داواكاری گشتیی هەرێم سكاڵا لەسەر چەند ڕۆژنامەیەك تۆمار دەكات

:: AM:10:49:18/11/2019 ‌
داواكاری گشتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، سكاڵا لەسەر چەند ڕۆژنامە و سایتێكی هەرێمی كوردستان تۆمار دەكەین بەهۆی بڵاو كردنەوەی هەواڵێكی ناڕاست لەسەر دامەزراوەكەمان.

ئەمڕۆ دووشەم 18ـی تشرینی دووەم، لە روونكردنەوەیەكی سەرۆكایەتیی داواكاری گشتیی هەرێمی كوردستان هاتووە، دوای ئاگەداربوونمان لە چەند هەواڵێكی ناڕاست كە لە چەند سایت و رۆژنامەیەك بڵاو كراونەتەوە، گوایە سەرۆكایەتیی داواكاری گشتی بەدواداچوون دەكات لەسەر كڕینی ڤێلایەك لەلایەن سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە لەچەند سایتێكی ئەمەریكی هەواڵەكە بڵاو كرابووەوە.

رێكاری یاسایی دەگرینەبەر بەرانبەر بەم سایت و رۆژنامانەی كە ئەم جۆرە هەواڵانە بڵاو دەكەنەوە 
سەرۆكایەتیی داواكاری گشتی ئاشكرای كردووە، ئێمە وەك سەرۆكایەتیی داواكاری گشتی پێتان ڕادەگەیەنین كە داودەزگاكەمان بەهیچ شێوەیەك سكاڵا و بابەتی لەم جۆرەی بەدەست نەگەیشتووە و كارمان لەسەر نەكردووە، ئەو هەواڵانە دوورن لە ڕاستی.

باس لەوەش كراوە، ئێمە وەك سەرۆكایەتیی داواكاری گشتی رێكاری یاسایی دەگرینەبەر بەرانبەر بەم سایت و رۆژنامانەی كە ئەم جۆرە هەواڵانە بڵاو دەكەنەوە كە دەبنە هۆی لەكەداركردنی دەزگاكەمان.

دوێنێی نووسینگەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە روونكردنەوەیەكدا رای گەیاندبوو، لەم چەند ڕۆژەی دواییدا هەواڵێكی ناڕاست لە سایتێكی ئەمەریكی بڵاو كرابووەوە، بە شێوەیەكی ناڕەوا ناوی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە بابەتی كڕینی ڤیلایەكەوە لكێنرابوو.

لە راگەیەنراوەكەدا ئاماژە بەوە دراوە، بەداخەوە هەندێ سایت و میدیای ناوخۆش بەشێوەیەكی چەواشەكارانە پەرەیان بەو هەواڵە ناڕاستە داوە.

دووپات كراوەتەوە، ئێمە لە نووسینگەی سەرۆكی حكوومەت، سەر لەبەری ئەو هەواڵە ڕەت دەكەینەوە و رێكاری یاساییش بەرانبەر بەو چەواشەكارییانە دەگرینەبەر.



وشە - رامیار جەواد