جەبار یاوەر بۆ "وشە" وردەكاریی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە ئاشكرا دەكات

:: PM:12:34:21/11/2019 ‌
ئەمڕۆ پێنجشەم 21ی تشرینی دووەم، جەبار یاوەر  گوتەبێژ و ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە رای دەگەیەنێت، بەڕێوەبەرایەتی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە پێكهێنراوە بۆ جێبیەجێكردنی پلانی چاكسازی و یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە كە خۆی لە 35 خاڵ دەبینێتەوە.

جەبار یاوەر بۆ "وشە" ئاماژەی بەوە دا، بەڕێوەبەرایەتی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە هەیە كە كار بۆ جێبەجێكردنی ئەو 35 خاڵەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەكەن، بۆ ئەمەش تیم پێكهێنرا و هەندێكیان دەستبەكار بوونە و بەشێكیشیان لە گفتوگۆدان بەتایبەت یەكخستنەوەی پێشمەرگە و فەرماندەیی كاروباری كارگێڕی و ژمێریاری لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەیی 70 و 80.

گوتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەی روون كردەوە، 35 خاڵەكەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە پێشتر لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و هەردوو فەرماندەیی یەكەی 70 و 80 دەستنیشان كراون، بۆ ئەمەش خولی راهێنان بۆ زیاتر لە 30 ئەفسەر لەلایەن هاوپەیمانان كراوەتەوە بۆ داڕشتنی پلانی جێبەجێكردنی ئەو 35 خاڵە. گوتی "ئومێدمان هەیە بتوانین لە ماوەی ئەم كابینەیە هەر 35 خاڵەكە جێبەجێ بكەین".

بەڕێوەبەرایەتی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە كار بۆ جێبەجێكردنی ئەو 35 خاڵەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەكات


ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە باسی لە 35 خاڵەكە كرد، هێمای بۆ ئەوە كرد بەر لەوەی 35 خاڵەكە بدرێت بە ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆكایەتی هەرێمی بۆ پەسندكردنی، گفتوگۆ لە نێوان هەردوو فەرماندەیی 70 و 80 و وەزارەتی پێشمەرگە هەبووە بۆ ریفۆڕم لە وەزارەتی پێشمەرگە بەناوی پێشمەرگە لە ئایندە، پڕۆژەكە لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگە پەسند كراوە و پاشان لە ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان پەسند كراوە.

زیاتر گوتی "بەڕێوەبەرایەتییەك لە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ئەم پرسە پێكهێنراوە، كار بۆ میكانیزمی جێبەجێكردنی ئەو 35 خاڵە دەكات كە زیاتر لە 30 ئەفسەر دووجار مەشقیان دیوە لەلایەن تیمێكی بەریتانی".

جەبار یاوەر: ئومێدمان هەیە لەم كابینەیەدا هەر 35 خاڵەكە جێبەجێ بكەین


پێوەند بە سروشتی ئەو 35 خاڵە كە چەندی لێ جێبەجێ كراوە، جەبار یاوەر ئەوەی خستەڕوو كە 35 خاڵەكە دابەش سەر دوو بەش كراوە، بەشێكیان دەبێت لە ماوەی ساڵێك بۆ دوو ساڵ جێبەجێ بكرێن و ئەوەی تریشی لە ماوەی نێوان سێ بۆ پێنج ساڵ دەبێ جێبەجێ بكرێن. گوتی "ئەوەی ساڵێك بۆ دوو ساڵ بەشێكی جێبەجێ كراوە و ئەوەی تریشی لە جێبەجێكردندایە، بەڵام ئەوەی سێ بۆ پێنج ساڵەكە لە گفتوگۆدایە لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و هەردوو فەماندەی 70 و 80".

زیاتر گوتی "بەرنامەی وەزارەتی پێشمەرگە كە پێشكەشی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كراوە و پەسند كراوە، ئەوەیە لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا بتوانین ئەو 35 خاڵە جێبەجێ بكەین".



وشە - فه‌رمان سادق