ئەمەریكا پشتگیری خۆپێشاندەرانی ئێران دەكات.. خامنەیی هاتە دەنگ

:: PM:03:51:17/11/2019 ‌
دوای بڕینی هێڵی ئینتەرنێت و تۆمەتباركردنی خۆپێشاندەران بە خیانەتكار، خامنەیی پشتگیری لە گرانكردنی نرخی بەنزین راگەیاند، دەسەڵاتدارانیش 40 خۆپێشاندەریان لە شاری یەزد گرتووە، هاوكات سەركردەی پۆلیسی كرمانشانیش كوژراوە، ئەمەریكاش داوا لە كۆمپانیاكانی ئینتەرنێت دەكات هەژماری بانكی بەرپرسانی ئێرانی رابگرێت.
 
خۆپێشاندانەكانی ئێران بەردەوامی هەیە و نزیك دەبێتەوە لە هەفتەی یەكەمی، تا ئێستەش دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە پشتگیری و پێداگیری لە بڕیاری گرانكردنی نرخی بەنزین دەكەن، تەنانەت ئەمڕۆ یەكشەم 17ی تشرینی دووەم، عەلی خامنەیی رابەری ئێران لە باڵاترین هەڕەمی دەسەڵات پشتگیری خۆی بۆ گرانكردنی نرخی بەنزین دووپات كردەوە و رای گەیاند، گرانكردنی نرخەكە بە كۆدەنگی هەرسێ دەسەڵاتەكە بووە.

لە شارۆكەی یەزد كە دەكەوێتە ناوەڕاستی ئێران، بەریەككەوتن لەنێوان پۆلیس و خۆپێشاندەران سەریان هەڵدا و بەهۆیەوە 40 خۆپێشاندەر گیران، دەسەڵاتدارانیش دەڵێن ئەوانە كاری گێرەشوێنییان كردووە، هاوكات بنكەیەكی پۆلیس لە كرمانشان هێرشی كرایە سەر و یەكێك لە پۆلیسەكانی بنكەكە بەهۆی كاری گێرەشێوێنی كوژرا.

بڕیارەكەی حكوومەت 300% نرخی بەنزین گران كردووە


گرتنی ئەو 40 خۆپێشاندەرە لە كاتێكدایە خۆپێشاندان لە 50 شار و شارۆكەی ئێران بەردەوامی هەیە دژ بە گرانكردنی نرخی بەنزین. 

خامنەیی رای گەیاند، بە سێ دەسەڵاتەكەم گوتووە ئەگەر بڕیاری گرانكردنی نرخی بەنزین هەرسێ دەسەڵات پێی رازین، ئەوا منیش پشتگیری دەكەم. 

بڕیارەكەی حكوومەت بۆ گرانكردنی نرخی بەنزین بەمجۆرەیە، 50% بۆ 60 لیتری یەكەم كە شوفێر لە بەنزیخانە لە ماوەی یەك مانگ دەیكڕێت، لەم بڕە زیاتر نرخەكەی 300% بۆ هەر لیترێك زیاد دەكات.

ئەو بڕیارەی حكوومەت خەڵكی تووڕە كرد و رژانە سەر شەقامەكان، حكوومەتیش لە وەڵامدا هێڵی ئینتەرنێتی لەسەر بڕین و تۆمەتباری كردن بە خیانەتكار و توندوتیژی لە دژ ئەنجامدان. 

لەسەر بڕینی هێڵی ئینتەرنێت، لین خودوركوفسكی راوێژكاری لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا داوای لە كۆمپانیا گەورەكانی ئینتەرنێت كرد كە هەژماری بانكی بەرپرسانی ئێرانی رابگرێت وەك وەڵامدانەوەیەك دژ بە دەسەڵاتداران لە بڕینی هێڵی ئینتەرنێت لەسەر خۆپێشاندەران. 

قسەكانی راوێژكارەكەی وەزارەتی دەرەوە هاوكاتە لەگەڵ لێدوانی مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا كە پشتگیری وڵاتەكەی بۆ خۆپێشاندەرانی ئێران راگەیاند.



وشە - فه‌رمان سادق