ئینتفاز قەنبەر: كورد پاڵپشتی لە عەبدولمەهدی نەكات لە رووخان نزیكە

:: PM:04:18:26/11/2019 ‌

لە سەرەتای ئەم هەفتەیە مایك پێنس، جێگری سەرۆكی ئەمەریكا سەردانی عێراقی كرد و بێ دیتنی هیچ بەرپرسێكی عێراق، هێزەكانی ئەمەریكای لە بنكەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە رۆژئاوای عێراق بەسەر كردەوە، لەوكاتەی سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و چاوی بە بەرپرسانی باڵای كەوت، ئینتفاز قەنبەر سیاسەتوانی عێراقی بۆ "وشە" دەڵێت، سەردانەكە شەقێكی بەهێز بوو بۆ حكوومەتی عێراق و مانای گەورەشی بۆ كورد هەبوو.

ئەمەریكا نایەوێ رووخانی تەواوەتی لە عێراق رووبدات و ناشیەوێ ئەو دەستەی عێراقییەكان دەكوژن لە دەسەڵات بەردەوام بن
*پێنس سەردانی عێراقی كرد و بەرپرسانی نەدیت، لەوكاتەی بەجۆشەوە سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد، ئەوە چۆن دەخوێننەوە؟
سەردانەكەی پێنس ئەگەرچی لە جەژنی سوپاسگوزاری بۆ سەربازانی ئەو وڵاتە لە دەرەوە هات، بەڵام مانای زیاتری هەبوو، ئەو سەردانی بەغدای نەكرد و ئەوەش شەقێكی بەهێز بوو بۆ سەرۆكایەتی كۆمار و وەزیران و حكوومەتی عێراق بەگشتی، پێشتر لە بەیاننامەكەی ئەمەریكا لەبارەی خۆپێشاندانەكانی عێراق ئێرانی بە چۆڕینی ئابووری عێراق تۆمەتبار كرد، بەوەش شەرعیەتی لە حكوومەتی عێراق وەرگرتەوە.

ئەمڕۆ واشنتن بە چاوی تاوانبار سەیری عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات كە خۆپێشاندەرانی كوشتووە، هاوكات حكوومەتی ئەمەریكا تاوتوێی سزادانی بكوژ و گەندەڵكاران دەكات كە ئەوانە بۆ پارێزگاریكردن لەخۆیان هەوڵی مانەوە لە دەسەڵات دەدەن، تەنانەت ئەو وڵاتانەشی رەگەزنامەی ئەوێیان هەیە، لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەكەن، بۆیە حكوومەت توندوتیژتر مامەڵە لەگەڵ خۆپێشاندەران دەكات، جیا لە گوشارەكانی ئێران و قاسم سلێمانی، بۆیە سەردانی نەكردنی بەغدا جۆرێكە لە بێزراوی و بێزاری ئەو حكوومەتەی عێراق لەلایەن ئەمەریكاوە كە بەمەبەست خەڵك دەكوژێت.

*پێنس سەردانی هەرێمی كرد و ئەوەش بەشێك بە نەیارانی كورد و شۆڤینی لە بەغدا توڕە كرد، حكوومەتی عێراق بۆ نەهێشتنی شەرمەزاری رای گەیاند بەرێككەوتنی ئەوان پێنس سەردانی هەرێمی كردووە، راستییەكە چییە؟
سەردانی پێنس بۆ هەرێمی كوردستان و دیداری لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێم مانای گەورەی هەبوو بەوی كورد هاوپەیمانی ستراتیجین بۆ ئەمەریكا و وەفاداری و سەقامگیری پێوەندی خۆیان لەگەڵ واشنتن سەلماند، ئەگەرچی پێوەندی بەهێزیان لەگەڵ ئێرانیش هەیە، بەڵام ئەوان پێوەندیان لەگەڵ ئەمەریكا بەو هۆیەوە نەفرۆشتووە و پارێزگاریان لە هەردوو پێوەندی كرد و ئەوەش ئەوپەڕی داناییە.

جیا لەوە زانیاری هەیە بەوەی ئەو فڕۆكانەی ئەمەریكا كە تاوانبار ئەبو بەكر بەغدادی سەركردەی داعشیان لە سووریا كوشت، لە هەولێرەوە فڕیون، بۆیە هاریكاری تەناهی بەهێز لەنێوان هەردوولادا هەیە، چەندان بنكەی سەربازی ئەمەریكا لە هەرێمن، بۆیە هاریكارییەكی بێدەنك و لەسەرخۆی بەهێزی تەناهی و هەواڵگری و سەربازی لە نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێم و ئەمەریكادا هەیە، ئەمەریكاییەكان كوردیان خۆش دەوێ و وەك گەلێك سەیریان دەكەن كە ئەمەریكا و رۆژئاوایان خۆش دەوێ و رقیان لێیان نییە لە هەموو گەلانی ناوچەكە زیاتر لە بەهاكانی رۆژئاوا نزیكترن.

*چارەنووسی عەبدولمەهدی چییە، ئەو سەردانە تا چەند پێوەندی بە دۆخی عێراق و گۆڕانكاری و خۆپێشاندانەكانەوە هەبوو؟ 
عادل عەبدولمەهدی فراكسیۆنێكی خۆی نییە لەناو پەرلەمانی عێراق پاڵپشتی بكات، بۆیە پشتبەستنی عەبدولمەهدی لەناو پەرلەمانی عێراق بەتەواوەتی لەسەر فراكسیۆنی كوردستانییە و رەنگە هەندێك وا سەیر بكەن كە ئەو لاگیرییە و پشت تێنەكردنەی هەرێمی كوردستان لە عەبدولمەهدی تاكە هۆكاری مانەوەی بێت لە پۆستەكەی، بەهەمان شێوە بۆ بەرهەم ساڵح و تەواوی حكوومەتی عێراق، بۆیە ئەگەر سەرۆك بارزانی و هەرێمی كوردستان پاڵپشتی خۆیان لە حكوومەتی عێراق بكێشنەوە، رەنگە رووخانی نزیك ببێتەوە، بۆیە پێم وایە سەردانەكەی پێنس بۆ هەرێمی كوردستان لەو سۆنگەوە دێت و پێوەندی بەوەوەش هەبوو.

ئەو بۆچوونەم بۆ ئیدارەی ئەمەریكا گواستووەتەوە و ئەوانیش بە گرنگیدان وەریان گرتووە كە پێویستە كورد پاڵپشتی لە عەبدولمەهدی نەكات و خۆی لەو ململانێیەی هەیە بەدوور بگرێت، بەتایبەتی دۆخی ئەوان لە بەغدا باشترە، راستە جۆرێك لە بێزاری لە هەرێمیش هەیە، بەڵام خەڵكی هەرێم دۆخیان زۆر لە بەغدا و شارە شیعەكان باشترە، بۆیە پێو وایە سەردانەكەی پێنس كار دەكاتە سەر ئەو پاڵپشتییەی كورد بۆ عەبدولمەهدی، ئەمەریكا وریاییە و نایەوێ رووخانی تەواوەتی لە عێراق رووبدات، هاوكات ناشیەوێت ئەو دەستەی ناوچەی سەوز كە عێراقییەكان دەكوژن لە دەسەڵات بەردەوام بن، بەتایبەتی كە گەلی عێراق قسەی خۆی كرد و لەدژی ئێران وەستایەوە، ئەوەش لە رووەكانی سیاسی و ئاسایشی نەتەوەیی لەبەرژەوەندی ئەمەریكایە.

*هەڵوێستی راستەقینەی واشنتن لەبەرانبەر خۆپێشاندانەكانی عێراق و لبنان و ئێران چییە، تا چەند پاڵپشتی ئەوان دەكات؟
ئێستە لە واشنتن قسە هەیە بەوەی ئەو خۆپێشاندان و شۆرشەی لە عێراق و لبنان و ئێران دروست بووە پێوەندی راستەوخۆی بە سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشاری گەورە"ی سەرۆك ترەمپ هەیە كە ئەگەر ئەوە نەبێت ئێران بەهێز دەبێت، بەڵام لاوازیی ئابووری ئەو وڵاتە بەهۆی سزاكان و گورزەكانی ئاسمانی ئیسرائیل كاریان كردە سەر ورەی ئێران و میلیشیاكانی و نەیانتوانی وەڵام بدەنەوە، بۆیە ئەو لاوازییەی ئەوان لەبەرچاوی گەلی عێراق دەركەوت كە ئەوانە تەنیا كۆمەڵە ترسنۆكێكن و تەنیا لەبەرانبەر هاووڵاتییان هێزیان هەیە و ناتوانن بەرووی ئیسرائیل و ئەمەریكا بوەستنەوە، هێرشەكەی سەر سعوودیەش بۆ عێراقییەكان و دنیای دەرخست كە ئێران ئامانجی ئاسان هەڵدەبژێرێت، ئەوەش نیشانەی ترسنۆكی و بێهێزییە، بۆیە هەموو ئەوانە بوونە هۆی دروستبوونی ئەو شۆڕشە كە ئەمڕۆ دەیانبینین، جیا لە ئازایەتی گەلی عێراق.

ئەمەریكا بەتەواوەتی پاڵپشتی لە خۆپێشاندەرانی عێراق دەكات و ئێستە خۆپێشاندەران بە شانازییەوە دەیڵێم كە ئەوانن رابەرایەتی عێراق دەكەن، پێم وایە ئەمەریكا و سەرۆك ترەمپ بەو ئاراستەیەن كە خۆپێشاندەران دەیانەوێ و هیچیشیان بەسەردا ناسەپێنێنن، چونكە ئەوان سەرسامن بەو خۆپێشاندانە كە شێواز و داواكارییەكانی لە هزری ئەمەریكی نزیكە، دیموكرات و كۆمارییەكان لەسەر پاڵپشتیكردنی ئەو خۆپێشاندەرانە كۆكن، رەنگە بەئاشكرا ئەوە نەڵێن، چونكە ترسیان لە رووخانی تەواوەتی عێراق هەیە.          



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل