بێگەرد تاڵەبانی: لە پێشینەی كارەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ زیادكردنی بەرهەمی خۆماڵییە

:: PM:07:04:20/11/2019 ‌
هاوكاتی خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژە یاسای بەرهەمی خۆماڵی لە هەرێمی كوردستان، بێگەرد تاڵەبانی دەڵێ، لە پێشینەی كارەكانی وەزارەتی كشتووكاڵ پاراستن و زیادكردنی بەرهەمی خۆماڵییە و بۆ ئەمەش هەوڵی هەمواری یاسای وەزارەتی كشتووكاڵ دەدەین.

پاراستن و زیادكردنی بەرهەمی خۆماڵی ئەولەویەتی كارەكانمانە

ئەمڕۆ چوارشەم 20ی تشرینی دووەم، وەزیرانی كشتووكاڵ و پیشەسازی لەسەر پڕۆژە یاسای پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی كە خوێندنەوەی یەكەمی لەلایەن پەرلەمانی كوردستان بۆ كراوە، لەگەڵ رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمان و لیژنەكانی یاسایی و وزە و سامانە سروشتییەكان كۆ بوونەوە و تاوتوێی پڕۆژە یاسایەكەیان كرد.

لە بەیاننامەیەكی وەزارەتی كشتووكاڵ هاتووە كە كۆپی بۆ "وشە" نێردراوە، بێگەرد تاڵەبانی لە كۆبوونەوەكەدا سەرنجی وەزارەتەكەی لەسەر پڕۆژە یاسایەكە بە پەرلەمانی كوردستان داوە و هێمای بۆ ئەوەش كردووە كە  لە پێشینەی كاری وەزارەتەكەی پاراستن و برەودان و زیادكردنی بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی كوردستان دەبێت.

وەزیری كشتووكاڵ گوتیشی " پاراستن و زیادكردنی بەرهەمی خۆماڵی لە پێشینەی كارەكانمانە لە رێگەی هەمواری یاسا و رێنماییەكان بۆ ئەوەی بتوانین دەستی كەرتی تایبەت بگرین تا وەبەرهێنان لە كەرتی كشتووكاڵ و ئاودێری بكەن".

لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاری پێكهێنانی لیژنەی تایبەت درا لەنێوان هەردوو وەزارەت و لیژنە پێوەندارەكانی پەرلەمان، چاوەڕوانیش دەكرێت هەفتەی داهاتوو ئەو لیژنەیە كۆ ببێتەوە بە مەبەستی تاوتوێكردنی پڕۆژەكە و رەچاوكردنی مافی بەكاربەر.



وشە - فه‌رمان سادق