هەسەدە رێككەوتن لەسەر چۆڵكردنی تل تەمەر رەت دەكاتەوە

:: PM:06:45:17/11/2019 ‌
هێزەكانی سووریای دیموكرات، بوونی رێككەوتن لەسەر كشانەوەی هێزەكانیان لە تل تەمەر و شەقامی نێودەوڵەتی (M4) رەت دەكەنەوە، ئەمەش هاوكاتی بڵابوونەوەی هەواڵی رێككەوتنی توركیا و رووسیا و هەسەدەیە لەسەر ئەو پرسە.

كەمێك پێش ئێستە، هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) لە بەیاننامەیەكدا بۆ رای گشتی، بوونی رێككەوتن لەنێوان هەسەدە و رووسیا و توركیای رەت كردەوە لەسەر كشانەوەی هێزەكانیان لە تل تەمەر و رێگای نێودەوڵەتی.

هەسەدە: هیچ رێككەوتنێكمان نەكردووە بۆ چۆڵ كردنی تل تەمەر

هەسەدە لە بەیاننامەیەكدا كە كۆپی دەست "وشە" كەوتووە، بوونی رێككەوتن و وەستانی جەنگ لە میحوەری تل تەمەر و رادەستكردنی رێگەی نێودەوڵەتی (M4) بە پۆلیسی سەربازی رووسی و سوپای سووریا رەت دەكاتەوە و دەڵێ، ئەو هەواڵە دوورە لە راستییەوە و بۆ رای گشتی دووپات دەكەینەوە كە لەشركێشی توركیا و گروپە میلیشیاكانی سەر بە توركیا، هێشتا بەردەوامن لە ئەنجامدانی توندترین هێرشی بۆ سەر گوندەكانی شارۆكەی تل تەمەر و پابەندی هیچ رێككەوتنێك نەبووە پێوەند بە وەستانی جەنگ.

كینۆ گبییل گوتەبێژی فەرمی هێزەكانی سووریا دیموكرات، گوتی "هێرشەكانیان تا ئێستەش بەردەوامە و پابەندی ئاگربەست لەگەڵ رووسیا و ئەمەریكاش نەبووە". 

رەت كردنەوەی بوونی رێككەوتن لەسەر كشانەوە لەم ناوچانە لە كاتێكدایە دوێنێ لە میدیاكان هەواڵی رێككەوتنی هەسەدە لەگەڵ رووسیا و توركیا بڵاو بووەوە لەمەڕ كشانەوەی هێزەكانی هەسەدە لە تل تەمەر و رادەستكردنی رێگەی نێودەوڵەتی (M4) بە پۆلیسی سەربازی رووسی و سوپای سووریا.



وشە - فه‌رمان سادق