دوو ئەندامی پەرلەمانی كوردستان ڕاپۆرتێك لەسەر كۆمپانیایەكی وەبەرهێنان بەرز دەكەنەوە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان و بەشێكی زۆری پڕۆژەكانی بە سەرپێچی و نایاسایی دەزانن.
ئەمڕۆ یەكشەم 17ـی تشرینی دووەم، دوو پەرلەمانتاری كوردستان ڕاپۆرتێكیان بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بەرز كردووەتەوە و تێیدا هاتووە، كۆمپانیای بەڕێز لە رێی سپیكردنەوە چەكی پارە بەناوی دروستكردنی 900 خانوو بۆ كەسوكاری شەهیدان، بڕی 30 هەزار تۆن چیمەنتۆی لە تاسلووجە وەرگرتووە، لە كاتێكدا ئەو چیمەنتۆیە مەدعوومە و بۆ هاووڵاتییانە، وەرگرتنی پارەكەش بە چەك تەواو نایاساییە، لە كاتێكدا نازانرێت ئەو 900 خانووەی شەهیدان لە چ پڕۆژەیەكدایە.
بڕی 30 هەزار تۆن چیمەنتۆی لە تاسلووجە وەرگرتووە
باس لەوەش كراوە، لە شارەدێی ڕزگاری سەر بە ئیداری گەرمیان، ئەو كۆمپانیایە مۆڵەتی پڕۆژەیەكی وەرگرتووە، بەڵام بەبێ دەستكاری مۆڵەتەكە دەفرۆشێتەوە بە كەسێكی تر، كەسی دووەمیش بەبێ دەستكاریكردن شوێنی پڕۆژەكەی گۆڕیوە بۆ باشترین شوێنی كەلار كە بەهاكەی ملیۆنان دۆلارە.
لە ڕاپۆرتی پەرلەمانتاران عەلی حەمەساڵح و دابان محەمەد باس لە ئەنجامدانی چەندان گەندەڵیی لە پڕۆژەكان دەكەن وەك تەواونەكردنی پڕۆژەی نیشتەجێبوون و گۆڕانكاریكردن لە نەخشەی خانووەكان و گۆڕینی رووبەری سەوزایی و خزمەتگوزاری پڕۆژەكان و فرۆشتنەوەی پڕۆژەی مۆڵەت پێدراو بە وەبەرهێنەری تر بە بەهای چەندان ملیۆن دۆلار.
داوا لە پەرلەمانی كوردستان كراوە لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لەسەر زانیارییەكانی ناو بەدواداچوونەكە پێكبهێنن و بڕیاری پێویست لەسەر گەندەڵییەكانی كۆمپانیاكە بدەن.