عێراق.. سبەی مەرجەعیەت دۆخەكە یەكلا دەكاتەوە

:: PM:04:00:21/11/2019 ‌

خۆپێشاندانەكان لەسەر شەقام بەردەوامن و پەرلەمان و حكوومەتیش لە هەنگاوە چاكسازییەكان، پارتە سیاسییەكانیش كۆبوونەوەیان كردووە و كۆنووسی كۆتاییان ئامادە كردووە و هەمووان چاوەڕوانی وتاری هەینی سبەی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای نەجەفن كە چۆن یەكلای دەكاتەوە و سنووری هەوڵەكانی سێ ئاراستەكە دیاری دەكات.
خۆپێشاندانەكان چارەنووسی عێراق دەخەنە دەستی مەرجەعیەتی نەجەف
خۆپێشاندەرانی عێراق لە سەرەتای تشرینی یەكەمی رابردووەوە لە بەغدا و پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق رژاونەتە سەر شەقامەكان، ئەوان تا ئێستە سەتان كوژراو و هەزاران بریندار و گیراویان هەیە و بەردەوامن، حكوومەتی عێراق چەند بڕیارێكی چاكسازی دەركردووە و نیوەی كابینەی وەزارەتەكەی دەگۆڕێت، پەرلەمانیش پڕۆژە یاساكانی هەڵبژاردن و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و هەڵوەشاندنەوەی ئیمتیازاتی بەرپرسان تاوتوێ دەكات، هاوكات پارتە سیاسییەكان لە بەغدا كۆبوونەوەتەوە و كۆنووسێكی 40 خاڵیان ئامادە كردووە بۆ رزگاركردنی وڵات لەو دۆخە، بەڵام تا ئێستە بۆشایی گەورە لە نێوان هەرسێ ئاراستە هەیە و چاوەڕوان دەكرێ سیستانی یەكلای بكاتەوە.

جاسم بخاتی، پەرلەمانتاری رەوتی حیكمەی نیشتیمانی ئەمڕۆ پێنجشەم گوتی، بڕیارە شەمووی داهاتوو هێزە سیاسییەكانی عێراق كۆببنەوە و ئەو كۆبوونەوە بە هەڵوێستی مەرجەعیەتی باڵا لەبارەی كۆنووسی كۆبوونەوەكی ئەم هەفتەی بەغدا پێوەستە، لەسەر ئەو بنەمایە زیادی و كەم لە كۆنووسەكە دەكرێت یان رەزامەندی و رەتكردنەوەی. 

زیاتر گوتی، دوای راگەیاندنی كۆنووسی كۆبوونەوەی هێزە سیاسییەكان، لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە رەت كراوەتەوە بەهۆی ئەوەی ئەوان داوای دەستلەكاركێشانەوەی حكوومەتیان نەكردووە، ئەگەرچی بڕگەكانی هەڵەكانی حكوومەتی عەبدولمەهدی و حكوومەتەكانی پێشووتریشی دەستنیشان كردووە.

ئەو پەرلەمانتارە پێشبینی ئەوەی كرد كە رەنگە لە كۆبوونەوەكە تاوتوێی بژارەی لادانی حكوومەت بكرێت و پێم وایە ئەگەر هێزە سیاسییەكان دابنیشن و بابەتی دەستلەكاركێشانەوەكە بە رژدی تاوتوێ بكەن، دەتوانن شوێنگرەوەیەك بۆ ئەو حكوومەتە ئەگەر كاتیش بێت، بدۆزنەوە.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل