خۆپێشاندەران بەردەوامن لە مانگرتن و دووبارە گەیشتنەوە بە پردی ئەحڕار و سنك

:: PM:03:46:17/11/2019 ‌
هاوكاتی كشانەوەی هێزەكانی بەرەنگاربوونەوەی ئاژاوەگێڕی، دووبارە خۆپێشاندەران گەیشتنەوە بە پردی ئەحڕار و سنك لە ناوەڕاستی بەغدا. حەسان تۆفانی چالاك لە حلە دەڵێ، خۆپێشاندان گەورەترین رووبەڕووبوونەوەیە بەرانبەر بە گەندەڵی و بەردەوام دەبین تا حكوومەت ناچار بە دەست لەكاركێشانەوە دەكەین.

ئەمڕۆ یەكشەم 17ی تشرینی دووەم، بە قسەی شایەتحاڵەكان، خۆپێشاندەران دووبارە گەڕانەوە بۆ سەر پردی ئەحڕار لە ناوەڕاستی بەغدا پاش ئەوەی هێزەكانی بەرەنگاربوونەوەی ئاژاوەگێڕی لەو ناوچەیە كشانەوە. هاوكات لە هەوڵێكی خۆپێشاندەران بۆ دەستگرتن بەسەر پردی سنك، دوای لابردنی كۆنكرێتەكان لە گۆڕەپانی خەلانی لە ناوەڕاستی بەغدا، بەهۆی پێكدادان لەنێوان خۆپێشاندەران و هێزە تەناهییەكان، خۆپێشاندەرێك گیانی لە دەست دا و دەیانی تریش بریندار بوون.

هەوڵی خۆپێشاندەران بۆ دەستگرتن بەسەر هەردوو پردەكە، هاوكاتە لەگەڵ مانگرتنی سەرانسەری خۆپێشاندەران لە بەغدا و شارەكانی باشوور، پاش ئەوەی چالاكان داوایان لە خەڵك كرد مانگرتنی سەرانسەری رابگەیەنن.

خۆپێشاندان گەورەترین رووبەڕووبوونەوەیە بەرانبەر بە گەندەڵی و بەردەوام دەبین تا حكوومەت ناچار بە دەست لەكاركێشانەوە دەكەین


"فرانس پرێس" بڵاوی كردەوە كە لە بەسڕە تا دەگات بە كووت و نەجەف و دیوانیە و حلە و ناسرییە، دەرگای قوتابخانە حكوومییەكان داخراون، هاوكات خۆپێشاندەرانیش لە بەسڕە دەستیان بە سووتاندنی تایە كردووە بۆ رێگرتن لە فەرمانبەران تا نەچنە سەر دەوام. 

هەر ئەمڕۆ سەندیكای ئەندازیاری نەوت و گاز، بڕیاری بایكۆتی دەوامیان راگەیاند وەك وەڵامێك بۆ داخوازی خۆپێشاندەران داوایان لە فەرمانبەرانی سێكتەری نەوتی كرد نەچن بۆ دەوام.

لە حلە دەرگای فەرمانگە و قوتابخانەكان داخران و هەزاران فەرمانبەر و قوتابی مانگرتنیان لەبەردەم بارەگای ئەنجوومەنی پارێزگا ئەنجام داوە. 

حەسان تۆفانی چالاك لە حلە دەڵێ، خۆپێشاندان گەورەترین رووبەڕووبوونەوەیە بەرانبەر بە گەندەڵی و بەردەوام دەبین تا حكوومەت ناچار بە دەست لەكاركێشانەوە دەكەین. 

هاوكات لە ناوەڕاستی بەغدا، وەك رۆژانی رابردوو خۆپێشاندانێكی گەورە لە گۆڕەپانی تەحریر و گۆڕەپانی خەلانی نزیك پردی سنك بەڕێوە چوو، هێزە تەناهییەكانیش رێوشوێنی زۆر توندیان دژ بە خۆپێشاندەران گرتووەتەبەر.

جێی باسە ماوەی سێ هەفتە زیاترە خۆپێشاندەران لە گۆڕەپانی تەحریر جێگرن و باڵەخانەی سەر چێشتخانەی توركیش بووەتە بارەگای خۆپێشاندەران و لەوێ ئاراستەی خۆپێشاندانەكانی هەموو عێراق دەكرێت. 

 ئێستە خۆپێشاندەران چوار پردی هەرە گرنگی بەغدایان لەسەر رووباری دیجلە كۆنتڕۆڵ كردووە كە رۆژهەڵاتی بەغدا بە رۆژئاوای دەبەستێتەوە، لەوانە ناوچەی سەوز كە زۆرینەی بارەگاكانی حكوومەت باڵوێزخانەكانی لێیە، بەڵام هێزە تەناهییەكان توانییان سێ پرد لە دەستی خۆپێشاندەران دەربهێنن و خۆپێشاندەران ناچار بە پاشەكشە بكەن بۆ گۆڕەپانی تەحریر و پردی جمهووری.


وشە - فه‌رمان سادق