بزووتنەوەی ئیسلامی ترسی دوولەتبوونی لێ نیشتووە

:: PM:02:10:16/11/2019 ‌
بزووتنەوەی ئیسلامی مەترسی جیابوونەوەی لێ‌ دەكرێت و شوورای بەڕێوەبردنی هێڵی گۆڕانكارییەكان بەیاننامەیەك بڵاو دەكاتەوە و ئاشكرای دەكات، ڕابەری حزبەكە هیچ لە بەڵێنەكانی جێبەجێ‌ نەكردووە.

ئەمڕۆ شەموو 16ـی تشرینی دووەم، لە ڕوونكردنەوەیەكی شوورای بەڕێوەبردنی هێڵی گۆڕانكاریی بزووتنەوەی ئیسلامیی كوردستان ئاشكرا كراوە، شوورای بەڕێوەبردنی هێڵی گۆڕانكاریی لەسەر داوای كۆمەڵێك لە مامۆستایان و زانایانی ئیسلامی، سەركردەكانی ناو هێڵی گۆڕانكاریی بزووتنەوە لەگەڵ ڕابەری گشتیدا كۆبوونەوە و هەشت خاڵیان واژوو كرد.

ڕوون كراوەتەوە، خاڵەكان بۆ چاكسازی و بەگەڕخستنەوەی ئۆرگانەكانی (باسك) بوو، بەداخەوە زیاتر لە شەش مانگ تێپەڕیوە بەسەر پەیمان و واژووی ڕابەر و ئەو برایانەدا نەك هیچ خاڵێك جێبەجێ نەكراوە،‌ بەڵكو بزووتنەوە لەسەر ئاستی سیاسی و جەماوەری و حزبی، زیاتر دووچاری پاشەكشە و شكستی گەورەتر كراوەتەوە.

بزووتنەوە لەسەر ئاستی سیاسی و جەماوەری و حزبی، زیاتر دووچاری پاشەكشە و شكستی گەورەتر كراوەتەوە 
باس لەوەش كراوە،‌ ئێستە بزووتنەوەی ئیسلامی لەناو پرۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستانیشدا هیچ بوون و ناوێكی نەماوە، لەناو كۆڕ و كۆبوونەوەی لایەنەكانیشدا بۆ گفتوگۆ لەسەر هیچ پرسێك بەشداری پێ ناكرێت و كەسی یەكەم و دەورووبەرەكەشی لەو دۆخە خراپە بێباكن و خۆیان بە بەرپرسیار نازانن، بۆیە هێڵی گۆڕانكاریی و سەركردە ناڕازییەكانی ناو حزب نایانە‌وێت چیتر ببنەوە ‌بەشێك لە شكستەكان و شەرعییەتدان بەو ئیدارەدانە خراپەی بزووتنەوەی ئیسلامی، هێڵی گۆڕانكاریی و سەركردە و كادرەكانی ناو ئەو ڕەوتە بەم‌ بارودۆخە تراجیدییە ڕازی نابن و هەڵوێستی رژدیان دەبێت.

لە كۆتایی ڕاگەیەنراوەكە هاتووە، داوا لە كادران و ئەندامان و دڵسۆزانی بزووتنەوەی ئیسلامیی دەكەین هەڵوێستیان هەبێت و هاوكار و پشتیوانمان بن بۆ دەربازكردنی بزووتنەوە لەم قۆناغە خراپەدا‌.

پێشتر ئەو باڵەی بزووتنەوە ناڕەزایەتی بوونی خۆیان ئاشكرا كردبوو، بەڵام دوای كۆبوونەوە جارێكی تر بڕیاری وەستانی كارەكانیان دەركرد.



وشە - رامیار جەواد