دواین زانیاری لەسەر دابەشكردنی نەوت ئاشكرا دەبێت

:: AM:10:09:17/11/2019 ‌
بەڕێوەبەری دابەشكردنی سووتەمەنی هەولێر ئاشكرای دەكات، لە دابەشكردنی نەوت بەردەوامن و نەوتی زیاتر بەدەستمان بگات لەناو شاریش دابەشی دەكەین.

ئەمڕۆ یەكشەم 17ـی تشرینی دووەم، ئاری كاكەشین بەڕێوەبەری دابەشكردنی نەوتی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دابەشكردنی نەوت بەردەوامە و ئێستە لە سنووری چۆمانن و دابەشكردنی نەوت لەو سنوورەش تەواو دێت و لە مێرگەسۆر دەست پێ‌ دەكات.

لە ئەگەری زیادبوونی، ئەوا لەناو شاریش دابەش دەكرێت 
بەڕێوەبەری دابەشكردنی نەوتی هەولێر گوتی، ئەو بڕە نەوتەی بۆمان دێت هەوڵ دەدەین پێش داخرانی ڕێگەوبانەكان بەهۆی بەفر لە ناوچە شاخاوییەكان دابەشی بكەین و لە ئەگەری زیادبوونی، ئەوا لەناو شاریش دابەش دەكرێت.

ئاشكرای كرد، ئەگەر نەوتی زیاتر بەردەست بێت، ئەوا تیمەكانمان دەتوانن لەناو شارەكان و لە ناوچە شاخاوییەكانیش دابەشی بكەن، هەروەها ئێستە ئەو بڕە نەوتەمان بۆ دێت و گۆڕانكاری نەبووە لە زیادبوونی.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری داوە ئەمساڵ هەموو خێزانێك بڕی بەرمیلێك نەوتی بەسەردا دابەش بكرێت و بەپێی ڕێككەوتنێكیش حكوومەتی عێراق بڕی 50 ملیۆن لیتر نەوت بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت.



وشە - رامیار جەواد