دابەشكردنی مووچەی سبەی ڕاگەیەندرا

:: AM:07:58:17/11/2019 ‌
بڕیارە سبەی مووچەی شوێنێك دابەش بكرێت و ڕۆژی چوارشەم دابەشكردنی مووچە خێرا دەبێت.

ئەمڕۆ یەكشەم 17ـی تشرینی دووەم، بەپێی ئەو زانیاریانەی "وشە" دەستی كەوتووە سبەی مووچەی ئەنجوومەنی دادوەری دابەش دەكرێت.

لە زانیارییەكان هاتووە، لە ڕۆژی چوارشەم مووچە بەشێوەیەكی خێرا بەشێكی زۆری وەزارەتەكان دابەش دەكرێت و لە ڕۆژی 26ـی تشرینی دووەم كۆتایی بە دابەشكردنی دێت.

ڕۆژی چوارشەم مووچە بەشێوەیەكی خێرا بەشێكی زۆری وەزارەتەكان دابەش دەكرێت
هەرێمی كوردستان بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران دوای تەنگژەی دارایی پشت دەبەستێت بە فرۆشتنی نەوت و ئەو بڕە پارەیەی لە بەغداوە بەپێی ڕێككەوتنێك بۆ هەرێمی كوردستان دەنێردرێت.

بەپێی ڕێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق، لە ناوەڕاستی هەر مانگێك عێراق بڕی 452 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت و بە داهاتی ناوخۆیی و پارەی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە و فرۆشتنی نەوت مووچەی فەرمانبەران دەدرێت.

لە سەرەتای ئەمساڵ پاشەكەوتی مووچە لەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هەڵگیرا و پێدانی مووچە ئاسایی بووەتەوە. لە پێنجی سەرەتای هەر مانگێك لە هەرێمی كوردستان مووچە دابەش دەكرێت.



وشە - رامیار جەواد