هۆكاری كەمبوونەوەی كارەبای نیشتمانی ئاشكرا دەبێت

:: AM:10:52:19/11/2019 ‌
بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای هەولێر هۆكاری كەمبوونەوەی كارەبای نیشمانی ئاشكرا دەكات و ڕوونی دەكاتەوە پێویستی هەولێر بۆ كارەبا دوو هەزار مێگاواتە و ڕۆژانە 950 مێگاوات كارەبا دابین دەكرێت.

ئەمڕۆ سێشەم 19ـی تشرینی دووەم، حوسێن حەمەقادر بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، كەمبوونەوەی كارەبا بەهۆی سەرماوەیە و هاووڵاتییەكی زۆر هیتەر و گەرمكەرەوەی كارەبایی بەكار دەهێنێت.

ئێستە لەگەڵ 15 ڕۆژ پێش ئێستە جیاوازە و هاووڵاتییان گەرمكەرەوە زۆر بەكار دەهێنن 
بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای هەولێر گوتی، لە هاتنی كارەبای نیشتمانی هیچ كەمبوونەوەیەك نییە و ڕۆژانە 950 بۆ هەزار مێگاوات كارەبا بۆ هەولێر دابین كراوە، بەڵام ئێستە لەگەڵ 15 ڕۆژ پێش ئێستە جیاوازە و هاووڵاتییان گەرمكەرەوە زۆر بەكار دەهێنن لە ڕێی كارەباوە.

باسی لەوەش كرد، هەولێر بەشێوەی گشتی پێویستی بە دوو هەزار مێگاوات كارەبا هەیە، هەروەها ڕەنگە هەندێك جار كەمبوونەوە لە كارەبا هەبێت بەهۆی بوونی كێشە لە بۆڕییەكانی غاز، بەڵام بەشێوە گشتییەكەی هیچ كێشەیەك لە كارەبای نیشمانی نییە، بەڵكو كێشە لە بەركاهێنانیەتی.

ماوەی دوو ڕۆژە پێدانی كارەبای نیشتمانی بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە و وەرزی سەرماش دەستی پێ‌ كردووە و بەكارهێنانی هیتەر و سپلیت بۆ گەرمكەرەوە زۆر بووە.



وشە - رامیار جەواد