دوێنێ بەڕێوەبەری شارەوانیی هەولێر دەستی لەكار كێشایەوە و كەسێكی تر بۆ ئەو پۆستە دیاری كراوە و شوێنەكەی دەگرێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەم 21ـی تشرینی دووەم، سەرچاوەیەك لە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەندازیار عەبدولواحید ئەحمەد بەڕێوەبەری ئەندازەی پاركەكانی هەولێر، جێی سامان بلباس دەگرێتەوە و ئەمڕۆ دەستبەكار دەبێت.
دوێنێ سامان بلباس سەرۆكی شارەوانیی هەولێر دەستی لەكار كشاندەوە و دەڵێ، دەست لەكاركێشانەوەكەی پێوەندارە بە گۆڕانكارییەكان و ئاڵوگۆڕی پۆستەكان لەناو وەزارەتی شارەوانی. بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی شارەوانیش رای گەیاند، دەست لەكاركێشانەوەكەی قبووڵ كراوە و چاوەڕوان دەكرێت لە ماوەی نزیكی داهاتوودا كەسێكی تر لە شوێنەكەی دەستبەكار بێت.
دەست لەكاركێشانەوەی سامان بڵباس سەرۆكی شارەوانیی هەولێر لەلایەن ساسان عەونی وەزیری شارەوانی قبووڵ كراوە
بەپێی زانیارییەكانی دەست "وشە" كەوتووە، وەك بەشێك لە پلانی وەزارەتی شارەوانی بڕیار هەبووە، سامان بڵباس سەرۆكی شارەوانی هەولێر لە پۆستەكەی دوور بخرێتەوە، بەڵام پێش دەرچوونی بڕیارەكە، سەرۆكی شارەوانیی هەولێر خۆی نامەی دەست لەكاركێشانەوەی رادەستی وەزارەتی شارەوانی كردووە و لەلایەن ساسان عەونی وەزیری شارەوانی، دەست لەكاركێشانەوەكەی قبووڵ كراوە.
ئەندازیار سامان محەمەد بڵباس لە ساڵی 2016 كراوە بە سەرۆكی شارەوانیی هەولێر، بەگوێرەی سۆشیال میدیای شارەوانیی هەولێر بێت، لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا 248 پڕۆژە لە سنووری شارەوانی هەولێر بە گوژمەی 800 ملیار و 472 ملیۆن و 352 هەزار دینار جێبەجێ كراون، ئەو بودجەیەش لە داهاتی 17%ـی شارەوانی و 100%تی فرۆشتنی زەوی روكن و نایاب، دابین كراوە.