عێراق.. یاسای نوێی خانەنشینی تێپەڕ دەكرێت

:: PM:04:24:16/11/2019 ‌

دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو دووەم خوێندنەوە بۆ یاسای نوێی خانەنشینی لە عێراق لەلایەن پەرلەمانەوە كۆتایی هات، بڕیارە ئەم هەفتەیە دەنگی لەسەر بدرێت لەناو هەبوونی ناكۆكی لەسەر كەمترین مووچەی خانەنشینی، جیا لە پێنج یاسای تر دەنگی لەسەر دەدرێت.

هەفتەی رابردوو پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ باسای یەكگرتووی خانەنشینی لە عێراق كرد و چەند گۆڕانكارییەكی كرد، لەوانە كەمكردنەوەی تەمەنی خانەنشینی فەرمانبەران و دیاریكردنی زیادكردنی كەمترین مووچەی خانەنشینی و خانەنشینی خۆویستانە لە تەمەنی 45 ساڵ بۆ ئەوانەی 15 ساڵ خزمەتیان هەیە، بەڵام بەهۆی بوونی ناكۆكی لەسەر كەمترین مووچەی خانەنشینی و بەدەركردنی ژمارەیەك توێژ نەتوانرا یاساكە تێپەڕ بكرێت.
مووچەی خانەنشینی زیاد دەكرێ و ئیمتیازاتی بەرپرسان هەڵدوەشێتەوە
محەمەد كەریم، پەرلەمانتاری عێراق ئاشكرای كرد كە لە ماوەی ئەم هەفتەیە پەرلەمان شەش یاسای گرنگ تێپەڕ دەكات، دیارترینیان یاسای نوێی خانەنشینییە، جیا لە یاسای دەستكەوتی دارایی ناشەرعی و نەزاهە و بیمەی تەندروستی و لیژنەی ئۆلۆمپی و هەڵوەشاندنەوەی ئیمتیازاتی بەرپرسان. 

ئەو پەرلەمانتارە روونی كردەوە كە هۆكاری تێپەڕ نەكردنی یاسای خانەنشینی لە هەفتەی رابردوو سەرەڕای ئەنجامدانی هەردوو خوێندنەوە، بەهۆی ئەو لایەنە داراییە بوو كە لە یاساكەدا هەیە، زیاتر گوتی، بۆیە لەم دانیشتنەی پەرلەمان یاساكە تێپەڕ دەكرێت كە دەبێتە مایەی فەراهەمكردنی ژمارەیەكی زۆری هەلی دامەزراندن و چارەسەركردنی رێژەیەكی باشی بێكاری لەناو دەرچوواندا.  






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل