوو كادره‌ی یه‌كێتین له كۆمیته‌ی كفری كه به‌هۆی شه‌ڕه‌وه بریندار بوون، سه‌رچاوه‌یه‌ك له نه‌خۆشخانه‌ی گشتیی كه‌لاره‌وه رای گه‌یاند، ئه‌ودوو كادره برینداره هێنراون بۆ نه‌خۆشخانه‌ی كه‌لار و هه‌ردووكیان به فیشه‌ك بریندار بوون.
سه‌یوان خه‌لیل به‌رپرسی راگه‌یاندنی نووسینگه‌ی به‌رپرسی رێكخستنی مه‌ڵبه‌ندی گه‌رمیانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا زانیارییه‌كانی ره‌ت نه‌كرده‌وه، به "وشه"ی راگه‌یاند، زانیاری له‌وجۆره به‌وان نه‌گه‌یشتووه.
ئه‌مڕۆ هه‌ڵبژاردنی ریكخستنه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ڕێوه ده‌چێت بۆ كۆنگره‌ی ئه‌وحزبه كه هێشتا ئه‌نجامدانی به مسۆگه‌ری یه‌كلا نه‌بووه‌ته‌وه.
گه‌رمیان / سه‌بری هۆرێنی