یەك مانگ مۆڵەت بە هاووڵاتییان دەدرێت

:: PM:03:00:26/11/2019 ‌
وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، ماوەی یەك مانگ وەكو مۆڵەت بە هاوبەشانی كارەبا دەدرێت كە كێشەكانی كارەبایان چارەسەر بكەن.

ئەمڕۆ سێشەم 26ـی تشرینی دووەم، لە ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاتووە، بۆ دەركردنی كۆمەڵێك مەرج و رێنوێنیی تایبەت بە پێدانی كارەبا بە هاوبەشان و بنبڕكردنی سەرپێچیكردنی كارەبا و نەهێشتنی زیادەڕۆیی لەسەر تۆری كارەبای نیشتیمانی، وەزیری کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆی لەگەڵ پارێزگاری هەولێر كرد.

هەرچی گرفت و كێشەیەكی تایبەتیان هەیە سەردانی بەرێوەبەرایەتی و فەرمانگەكانی كارەبا بكەن
"وەزیری كارەبا ماوەی مانگێكی دیاری كردووە بۆ ئەوەی دەرفەت بدرێتە هاوبەشانی كارەبا بۆ ئەوەی هەرچی گرفت و كێشەیەكی تایبەتیان هەیە سەردانی بەرێوەبەرایەتی و فەرمانگەكانی كارەبا بكەن لە هەولێر بە مەبەستی چارەسەر كردن ، بە تایبەتی بواری بەستن و دانانی پێوەر و چارەسەر كردنی گرفتەكانی كارەبا" لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی کارەبا وا نووسراوە.

ڕوونكراوەتەوە، لە سەرەتای ساڵی داهاتوو تیمەكانی نەهێشتنی سەرپێچی كارەبا بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگای هەولێر و یەكە ئیدارەییەكان سزای دارایی و یاسایی توندی سەرپێچیكاران دەدەن.

لە كۆتایی ڕاگەیەندراوەكە هاتووە، وەزیری كارەبا دووپاتی لەوە كردەوە ئەو بریار و رێنوێنییانەی كە تایبەتە بە نەهێشتنی سەرپێچی و زێدەڕۆیی سەر تۆری كارەبای نیشتمانی لە ماوەیەكی كورتدا لە تەواوی پاریزگاكان و ناوچەكانی كوردستان جێبەجێ دەكرێت .



وشە - رامیار جەواد