لە بەردەم وەزارەتی خوێندنی باڵا خۆپێشاندانە

:: AM:10:48:18/11/2019 ‌
ژمارەیەكی زۆری قوتابیانی زانكۆ لە بەردەم وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، گردبوونەوەیەكیان ئەنجام دا و داوای ددانپێدانانی ئەو وەزارەتەیان دەكرد بۆ زانكۆكانیان.

ئەمڕۆ دووشەم 18ـی تشرینی دووەم، زانست یەحیا نوێنەری قوتابیانی زانكۆی قەڵەم بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئێمە قوتابیی چوار زانكۆین كە بووینەتە قوربانی بڕیارێكی وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئەویش ددان نەنانە بە خوێندنی ئەو زانكۆیانە.

وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق خوێندنی ئێمەی قبووڵ كردووە 
نوێنەری ئەو قوتابیانە گوتی، ژمارەی ئێمە زیاتر لە هەزار قوتابییە، وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق خوێندنی ئێمەی قبووڵ كردووە ودانپێدانانی بۆ ئێمە كردووە، كەچی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی كوردستان ماوەی چوار ساڵە ئێمە ماندوو دەكات و ئامادە نییە قبووڵی خوێندنی ئەو زانكۆیانە بكات.

باسی لەوەش كرد، لە ڕابردوو وەزیری خوێندنی باڵا بەڵێنی پێ داین خوێندنی ئێمە قبووڵ بكات، كەچی تا ئێستە ئەو بڕیارە زیاتر لە ساڵ و نیوێكی بەسەردا چووە جێبەجێ‌ نەكراوە.

هەریەك لە زانكۆكانی قەڵەم و كتاب و حدبا و نوور، چوار ناوەندی خوێندنن كە تا ئێستە وەزارەتی خوێندنی باڵا ئامادە نییە ددان بەخوێندنی ئەو شوێنانە بنێت.



وشە - رامیار جەواد