سەرۆكایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پارەی پێویست بۆ تەواوكردنی كارەكانی پڕۆژەی نەخۆشخانەی پێشمەرگە دابین دەكات، ئەوەیش بریتییە لە دروستكردنی شەقامێك بۆ نەخۆشخانەكە.
ئەمڕۆ دووشەم 17ـی تشرینی دووەم، بەپێی ڕاگەیەنراوێكی سەرۆكایەتی شارەوانیی هەولێر ئاشكرا كراوە، لە قۆناغی یەكەمدا سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بڕی یەك ملیار دیناری بۆ دروستكردنی شەقامی نەخۆشخانەی پێشمەرگە لە هەولێر دابین كرد.
ڕوون كراوەتەوە، ئەو پڕۆژەیە لەلایەن شارەوانیی هەولێر سەرپەرشتی دەكرێت و بەچەندان قۆناغ تێپەڕیوە وەك تێكەڵڕێژ و كربیستۆن و بەردی شكاو و چینی ستاپلایزەر و پڕكردنەوە و ڕاستكردنەوە.
بڕی ملیارێك و 330 ملیۆن دینار وەك قۆناغی دووەم
باس لەوەش كراوە، وەك قۆناغی دووەم و كۆتایی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا بە خەرجكردنی بڕی ملیارێك و 330 ملیۆن دینار وەك قۆناغی دووەم كە بەشێوەی راستەوخۆ لەلایەن سەرۆكایەتی شارەوانیی هەولێر جێبەجێ دەكرێت.
نەخۆشخانەی پێشمەرگە ئێستە بەشێكی زۆری كارەكانی تەواو بووە و چەندان ئامێری پێشكەوتووی بۆ دابین كراوە، ئەوەیش وەك دیارییەك بوو لەلایەن هاوپەیمانانی شەڕی دژی داعش بۆ پێشمەرگە بەرانبەر ئەو ئازایەتییەی نیشانیان دا ئەو نەخۆشخانەیە دروست كرا.