سوودمان لە سكاڵای خەڵك بینیوە..
عەبدولحەكیم خەسرەو سەرۆكی فەرمانگەی هاوئاهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان، رای دەگەیەنێت كە ئەنجوومەنی وەزیران 14 كۆبوونەوەی كردووە و زیاتر لە 34 بڕیاریشی لە ماوەی 100 رۆژی تەمەنی كابینەكەدا دەركردووە.
سەرۆكی فەرمانگەی هاوئاهەنگی و بەدوادواچوون لەم دیمانە تایبەتەی لەگەڵ "وشە"دا، ئاماژە بە سكاڵای هاووڵاتییان دەدات كە بەشێكە لە كاری فەرمانگەكەی و دەڵێ، سوودمان لێی بینیوە و لە رێیەوە زۆرجار دەستنیشانی كەموكوڕییەكانی خۆمان كردووە.
فەرمانگەی هاوئاهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیران، یەكێك لە ئەركەكانتان بەدواداچوونە لەسەر جێبەجێكردنی بڕیارەكانی حكوومەت، چیتان كردووە و بڕیارەكان لە كوێدان؟
یەكێك لە كارەكانی ئێمە بەدواداچوونی جێبەجێكردنی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی وەزیران و دەستنیشانكردنی گیروگرفت لە جێبەجێكردنیانە، لەگەڵ دەستنیشانكردنی رێوشوێنی جێبەجێكردن و هاوئاهەنگی لە نێوان وەزارەتەكان، ئەگەر بڕیارێكی ئەنجوومەنی وەزیران پێوەندار بێت بە زیاتر لە وەزارەتێك، بۆ ئەوەی بڕیارەكان جێبەجێ بكرێن.
جگە لەوە، بوونی رۆتین و پێشنیاركردن بۆ چارەسەر، بەدواداچوونی گەندەڵی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پێوەندارەكان، ئەركی هاوئاهەنگی و بەدواداچوونە كە لە سیستمی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەو دامەزراوەیە دەستنیشان كراوە، لەگەڵ ئەمەشدا بەدواداچوون بۆ هەموو فەرمانەكانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و جێبەجێكردنی دەكات، بۆ ئەمەش رێوشوێنەكانی كاركردن دەگۆڕێت، زۆرجار پێویست دەكات سەردانی وەزارەتەكان بكەین، هاوكات هاوئاهەنگی باشمان لەگەڵ وەزارەتەكان هەیە، ئەمەش وا دەكات لەسەر هەموو پرسێك كە پێوەندارە بە خزمەتكردنی هاووڵاتییان، هاوكاری وەزارەتەكان بكەین، بەڵام ئەمە بە مانای دەستوەردان نایەت لە كاروباری وەزارەتەكان و هیچ فەرمانێك بەسەر وەزارەتەكان نادات، چونكە لایەنی بڕیاردەر ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتەكانن.
كاری فەرمانگە ئامرازی گەیاندنە لە نێوان سەرۆك وەزیران و ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتەكان، ئەمەشیان بە مانای ئەوە نییە وەزیرەكان پێوەندی راستەوخۆیان بە سەرۆك وەزیران نییە، بەڵكو ئەوان پێوەندی راستەوخۆیان هەیە.
مەبەستتە بڵێی ئەنجوومەنی وەزیران لە وردەكاریی جێبەجێكردنی بڕیارەكان ئاگادار دەكەنەوە؟
رێك ئەوەیە، بەدواداچوون بۆ بڕیارەكان دەكەین، گرفتەكان لە كوێیە و چارەسەری چۆن بكرێت، ئەمەش هاوكارییەكە بۆ وەزارەتەكان.
100 رۆژ بەسەر تەمەنی حكوومەت تێپەڕیوە، چی كراوە؟
لەم ماوەیەدا ئەنجوومەنی وەزیران 14 كۆبوونەوەی كردووە، زیاتر لە 34 بڕیاری دەركردووە و هەندێك بڕیاری تریش هەن كە كۆی گشتی نزیكەی 40 بڕیار دەبێت، چەند لەو بڕیارانە جێبەجێ كراون و تا كوێ چوون؟ پلانێكی ترمان هەیە كە ئێستە كاتی نییە قسەی لەسەر بكەین، ئەوەی گرنگە حكوومەت وەك یەك تیم كار دەكات و پێوەندیی نێوان وەزارەت و ئەنجوومەنی وەزیران و هێڵەكانی پێوەندی نێوانیان زۆر خێرایە، چونكە ئێمە لە قۆناغێكداین پێویست دەكات وەزارەتەكان كارنامەی خۆیان جێبەجێ بكەن.
هێڵی گەرمتان هەیە بۆ سكاڵا، سوودتان لێی وەرگرتووە؟
یەكێك لە كارەكانی ئەم كابینەیە دانانی هێڵی گەرم بووە لە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتەكانیش، واتە ئەو هێڵە گەرمە تەنیا لە ئەنجوومەنی وەزیران نییە، بەڵكو وەزیرەكان لە وەزارەتەكانیان راستەوخۆ لەسەر هێڵن بۆ وەڵامدانەوەی سكاڵای هاووڵاتییان. بێگومان سوودی زۆرمان بینیوە لە سكاڵاكان، زۆرجار دەستنیشانی هەندێك كەموكوڕی بیرۆكراسی دەكەین لەناو دامەزراوەكانی حكوومەت، لەوانە خراپ بەكارهێنان یان نەزانین لە بەكارهێنانی رێنوێنییەكان، زۆر جاریش نەزانینی هاووڵاتی لە رێنوێنییەكان دەبێتە هۆی گلەیی، ئەركی تیمی هێڵی گەرم ئەوەیە بەدواداچوون بۆ داواكاری هاووڵاتییان بكات و وەڵامیشیان بداتەوە، روونكردنەوەی تەواوی بۆ دەدرێت.
مەبەستم ئەوەیە ئەو جۆر
ە پێوەندییەی نێوان حكوومەت و هاووڵاتییان، زۆرجار یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی كەموكوڕییەكانی خۆمان دەستنیشان بكەین، یارمەتیدەر بۆ روونكردنەوەی ناوەڕۆكی رێنوێنیی و یاسا و سیستمەكە.
ئاخۆ سكاڵا و گازاندەی هاووڵاتییان بووەتە هۆی ئەوەی بگەنە ئەو باوەڕەی هەندێك لە رێنوێنی و تەنانەت یاساكانیش پێویستیان بە هەمواركردنەوە هەبێت؟
یەكێك لە كارەكانی ئەم كابینەیە دانانی هێڵی گەرم بووە لە ئەنجوومەنی وەزیران
ئەمە بەشێكە لە پلانی چاكسازیی كابینەی حكوومەت، بۆیە بینینی خەڵك و سكاڵاكانیان لە ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتەكان و وەزیرەكان خۆیشیان، بووەتە هۆی ئەوەی تێبینییەكان بەوەمان بگەیەنێت كە هەندێك رێنوێنی و یاسا هەن پێویستیان بە هەمواركردنەوەیە، تەنانەت وەزیرەكانیش لە وەزارەتەكانیان ئەوەیان تێبینی كردووە تا كاروباری هاووڵاتییان رێك بخرێت و ئاسانكاری بكرێت.
تەنانەت پلانی سەرەكی ئێمە لە حكوومەت، بریتییە لە حكوومەتی ئەلیكترۆنی و دەستیش بەو كارە كراوە، ئێمە لە قۆناغی دانانی بناغەی حكوومەتی ئەلیكترۆنین لە هەرێمی كوردستان.
بۆ رێكخستنەوە و هەمواری رێنوێنی و یاساكان، سوودتان لە كەسانی شارەزا و ئەكادیمی دەرەوەی حكوومەت بینیوە؟
ئەمە لە ئاستی وەزارەتەكان و حكوومەت كاری لەسەر دەكەن و هاوئاهەنگیش لەگەڵ زانكۆكان هەیە.
ساڵێكە پەرلەمان دەستبەكار بووە و هیچ یاسای دەرنەكردووە، ئەوان دەڵێن هۆیەكەی ئەفزەڵییەتدانە بە پڕۆژەكانی حكوومەت، كەواتە بۆ حكوومەت تا ئێستە پڕۆژەیاسای نەناردووە بۆ پەرلەمان؟
ئێستە حكوومەت سەرقاڵی پلانی تەشریعییە، كۆمەڵێك پڕۆژەی نوێ و هەمواری یاسای بەركار، جگە لەمەش وەزارەتەكانیش پلانیان هەیە و هەموویان كۆ دەكرێنەوە لە چوارچێوەی پلانی تەشریعی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
ئێستە چەند پڕۆژەیەكی گرنگ لە بەردەستی لیژنەی یاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانن، یەكەمیان یاسای چاكسازییە و زنجیرەیەك كۆبوونەوەی لەسەر كراوە و بەمنزیكانە رەوانەی پەرلەمان دەكرێت، پاشان پڕۆژەكانی تر دێن و بە بەردەوام رەوانەی پەرلەمان دەكرێن.
هەندێك یاسا هەن لێكەوتەی دارایی لەسەر حكوومەت دروست دەكەن، ئەوانە پێویست دەكات لەسەرخۆ كاری لەسەر بكرێت، چونكە بەرنامەی حكوومەت ئێستە بەردەوامیدانە بە پێدانی مووچەی فەرمانبەران لە كاتی خۆی و خزمەتگوزارییەكان كە دوو پرسی سەرەكین لای حكوومەت.