به‌غدا و هه‌رێم به‌شێوه‌ی سه‌ره‌تایی ڕێككه‌وتوون له‌سه‌ر پرسی بودجه‌ی 2020ی گشتی عێراق و هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم، په‌رله‌مانتارێكیش زانیاری زیاتر ده‌دات.
ئه‌مڕۆ دووشه‌م 18ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ر، به‌پێی زانیارییه‌كانی "وشه" كه له كۆبوونه‌وه‌ی نێوان سه‌رۆكایه‌تی حكوومه‌تی عێراق و سه‌رۆك كۆماری عێراق و سه‌رۆكی هه‌رێمه‌وه ده‌ستی كه‌وتووه، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا ڕێككه‌وتنی سه‌ره‌تایی كراوه له‌سه‌ر هه‌نارده‌ی بڕی 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له ڕێگه‌ی كۆمپانیای سۆمۆوه، له‌به‌رانبه‌ردا به‌غدا شایسته داراییه‌كانی هه‌رێم بدات.
چاوه‌ڕوان ده‌كرێت پڕۆژه یاسای بودجه‌ی 2020ی عێراق بگاته په‌رله‌مان
بۆ ئه‌وه‌ی ڕێككه‌وتنی كۆتایی بكرێت له‌سه‌ر پرسی نه‌وت و بودجه و پشكی هه‌رێم، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت پڕۆژه یاسای بودجه‌ی 2020ی عێراق بگاته په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه‌ی گفتوگۆی زیاتری له‌سه‌ر بكرێت و بگه‌نه ڕێككه‌وتنی كۆتایی.
لای خۆیه‌وه ناسر هه‌ركی ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له فراكسیۆنی پارتی به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، له‌سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌مدواییه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ به‌غدا چه‌ند پرسێك تاوتوێ كراون، له‌وانه پرسی خۆپێشاندانه‌كان و پشتیوانی حكوومه‌تی عێراق به‌سه‌رۆكایه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی، بۆ ئه‌وه‌ی داواكاری خۆپێشانده‌ران جێبه‌جێ بكرێت.
ڕوونیشی كرده‌وه كه له پرسی بودجه و پشكی هه‌رێم و هه‌نارده‌ی نه‌وت، سه‌رۆكی هه‌رێم دڵنیایی داوه‌ته حكوومه‌تی عێراق كه پرسی ڕاده‌ستكردنی نه‌وتی هه‌رێم ناكه‌نه كێشه و له‌و ڕووه‌وه ئاماده‌ی هه‌موو هاوكارییهكن.
یه‌كێك به به‌رنامه‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تی مه‌سروور بارزانی چاره‌سه‌ركردنی ته‌واوی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدایه و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش چه‌ند جارێك شاندی نێوان هه‌ردوو لا كۆبوونه‌ته‌وه.
سلێمانی/ هه‌ستیار عه‌بدوڵا