رۆژنامه‌یه‌كى له‌نده‌نى ئاشكراى ده‌كات، دوو لیستى سزادان بۆ به‌رپرسانى عێراق ئاماده ده‌كات به تۆمه‌تى نزیكبوونیان له ئێران و گه‌نده‌ڵى و پێشیلكردنى مافه‌كانى مرۆڤ له عێراق. ئه‌وه‌یش ئاشكرا كراوه كه هه‌ر یه‌كه له نوورى مالیكى و هادى عامرى له لیستهكانن.
رۆژنامه‌ى "عه‌ره‌ب"ـى له‌نده‌نى، له راپۆرتێكدا ئاشكراى ده‌كات، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا هه‌وڵ ده‌دات دوو لیست بۆ سزادانى عێراقییه‌كان ئاماده بكات بۆ ئه‌وه‌ى سزاى ئه‌و به‌رپرسانه‌ى عێراق بدات كه له ئێرانه‌وه زۆر نزیكن یانیش له ساڵانى رابردوودا له گه‌نده‌ڵى و پێشیلكردنى مافه‌كانى مرۆڤ تێوه‌گڵاون.
هادى عامرى و نوورى مالیكى له ناو لیسته‌كه‌ن
وه‌ك له راپۆرته‌كه ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌م تۆمتانهى سه‌ره‌وه به ته‌نیا نیین، به‌ڵكو هه‌ندێك له به‌رپرسانى عێراق به تۆمه‌تى به‌كارهێنانى هێز بۆ دامركاندنه‌وه‌ى خۆپێشاندانه‌كانى عێراق ده‌خرێنه لیسته‌كه‌وه.
چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كى له به‌غداوه به رۆژنامه‌كه‌یان راگه‌یاندووه، واشنتن بیر له سزادانى كۆمه‌ڵێك به‌رپرسى عێراقى ده‌كاته‌وه، كه زۆربه‌یان له پله‌ى باڵان. دووپات له‌وه‌یش كراوه‌ته‌وه سزادانیان له دوو لیست ده‌بێت كه له‌م نزیكانه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى گه‌نجینه‌ى ئه‌مه‌ریكاوه رادهگهینرێن، له لیسته‌كه‌دا پێنج كه‌سایه‌تى عێراقى هه‌یه، كۆمه‌ڵێك سزاى داراییان به‌سه‌ر ده‌سه‌پێنرێت.
سه‌رچاوه‌كان به رۆژنامه‌ى "عه‌ره‌ب"یان گوتووه، سێ له كه‌سایه‌تییه‌كان سزاكه‌یان به‌هۆى ئه‌وه ده‌بێت پێوه‌ندییه‌كى زۆر به‌هێزیان له‌گه‌ڵ سوپاى پاسدارانى ئێران هه‌یه، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌یش روونكراوه‌ته‌وه، ئه‌بو جیهاد هاشمى یه‌كێكه له‌و كه‌سانه‌ى كه چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ناوى له لیسته‌كه بێت. هاشمى به‌ڕێوه‌به‌رى نووسینگه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق بووه".
رۆژنامه‌ى عه‌ره‌ب ده‌ڵێ"هاشمى له‌سه‌ره‌وه‌ى لیسته‌كانه". هه‌ر ئه‌و رۆژنامه‌یه باس له‌وه ده‌كات له‌سه‌ره‌تاى ئه‌م مانگه چاره‌نووسى هاشمى زۆر رۆشن نییه و دیار نه‌ماوه دواى ئه‌وه‌ى هه‌واڵى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى بڵاوكرایه‌وه، گوایه قه‌یس عامرى له شوێنى ئه‌و دانراوه، كه كه‌سێكى نزیكه له فالح فه‌یازى سه‌رۆكى ده‌سته‌ى حه‌شدى شه‌عبى و راوێژكارى ئاسایشى نیشتمانى عێراق.
هه‌ندێك له چاودێرانى سیاسى ده‌ڵێن ئه‌بوجیهاد هاشمى یه‌كێك بووه له‌ڕووى كرداره‌وه سه‌رۆك وه‌زیرانى راسته‌قینه بووه. هه‌ندێكى تر ده‌ڵێن ئه‌بوجیهاد رێكخه‌رى دارایى چالاكییه‌كانى سوپاى پاسداران بووه له عێراق، گوایه به چه‌ندان ملیۆن دۆلار سوپاى پاسداران پاره‌ى له عێراق هه‌یه وه‌به‌رهێنانى پێ ده‌كات.
عه‌ره‌ب: ئه‌بوجیهاد هاشمى كه ناوى له لیسته‌كه‌یه به كردار سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق بووه
چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كى عێراقى باسیان له‌وه كردووه، ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى هاشمى رواڵه‌تى بووه بۆ ئه‌وه‌ى راى گشتى عێراق وا تێ بگات له نووسینگه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى دوورخراوه‌ته‌وه، ئه‌مه به‌ر له‌وه سزاكانى ئه‌مه‌ریكا ئاشكرا بكرێن.
كه‌سێكى تر كه راپۆرته‌كه باسى لێوه ده‌كات گوایه پێشبینى ده‌كرێت ناوى له لیسته‌كه بێت، حوسێن فالحه، كه به "ئه‌بو زه‌ینه‌بى لامى" ناسراوه، ئه‌م پیاوه به‌رپرسى ده‌زگاى ئاسایشتى تایبه‌تى میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبییه، هه‌روه‌ها به‌وه ده‌ناسرێت له سه‌ردانه‌كانى قاسم سوله‌یمانى فه‌رمانده‌یى فه‌یله‌ق قودسى سوپاى پاسداران بۆ عێراق، ئه‌بو زه‌ینه‌ب یاوه‌رى ده‌كات.
كه‌سى سێیه‌میش كه ناوى هاتووه، ئه‌حمه‌د ئهسهییه، ئه‌و جێگرى فراكسیۆنى فه‌تح و فه‌رمانده‌ى گرووپێكى میلیشیایه به ناوى"كه‌تائیب جوند ئیمام".
ئه‌گه‌ر به كورتى ناوى به‌رپرسه عێراقییه‌كان له لیستێكدا كورت بكرێته‌وه ئه‌مانه‌ى خواره‌وه:
ئه‌بوجیهاد هاشمى به‌ڕێوه‌به‌رى نووسینگه‌ى سه‌رۆك وه‌زیران
حوسێن فالح به‌ڕێوه‌به‌رى ده‌زگاى ئاسایشى حه‌شدى شه‌عبى
ئه‌حمه‌د ئه‌سه‌دى فه‌رمانده‌ى میلیشیاى كه‌تائیب جوند ئیمام
نوورى مالیكى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا و سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشووتر
هادى عامرى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى فه‌تح و رێكخراوى به‌در.
سه‌رچاوه عێراقییه‌كان دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه، جگه له تۆمه‌تى بوونى پێوه‌ندییه‌كى به‌هێز له‌گه‌ڵ سوپاى پاسدارانى ئێران و تێوه‌گڵان له گه‌نده‌ڵى، ئه‌و به‌رپرسانه‌ى عێراق به‌چه‌ند تۆمه‌تى تر تۆمه‌تبار ده‌كرێن، له‌وانه به‌كارهێنانى هێز له دژى خۆپێشانده‌ران و رفاندنى چالاكان و رۆژنامه‌نووسان له سه‌رانسه‌رى عێراق.
ێشتر ئه‌مه‌ریكا چه‌ندان جار سزاى به‌سه‌ر به‌رپرسانى عێراق سه‌پاندووه، به‌ڵام ئه‌م جاره هه‌ندێك به‌رپرسى تێدایه، كه پێشتر له لووتكه‌ى ده‌سه‌ڵاتى عێراق بوون، له‌وانه نوورى مالیكى، هه‌روه‌ها له‌ناوه‌ندى هێزه شیعه‌كان هادى عامریش به‌رپرسێكى باڵا بووه، ئه‌ویش به‌رپرسیارێتى له عێراق هه‌بووه ماوه‌یه‌ك وه‌زیر بووه. له راپۆرته‌كه هاتووه ته‌نانه‌ت به‌رپرسانى ئه‌مه‌ریكا تاوتوێى ناوى فالح فه‌یازیش ده‌كه‌ن بۆ سه‌پاندنى سزا.
هه‌رچه‌نده پێشتر تێبینى ده‌كرا، جۆرێك له بێده‌نگى له لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه له‌سه‌ر رووداوه‌كانى عێراق هه‌بێت، كه‌چى مایك پۆمپیۆى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا له لێدوانێكى رۆژنامه‌وانى دووپاتى له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه ئه‌مه‌ریكا له كۆى رووداوه‌كانى عێراق بێده‌نگ نابێت.
مایك پۆمپپۆ ده‌ڵێ "حكوومه‌تى ئه‌مه‌ریكا ده‌سته‌وه‌ستان ناوه‌ستێ كه ده‌بینى به‌رپرسه گه‌نده‌ڵه‌كانى عێراق وا ده‌كات گه‌لى عێراق بناڵێنێ" پۆمپیۆ دووپاتیشى كرده‌وه ئه‌مه‌ریكا كۆمه‌ڵێك سزا به‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه ده‌سه‌پێنێ كه سامانى عێراق تاڵان ده‌كه‌ن.