لە كوردستان شۆستە نەماوە

:: AM:09:05:17/11/2019 ‌
شارەوانییەكان: ناتوانین كۆنتڕۆڵی بكەین

شۆستە، لە دنیادا هی رێبوار و پێڕِۆ و موڵكی گشتییە، بەڵام لە كوردستان لەلایەن دووكاندار و خاوەن هوتێل و چێشتخانە و ماركێتەكانەوە دەستی بەسەردا گیراوە و كەسیش خۆی ناكات بە خاوەنی بۆ رێكخستنەوە. شارەوانی شارەكان كۆكن لەسەر ئەوەی سەرەڕای بوونی رێنوێنی، بەڵام نەیانتوانیوە كۆنتڕۆڵی بكەن و ئەو مافە بگەڕێننەوە بۆ خۆیان و خەڵك. 

لە دنیادا مرۆڤ مەیلی بەرەڵایی و سەرپێچی و ئاسانكاری بۆ خۆی هەیە، بەڵام یاسا كۆنترۆڵی دەكات و سنوورەكانی بۆ دەكێشێت، بەڵام لە كوردستان ئەم بوارانە فەرامۆش كراون و شار و شەقامەكان هیچ سیمایەكی شارستانییان پێوە نەماوە و شۆستە كە هی خەڵكە و شوێنی پیاسە و ئارامی و رازاندنەوەیە بە درەخت، دووكاندار داگیری كردووە و شەقامیش بەرەڵا كراوە و بەگشتیی كاڵای دووكاندار و ئۆتۆمبیل دۆخێكیان دروست كردووە، مرۆڤ هەست بە خنكان بكات. كەسیش بە بەرپرسیارێتی هەڵناسێت و دۆخەكە هەر دێ تەشەنە دەكات.

بازاڕەكانی زۆرینەی وڵاتانی دنیا قەرەباڵغ و جەنجاڵن، بەڵام كاڵاكان لەناو جامخانەی دووكانەكاندان و ئۆتۆمبیلیش لە گەراجی یان ئەو شوێنانە وەستاون كە رێگەپێدراون بۆ وەستانی كاتی. بۆیە شۆستە هی خەڵك و رێبوار و گەشتیارە و لە هەر سەرپێچییەك سزای توند هەیە. بەڵام لە كوردستان دووكانەكان بەتاڵن و كاڵاكان بەسەر شۆستەوەن. 

ئەو دیمەنە جگە لەوەی بازاڕەكان ناشیرین دەكات، زۆرجار پێڕۆ لەسەر شان بەریەككەوتنێك دەبێتە شەڕیان، یان خەڵك دەبینی بەناو ئۆتۆمبیلدا لە شەقامەكانەوە دەڕوات و ژیانی لە مەترسیدایە. زۆرجاریش رووداوی لێ كەوتووەتەوە. 

دۆخەكە لە شارەكانی كوردستان جیاوازە، بەڵام لە هەولێر هیچ شوێنێك نەماوە بۆ هاتوچۆی هاووڵاتی.

خاوەن دووكانەكان: 
كارەكە بووەتە چاولێكەری و كێبەركێ

دیمەنی هێنانە دەرەوەی كەلوپەل لەناو بازاڕ و دووكانەكان بەرچاوە، هۆشیار عەلی پەیامنێری "وشە" لە سلێمانی دەڵێ، بەشی زۆری بازاڕەكانی سلێمانی بەدەست ئەو جەنجاڵییەوە گیرۆدەن، هاووڵاتی ناتوانێ بەسەر شۆستەكاندا هاتوچۆ بكات، كاتێكیش بە ناچاری دێنە سەر شەقامەكان، گرفت بۆ ئۆتۆمبێل دروست دەبێت بەتایبەت لای شەقامی كاك ئەحمەدی شێخ و بەردەم مزگەوتی گەورە تا دەگاتە دادگای كۆن.
 عەلی حوسێن یەكێكە لە دووكاندارەكانی سلێمانی، بە"وشە" دەڵێ "بابەتەكە بووەتە چاولێكەری و ناچاری، كاتێك دووكاندارێك كەلوپەلەكانی دەهێنێتە دەرەوە، ئەوانی تریش ناچاری ئەو كارە دەبن، بەڵام ئەگەر هەموو دووكاندارەكان پابەندبن، شتێكی باشە".

رەفیق محەمەد كە دووكاندارێكی ترە لە سلێمانی، هێنانە دەرەوەی كەلوپەل لەلایەن دووكاندارەوە، بۆ كێبەركێی فرۆشیار دەگێڕێتەوە وەك رێكلامێك بۆ كاڵاكانیان. رەفیق بۆ "وشە" گوتی "ئەمە بووەتە شتێكی ئاسایی لای هاووڵاتییان و لایەنی پێوەنداریش".

هێمن حەسەن كە دووكاندارێكی شاری هەولێرە، خۆی داوا دەكات شارەوانی رێكار بگرێتە بەر و سنوور دابنێ و ئەوەیشی پابەند نەبێت، سزا بدرێ. هێمن بۆ "وشە"ی روون كردەوە "خەڵك بە ئارەزووی خۆی كەلوپەل دەهێنێتە دەرەوە، تەنیا ئەوكاتەی شارەوانی دێت، دەیبەنە ژوورەوە".

ئەو دووكاندارە باسی روودانی لێدانی ئۆتۆمبێل لە ژنێك دەكات كە خۆی بینویەتی و پێی وابوو هۆكارەكەی ناچاری ژنەكە بوو كە لەسەر شەقام بڕوات، بەهۆی داگیركردنی شۆستەكە لەلایەن دووكاندار و دەستگێڕەكانەوە.

مامەند ئیبراهیم خدر یەكێكی ترە لەو دووكاندارانەی قسەی بۆ بڵند ئیبراهیم پەیامنێری "وشە" لە هەولێر كردووە، ئەو دەڵێ "شارەوانی بە بەردەوام داوا لە دووكاندار دەكات كەلوپەل بكشێننەوە، بەڵام خەڵك پابەند نابن و شارەوانیش سزای كەس نادات". 
كاتی دەوامی فەرمی كەمتر شۆستەكان دەگیرێن، بەڵام دواتر هیچی نامێنێتەوە

بەگوتەی مامەند "كاتی دەوامی فەرمی كەمتر شۆستەكان دەگیرێن، بەڵام دواتر هیچی نامێنێتەوە".

 ستار جەعفەر دووكاندارێكی پارێزگای هەڵەبجەیە و بە"وشە"ی راگەیاند، تەنیا من نیم شۆستەم داگیر كردووە، ببینە هەموو دووكاندارەكان كردوویانە. ددان بەوەشدا دەنێ كە شارەوانی ئاگاداری كردوونەتەوە. وەك خۆی گوتی "زۆرجاریش سزای دارایی داوین".

شیمال زادە دووكاندارێكی شارەدێی شێلادزێی سەر بە پارێزگای دهۆك، ئەوە دەخاتە ڕوو كە یەكێك لە هۆیەكانی داگیركردنی بەردەوامی شۆستە لەلایەن دووكاندارەوە، بۆ نەبوونی یاسا یان سزای كەم لەلایەن شارەوانی دەگەڕێتەوە.

هاوكات ئاراز هۆشیار دووكاندارێكی شاری دهۆك، باسی لەوە كرد كە ئەگەر حكوومەت رژد بێت كەس سەرپێچی ناكات، بەڵام كە دەرفەت بدرێت شۆستە بۆ خستنەڕووی كاڵا بەكار دێنین.

رێكخستنەوەی شۆستە داهاتێكی زەبەلاحە بۆ حكوومەت ئەگەر بە یەك رێنوێنی روون شارەوانی دەستنیشانی بكات كە بە مەتر بە كرێی دەدات، لەو حاڵەتەدا گرنگە شارەوانی كرێی زۆر دابنێت تا دووكاندار سوود لە شۆستەكە نەبینن و سیمای شار بگەڕێتەوە بۆ ناوچەكانی كوردستان، خۆئەگەر دووكاندارێك كرێكەی دا، مەترێك بەنموونە بە كرێ بدرێت نەك هەموو شۆستەكە.


هاووڵاتییان: 
داگیركردنی شۆستە، هیچی كەمتر نییە لە گەندەڵیی بەرپرسان

هاووڵاتییان بێزارن لەوەی شۆستەكانیان داگیر دەكرێ و ناچار بە رۆیشتنی سەر شەقام دەكرێن. ئەوان باس لە وەرزی زستان و باران دەكەن كە بەهۆی گرتنی شۆستەوە ناچارن بچنە بەر باران، بۆیە داوا لە شارەوانی دەكەن بەردەوام چاودێری رێكخستنی بازاڕ بكەن، نەك تەنیا كاتی دەوام و سزاكانیش توند بكرێن تا دووكاندار بۆ دەرفەت نەگەڕێت و شۆستە داگیر بكات.

لەم بەدواداچوونەی "وشە"دا دەركەوت لە زۆر شوێن چاودێرانی شارەوانی بە ئەركی خۆیان هەڵناسن، یان بە چا و كەبابی بەلاش بەرچاویان گیراوە و كارەكەیان خستووەتە بەرژەوەندی خواردنگە و چایخانە و دووكاندارەوە.

پێرس محەمەد لە هەولێر، بە"وشە" دەڵێ، "بێزار بووین. هاوكات" بڕیار ساڵح لە سلێمانی گوتی، "زستان ناچارین لەبەر باران بڕۆین بەهۆی داگیركردنی شۆستەكان لای دووكانداران". لای خۆیەوە بەختیار عەبدوڵا لە دهۆك "كەمیی سزا و چاوپۆشی شارەوانی، ژیانی بۆ رێبوار نەهێشتووە و سیمای شاری شێواندووە".

سالار ڕەئووف هاوڵاتییەكی دانیشتووی خورماڵ لە پارێزگای هەڵەبجە، باس لە گەندەڵیی بەرپرسان دەكات كە خەڵك بەردەوام باسی دەكەن. ئەوەیش دەخاتە ڕوو كە "ئەمە كەمترین دەرفەتە بە هاووڵاتی دراوە، بەڵام ئەوانیش گەندەڵیی تێدا دەكەن و موڵكی گشتی داگیر دەكەن".
زیاتر گوتی "جیاوازی چییە لە نێوان دووكاندارێك و بەرپرسێك كاتێك دووكاندارەكە شۆستە داگیر دەكات و بەرپرسەكەیش زەویی، هیچ جیاوازی نابینم، چونكە بەوەدا دیارە ئەگەر دووكاندارەكەیش هەمان دەسەڵات و هێزی بەرپرسەكەی هەبێت، رەنگە خراپتر بكات".
دڵشاد هاووڵاتییەكی شارۆكەی سۆران لە رۆژهەڵاتی هەولێر، روونی دەكاتەوە كە بەهۆی نەبوونی یاسا و چلودێری بەردەوام، نەك دووكاندار، بەڵكو شوفێریش شۆستە داگیر دەكەن و ئۆتۆمبێلەكانیان بەسەر شۆستەوە رادەگرن. 

دڵشاد بە"وشە"ی گوت "وای لێ هاتووە شۆستە بووەتە موڵكی دووكاندار و شوفێر، شەقامیش بووەتە شوێنی پێڕۆ".

محەمەد سلێمان دووكاندارە لەناو بازاڕی سۆران، نایشارێتەوە لە ماوەی رابردوودا بەشی زۆری دووكاندارەكان زێدەڕۆییان بۆ سەر شۆستە دەكرد، بەڵام لەگەڵ دروستكردنی لیژنەی رێكخستنی بازاڕ، بەشێوەیەكی بەرچاو ئەو زێدەڕۆییە كەم بووەتەوە. 

شارەوانییەكان: 

بووەتە دیاردە و كۆنتڕۆڵ ناكرێت!

ئەگەرچی بە رێنوێنی و بڕیار ئەو مافەی خەڵك بۆ پیاسە و رێبواری رێكخراوە، پێشتر لە رێی بەكارهێنانی بۆیەی رەنگی سوور، مەترێك بۆ دووكاندار جێدەهێڵرا تا لەوە زیاتر كاڵاكانیان نەهێننە دەرەوە، بەڵام بڕیار و رێنوێنییەكانیش لەگەڵ كاڵبوونەوە و سڕینەوەی بۆیەكە، چیتر كاریان پێ نەكرا. 

بەڕێوەبەری شارەوانییەكانی شار و شارۆكەكانی كوردستان لەسەر ئەوە كۆكن كە داگیركردنی شۆستەكان بووەتە دیاردە و پێیان كۆنتڕۆڵ ناكرێت.

نۆبەدار بەرواری بەڕێوەبەری كاروباری یاسایی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەكانی دهۆك، بە"وشە" دەڵێ، شارەوانییەكان بە رێنوێنیی ئەوەیان رێكخستووە كە دووكاندار ناچار بكرێت، بەڵام ئەم پرسە پێویستی بە دەركردنی یاسا هەیە لەلایەن حكوومەت بۆ كۆنتڕۆڵكردنی یەكجارەكی.

ئەو گوتی "لە دهۆك بەراورد لەگەڵ شارەكانی تری هەرێمی كوردستان، كەمترین زیادەڕۆیی لەسەر شۆستەكان دەكرێت، خاوەن بازاڕ و دووكاندار پابەند دەبن بە رێنوێنییەكانی شارەوانی".

بەڵام ئوسامە سەبری سەرۆكی شارەوانیی خورماڵ رای دەگەیەنێت كە بەردەوام دووكاندار سزا دەدەن، بەڵام نایشارێتەوە "بە ڕاستی فریا ناكەوین و ناتوانین كۆنتڕۆڵی ئەو دیاردە بكەین".

"سزاكە زۆر كەمە، دووكانداریش بەو سزایە پابەند نابێت بە رێنوێنییەكە و ناشتوانین بەردەوام دووكاندار سزا بدەین، بەڵام ئەگەر سزاكە زۆر بێت، ئەوا دووكاندار پابەند دەبێت" سەبری وای گوت.  

كرمانج دەشتەكی بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانی هەولێر كە هیچ سیمایەكی شار لە هیچ نلوچەیەكی بازاڕە جیاوازەكانی هەولێردا نەماوە، بە"وشە"ی راگەیاند، دەسەڵات دراوەتە هەر شەش شارەوانی و بەردەوامیش لیژنەكان سزای دووكاندار دەدەن، بەڵام دووكاندار و عەرەبانەكان كاتێك دەزانن دەوامی لیژنەكان سەعات سێ تەواو دەبێت، كاڵاكانیان دەهێننە دەرەوە.

لای خۆیەوە سەردەشت رەفیق بەڕێوەبەری راگەیاندنی سەرۆكایەتیی شارەوانی سلێمانی هەمان بۆچوونی كرمانج دەشتەكی هەیە كە دیاردەكە زیاتر دوای تەواوبوونی دەوامی فەرمی هەستی پێ دەكرێت. 

سەبری هۆرێنی پەیامنێری "وشە" لە گەرمیان ئەوە دەخاتە ڕوو كە داگیركردنی شۆستەكان ساڵانێكە بەردەوامی هەیە و شتێكی نوێ نییە. بەگوتەی ئەو "بووەتە دیاردە و سزا كەمەكانی شارەوانی، شكستی هێناوە لەوەی دووكانداران پابەند بكات".

ئەكرەم ساڵح سەرۆكی شارەوانیی كەلار، بە"وشە"ی راگەیاند، چەندان جار دووكاندارمان سزا داوە، بەڵام بووەتە دیاردە و بنبڕ ناكرێت، ئاستەنگیشی بۆ هاتوچۆی بۆ هاووڵاتییان دروست كردووە.

 كاوە نەجم بەڕێوەبەری شارەوانی سۆران، داوا لە هاووڵاتییان دەكات ئاگاداری شارەوانی بكەنەوە تا سزای ئەو دووكاندارانە بدرێت كە شۆستەكان داگیر دەكەن. 

"وەك شارەوانی ئاگاداری دووكاندارمان كردووەتەوە و رێنوێنیمان پێ داون، ئێستە لە سۆران كۆنتڕۆڵی بازاڕ كراوە، بەڵام دەبێت هاووڵاتییانیش لەمەدا هاوكارمان بن" نەجم وای گوت. 

وەك لەم بەدواداچوونەدا دەركەوت، دۆخەكە لە حاڵەتی مشك و پشیلەدایە و هیچ پابەندییەك خەڵك و شارەوانی نەبەستووەتەوە بەیەكەوە و هەست بە هەبوونی یاسا و رێكخستن ناكرێت، بۆیە هەموو شارەوانییەكان ددان بەوەدا دەنێن دوای دەوام دیاردەكە فرەوانتر دەبێت. وەك ئەوەی دوای دەوام حكوومەت و یاسا نەبن و شەقام و شۆستە دەستی بەسەردا بگیرێت.

شەقام و شۆستە شارستانیترین لایەنی هەر حوكمڕانییەكن هەر بۆیە لە وڵاتانی پێشكەوتوو شارەوانی دیارترین فەرمانگەیە كە كاروباری ژیان رێك دەخات و وا هەست دەكرێت كە دەسەڵاتی وڵاتەكە هەمووی لای ئەوانە، بەهۆی كاریگەریی و رژدییان لە سەپاندنی یاسادا و دەستبردن بۆ هەموو وردەكارییەكی ژیانی شارستانی.

وشە/ بەدواداچوونی پەیامنێرانی "وشە"

















وشە - فه‌رمان سادق