"سلێمانی پڕە لە گرووپی حزبی و دەیانەوێ‌ كێشە بۆ حكوومەت دروست بكەن"

:: AM:09:15:21/11/2019 ‌


شاخەوان رەئووف بەگ ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، لەم دیمانەیەی "وشە"دا ڕای دەگەیەنێت، یەكێتی لە ڕێی گرووپە جیاوازییەكانیەوە دەیەوێ‌ ئاستەنگ بۆ حكوومەت و تەنانەت سلێمانیش دروست بكات. ئەوەیش دەخاتەڕوو كە لە داهاتوویەكی نزیكدا پڕۆژەی چاكسازی دەگاتە پەرلەمان و چاكسازیی گەورە ئەنجام دەدرێ‌َ.

فراكسیۆنی گۆڕان هەڵسەنگاندنی بۆ پەرلەمانی كوردستان چییە، لە كاتێكدا ڕەخنەی زۆر لەسەر كارەكانی پەرلەمان هەیە و ئێوە بێدەنگن؟
پەرلەمان لەو قۆناغەی ئێستە تەنیا كاری دروستكردنی لیژنەكان و دابەشكردنیان بووە تا بە كارای كاری خۆیان بكەن و ئێستە دەیكەن، چەند پڕۆژەیاسایەك هەن بەشێكی تەواو بوون و بەشێكی زۆریشی ماون، بۆیە ئەوەی دەبینرێ‌ و ساڵێكە پەرلەمان خولی نوێی دەست پێ كردووە، خاوە خاو بە كارەكانیەوە دیارە، بەڵام ئەوە جێی چارەسەرە. لەگەڵ ئەوەی هێشتا بەشێكی زۆر لە لیژنەكان ماون دروست بكرێن.

جگە لە چاكسازی هیچ مەرجێك لە نێوان پارتی و گۆڕان نییە
بەڵام ساڵێكە ئەو خولەی پەرلەمان هەیە، یەك مادەی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاكان و یاسایەكیش بۆ زێدەڕۆیی پەسەند كراوە، ئەوە كەم نییە؟

جگە لەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، یاسا بۆ موڵكە بێ‌ تاپۆكان دەرچووە و ئێستە كۆمەڵێك پڕۆژەی تر لە بەردەستن، بەڵام ئەوە ساڵی یەكەمە و كارەكان بەمشێوەیە دەبێت كە لیژنەكان چالاك بكرێن، سەرباری ئەوەی تێبینیمان هەیە لەسەر كاری سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان، دەستەی سەرۆكایەتیی دەبوو باشتر ڕۆڵ ببینن و دەست بۆ هەموو پرسەكانی پێوەست بە پەرلەمان ببەن، چونكە هێشتا بەشێكی زۆر لە پۆستەكانی ناو پەرلەمان دابەش نەكراون و پێویستە دەستەی سەرۆكایەتیی بە یەك چاو سەیری هەموو فراكسیۆنەكان بكەن.

ئایا ڕێككەوتنی گۆڕان و پارتی لەسەر بنەمای بێدەنگی ئێوەیە لە پەرلەمان؟

نەخێر، گۆڕان و پارتی لەسەر چاكسازی ڕێككەوتوون و جگە لە چاكسازی هیچ مەرجێك لە نێوان پارتی و گۆڕان نییە، پێداگری لەسەر تێپەڕاندنی ئەو پڕۆژە چاكسازییە دەكەین كە بڕیارە ئەنجوومەنی وەزیران بینێرێتە پەرلەمان.

قسەتان لەسەر تێپەڕبوونی 100 ڕۆژی كابینەی نۆیەم چییە، هیچ هەڵەسەنگاندنێكتان هەیە؟

بەڵێ‌، فراكسیۆنی گۆڕان ڕاپۆرتی خۆی لەبارەی 100 ڕۆژی حكوومەت داوەتە گۆڕان، تێبینییەكان تەنیا لە چوارچێوەی هەوڵی زیاترە بۆ خزمەتكردن و لەبەرچاوگرتنی ڕێككەوتنی سیاسیی نێوان لایەنەكان، قسەی رژدمان ئەوە بووە كە پێویستە خزمەتگوزارییەكان شۆڕ بكرێنەوە بۆ هەموو ناوچەكانی كوردستان، بەڵام ئەو ماوەیە نابێ‌ بە پێوەر بۆ هەڵسەنگاندنی حكوومەت و پێویستە ماوەی درێژتر بە حكوومەت بدرێ‌.

گۆڕان كەی بەنیازە پۆستەكانی پڕ بكاتەوە لە حكوومەت؟

گۆڕان بۆ هەموو پۆستەكان یەكلا بووەتەوە و هەموو ئامادەكارییەكمان بۆ بەركەوتەكانی حكوومەت هەیە، ئێستە لیژنەیەكی ناوخۆیی حزب كار لەسەر ئەوە دەكات و دواتر ناوەكان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران دەنێرین.
یەكێتی دەسەڵاتی ڕەهای لە حكوومەت هەیە و ناكرێ‌ نیوەیان وەك ئۆپۆزسیۆن دەربكەون.

خوێندنەوەتان بۆ مامەڵەی یەكێتی لەناو حكوومەت چییە؟ 

یەكێتی دەسەڵاتی ڕەهای لە حكوومەت و ئەنجوومەنی پارێزگاكان هەیە، بۆیە ناكرێ‌ بەو جۆرە مامەڵە بكەن و نیوەیان وەك ئۆپۆزسیۆن خۆیان پێشان بدەن، بەڵام گۆڕان حكوومەت بەهی خۆی دەزانێت و لە دەرەوە قسەیەكی جیاواز ناكات. 

تەنانەت ئەو قسانەی یەكێتی كە لەسەر پشكەكانی گۆڕان دەیكات، جێی تێبینییە. چونكە بڕیاربوو سەرۆكی هەرێمی كوردستان یەك جێگری هەبێ كە كرا بە دوو جێگر، خاتری یەكێتی گیراوە، گۆڕان دەیەوێ‌ لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكان پێوەندی پتەوی هەبێت و كارەكان لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان بێت، ئەگەر باسی سلێمانیش بكرێ‌ كە لە ئەنجوومەنی پارێزگاكان هاوبەشین لەگەڵ یەكێتی، ئەوە بەتەواوی تێبینی دەكەین هەندێك گرووپی حزبی لە سلێمانی دەیانەوێ‌ كێشە دروست بكەن و ئێستە سلێمانی پڕە لە گرووپی حزبی، بۆیە ئەنجامنەدانی پڕۆژە و باش بەڕێوەنەچوونی كارەكان، بەشێكی پێوەندی بە ڕێگریی ئەو گرووپە حزبییانەوە هەیە. 

دەمەوێ‌ سەرنج بخەمە سەر جێبەجێ‌ نەكردنی ڕێككەوتنەكان كە یەكێتی یەك خاڵی لێ جێبەجێ‌ نەكردووە، بەڵام ئەمجارە مەترسیمان نییە و ئێمە بۆ حكوومەت ڕێككەوتنمان لەگەڵ پارتی كردووە.

پڕۆژەی چاكسازی بە كوێ‌ گەیشت و كەی دێتە پەرلەمان؟

پڕۆژەی چاكسازی لە ئەنجوومەنی وەزیرانە و بڕیارە لە یەك دوو هەفتەی داهاتوو رەوانەی پەرلەمان بكرێ و فراكسیۆنەكان ڕای خۆیان دەرببڕن، ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە ئەوەیە، لەڕێی ئەو پڕۆژەیەوە بتوانین چاكسازی گەورە بكەین و ئاستەنگەكانی بەردەمی لا ببەین.






وشە - سه‌رخێڵ هاشم