بەرپرسێكی باڵای یەكێتی كشانەوەی لە حزبەكەی ڕاگەیاند

:: PM:01:07:30/11/2019 ‌
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان كشانەوەی لە حزبەكەی ڕاگەیاند و بۆ كۆنگرەی چواری ئەو حزبە خۆی كاندید ناكاتەوە.

خۆم كاندید ناكەم بۆ كۆنگرەی چوارەمی هەرچەندە بڕیارەكە كۆتایی نییە، بەڵام بە نیسبەت من و تەمەنمەوە بەسە
ئەمڕۆ شەموو 30ـی تشرینی دووەم، عەدنان موفتی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیـی نیشتمانیی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، خۆم كاندید ناكەم بۆ كۆنگرەی چوارەم هەرچەندە بڕیارەكە كۆتایی نییە، بەڵام بە نیسبەت من و تەمەنمەوە بەسە، بەڵام ئەگەر پێویستیان بە پێشنیار و ئەزموون هەبێت، ئەوە من ئامادەم.

ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی گوتی، كۆنگرەی یەكێتی پێویستە، چونكە چەند ساڵێكە لە كۆنگرە دواكەوتووە، كۆنگرە ببەستێت و ناكۆكییەكانی ناوخۆ یەكلایی بكاتەوە و سەركردایەتییەكی نوێ هەڵبژێرێت، كە لەگەڵ پێشهاتەكاندا خۆی ئامادە بكات و بتوانێت لەم قۆناغەدا خۆی ئامادە بكات.

لەبارەی كاندیدی بۆ كەسی یەكەمی یەكێتی ئاشكرای كرد، هەرچی شتێك باس كراوە زیادەیە دەبێت كۆنگرە بڕیار بدات و گفتوگۆ بكرێت، هەر رێككەوتنێك پێش كۆنگرە شتێكی هەڵەیە، چونكە لە كۆنگرەدا سەروو هەزار كەس ئامادە دەبن و دەبێت ئەوان بڕیار بدەن.

بڕیارە ڕۆژی حەوتی كانوونی یەكەم كۆنگرەی یەكێتـی بەڕێوە بچێت و دوای 10 ساڵ ئەو حزبە كۆنگرەی چوارەمی ببەستێت.



وشە - رامیار جەواد