پەرلەمان لە 2020 دەستووری هەرێمی كوردستان دەنووسێتەوە

:: PM:05:56:16/11/2019 ‌
لایەنە سیاسییەكان كۆدەنگن لەسەر ئەوەی لەم خولەی پەرلەمانی كوردستان، دەستووری هەرێمی كوردستان بنووسرێتەوە، بەڵام تا ئێستە پەرلەمان هیچ هەنگاوێكی بە ئاڕاستەی پێكهێنانی لیژنەی نووسینەوەی دەستوور نەهاویشتووە. سەرۆكی فراكسیۆنی سەوز دەڵێ، لە 2020 لیژنە پێك دەهێنرێ، فراكسیۆنەكەیش لەگەڵ تەواوكردنی رەشنووسی خولی پێشتردایە.

دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان، كۆكن لەسەر نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان لەم خولەی پەرلەماندا، بۆ ئەم مەبەستەش لە ماوەی رابردوودا لەسەر ئەو پرسە سەردانی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانیان كردووە.

جەمال حەوێز سەرۆكی فراكسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ، دەستوور بۆ گەل دەنووسرێ نەك حزبێك و دووان، بۆیە دەخوازین لە خولی پێنجەمی پەرلەماندا كورد ببێتە خاوەنی دەستوور و مافی هەموو چین و توێژەكانی خەڵكی كوردستانی تێدا جێ بكرێتەوە.

جەمال بۆ "وشە" گوتی "لەم خولەدا نووسینەوەی دەستوور لەنێوان سەرۆكایەتی پەرلەمان و فراكسیۆنەكان باسكراوە، بەڵام هێشتا هەنگاوی بۆ نەهاوێژراوە".

دەستەی سەرۆكایەتیی و فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان كۆكن لەسەر نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان لەم خولە


سەبارەی بە هەڵوێستی فراكسیۆنی سەوز لە پرسی پێكهێنانی لیژنەی نووسینەوەی دەستوو، كە لیژنەكەی خولی چوارەمی پەرلەمان زیاتر لە 70 مادەی رەشنووسی دەستووری نووسی بوو، سەرۆكی فراكسیۆنی سەوز باسی لەوەكرد بەهۆی ئەو گۆڕانكارییانەی هاتووەتە پێشەوە پێویست دەكات گۆڕانكاری لە لیژنەكەدا بكرێت بەتایبەت هەندێك لە ئەندامانی لیژنەكە لە كوردستان هەر نەماون، بەڵام "لیژنەكەی خولی چوارەم چەندیان لە كوردستانن دەمێننەوە، ئەوانەیشی نەماون جێگەیان پڕ بكرێتەوە و تەنانەت سوود لە توانای شارەزایانی تریش وەربگرین". 

زیاتر گوتی "ئەوان دەتوانن پڕۆژەكەیان تەواو بكەن كە پێشتر نووسیوویانە، لەگەڵ ئەمەشدا دەكرێت ئەو مادانەی نووسراوە دەستكاری بكرێت و پێداچوونەوەی بۆ بكرێت".

جەمال حەوێز وای دەبینێ لە خولی پایزەی پەرلەمان، لیژنەكە پێك نەهێنرێت و پرسەكە بكەوێتە خولی داهاتوو لە ساڵی 2020، هاوكات خەدیجە مزوری پەرلەمانتاری لیژنەی یاسایی لەسەر فراكسیۆنی زەرد، هاوڕایە لەگەڵ جەمال حەوێزی كە تا ئێستە پرسی پێكهێنانی لیژنەی نووسینەوەی دەستوور جگە لە قسە هیچ هەنگاوێكی بۆ نەهاوێژراوە.

خەدیجە بۆ "وشە" ئاماژەی بە سەردانی پێشتری سەرۆكایەتی پەرلەمان كرد بۆ لای هێزە سیاسییەكان بە مەبەستی زەمینەسازی، ئەوەیشی خستەڕوو پرسی دەستبەكار بوونەوەی لیژنەكەی پێشتر یان پێكهێنانی لیژنەیەكی نوێ لەم خولەدا، دەبێت بە رێككەوتنی نێوان فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان و دەنگدان بێت، بەڵام "تا ئێستە هیچ هەنگاوێك نەهاوێژراوە و تەنیا قسەیە لە میدیا دەكرێت".

جێی بیرخستنەوەیە لە یەكەم خولی پەرلەمانی كوردستان هەوڵ بۆ بە دەستووری بوونی هەرێمی كوردستان درا، بۆ ئەم مەبەستەش لیژنە پێكهێنرا و رەشنووسی دەستووریش ئامادە كرا، بەڵام هەوڵەكان شكستیان هێنا، هاوكات لە خولی چوارەمی پەرلەمانیش جارێكی تر هەوڵدرا و لیژنەش زیاتر لە 70 مادەی نووسیوە بەڵام بەهۆی ململانێی سیاسی نێوان پارتی و گۆڕان لەسەر پرسی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، لیژنەكە و پەرلەمانیش پەكخران.



وشە - فه‌رمان سادق