هاوكاتى جه‌نجاڵی شه‌قام و داگیركردنی شۆسته له‌لایه‌ن دوكانداره‌وه، به‌شێك له هوتێل و چێشتخانه و دوكانه‌كان، به‌رده‌می شوێنی كاریان به فسفۆڕ و ئاماژه‌ى "وه‌ستان قه‌ده‌غه‌یه"، لایه‌كی شه‌قامیشیان داگیر كردووه. پۆلیسی هاتوچۆ ده‌ڵێ، ئه‌مه بووه‌ته دیارده و لابردنی كاری شاره‌وانییه.
په‌یامنێرانی "وشه" كه به‌دواداچوونیان له‌سه‌ر دیارده‌ى دانان و چه‌قاندنی فسفۆڕ و ئاماژه‌ى وه‌ستان قه‌ده‌غه‌یه له به‌رده‌م هوتێل و چێشتخانه و دوكان و نه‌خۆشخانه‌كانی كه‌رتی تایبه‌ت كردووه، بۆیان ده‌ركه‌وت ئه‌م حاڵه‌ته ته‌نیا له دهۆك بوونی نییه و یاسا جێبه‌جێ كراوه، یان ئه‌گه‌ر هه‌بێت زۆر كه‌مه و به یاسا بۆ ماوه‌یه‌كی كاتى رێى پێ دراوه، به‌ڵام له ته‌واوی شار و شارۆكه‌كانی تری كوردستان بوونی هه‌یه و نزیكه له‌وه‌ى ببێته دیارده.
پۆلیس و شاره‌وانی خۆیان له به‌رپرسیارێتى ده‌دزنه‌وه و ئاراسته‌ی یه‌كتری ده‌كه‌ن
دانانی فسفۆڕ له به‌رده‌م هوتێل و چێشتخانه و زۆر له شوێنه‌كانی كه‌رتی تایبه‌ت، زێده‌ڕۆییه‌كی زه‌قه بۆ سه‌ر شه‌قام و پۆلیسی هاتوچۆ ده‌ڵێ، ئه‌مه پێوه‌ندیی به شاره‌وانی هه‌یه و ئاگاداریان ده‌كه‌نه‌وه بۆ لابردنی، له كاتێكدا شه‌قام له ده‌سه‌ڵاتی پۆلیس خۆیدایه.
دوكانداران: بووه‌ته چاولێكه‌ری
په‌یامنێرانی "وشه" له شاره‌كانی كوردستان كه به‌دواداچوونیان بۆ زێده‌ڕۆیی داگیركردنی شه‌قام كردووه، ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌و دۆخه بووه‌ته دیارده و زۆر له دوكان و شوێنه گشتییه‌كان فسفۆڕیان له‌سه‌ر شه‌قامی گشتى چه‌قاندووه.
سه‌بری هۆرێنی په‌یامنێری "وشه" له كه‌لار، رای گه‌یاند، دانانی فسفۆڕ له‌لایه‌ن دوكاندار له‌سه‌ر شه‌قام بووه‌ته دیارده، هه‌ندێكیش به پاساوی به‌كرێگرتنی زه‌وی بۆ گه‌راجی وه‌ستانی ئۆتۆمبێل، فسفۆڕیان له‌سه‌ر شه‌قام چه‌قاندووه.
خاوه‌نی یه‌كێك له گه‌راجه‌كانی وه‌ستانی ئۆتۆمبیل له بازاڕی كه‌لار، به"وشه"ی گوت، "ئه‌و پارچه زه‌وییه‌یان له شاره‌وانی به كرێ گرتووه تا بیكه‌ن به گه‌راج، بۆیه به ناچاری فسفۆڕیان له‌سه‌ر شه‌قام داناوه، راسته فسفۆڕمان داناوه، به‌ڵام ئاسته‌نگمان له به‌رده‌م هاتوچۆی هاووڵاتییان و ئۆتۆمبێل دروست نه‌كردووه".
شه‌فیق بانیشاری په‌یامنێری "وشه" له هه‌ڵه‌بجه، دۆخه‌كه به‌و شێوه‌یه ده‌گوازێته‌وه كه "دانانی فسفۆڕ له‌سه‌ر شه‌قام له‌لایه‌ن دوكاندار له به‌رده‌م هه‌ندێك دوكانی ناو بازاڕی هه‌ڵه‌بجه به‌دی ده‌كرێت، به‌ڵام هێشتا نه‌بووه به دیارده".
مه‌ریوان عوسمان دوكاندارێكه له هه‌ڵه‌بجه و چه‌ند فسفۆڕێكی له‌سه‌ر شه‌قام و به‌رده‌م دوكانه‌كه‌ی چه‌قاندووه، خۆی ده‌ڵێ "بۆیه فسفۆڕم داناوه چونكه ڕۆژانه ئۆتۆمبێل له به‌رده‌م دوكانه‌كه‌م ڕاده‌گرن و به سه‌عات خاوه‌نه‌كه‌ی ناگه‌ڕێته‌وه".
مه‌ریوان زیاتر گوتی "به‌رده‌وام بارم بۆ دێت و بار له كۆگاكه‌م بار ده‌كرێت، بۆیه وه‌ستانی ئۆتۆمبێل له به‌رده‌م دوكانه‌كه‌م رێگری له كاره‌كه‌م ده‌كات".
ئه‌و دوكانداره پێداگره له‌وه‌ى ئه‌و كاره‌ى ده‌یكات نایاسایی نییه، ئاماژه‌ی دا "كاره‌كه‌م نایاسایی نییه و ڕێگریم له كه‌س نه‌كردووه، ته‌نیا ئه‌وانه نه‌بێ كه ئۆتۆمبێل له قه‌راغی شه‌قامه‌كه و به‌رده‌م دوكانی من ڕاده‌گرن".
به قسه‌ى موڕشید برادۆستی په‌یامنێری "وشه" له سۆران، ئه‌و دۆخه له‌و شارۆكه‌یه زۆر به زه‌قی ده‌ركه‌وتووه و بووه‌ته دیارده و خاوه‌ن دوكانه‌كانیش ده‌ڵێن چاولێكه‌رییه.
كاروان سابیر كه خاوه‌ن چێشتخانه‌یه‌كه له سۆران، شه‌قامی به‌رده‌م چێشتخانه‌كه‌ی به فسفۆڕ ته‌نیوه. ئه‌و ده‌ڵێ، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی دانانی فسفۆڕ له به‌رده‌م چێشتخانه و هوتێل و موتێل و پێشانگه‌كان بووه‌ته دیارده و كارێكی چاولێكه‌رییه.
زیاتر گوتی "ئه‌مه‌ش بۆ چه‌ند هۆكارێك ده‌گه‌ڕێته‌وه، وه‌ك راگرتنی ئۆتۆمبێل له‌و شوێنه بۆ چه‌ند سه‌عاتێك و رێگرتن و دروستكردنی ئاسته‌نگ بۆ چێشتخانه‌كه‌مان، هه‌روه‌ها جێبه‌جێ نه‌كردنی یاسا له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆ و سزانه‌دانی ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر ده‌وه‌ستن".
ئه‌وه‌یشی گوت، "هه‌ر كاتێك بڕیارێكی گشتی ده‌ربچێت بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی ئه‌و دیارده‌یه، بێگومان پابه‌ند ده‌بین پێوه‌ی، به‌پێچه‌وانه‌وه ئێمه‌یش وه‌ك چێشتخانه و شوێنه‌كانی تر فسفۆڕ داده‌نێین".
هۆشیار عه‌لی په‌یامنێری "وشه" له سلێمانی، ئه‌وه ده‌خاته ڕوو كه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى له سلێمانی پۆلیسی هاتوچۆ به‌وه ناسراوه كه توندن و یاسا ده‌سه‌پێنن، به‌ڵام داگیركردنی شه‌قام له‌لایه‌ن خاوه‌ن پێشانگه و چێشتخانه و هوتێله‌كان له سلێمانیش بوونی هه‌یه.
خاوه‌نی پێشانگه‌یه‌كی ئۆتۆمبێل له‌سه‌ر شه‌قامی بازنه‌یی مه‌لیك مه‌حموود كه شه‌قامه‌كه‌ى داگیر كردووه، ددان به‌وه‌دا ده‌نێت كه كاره‌كه‌ی نایاساییه. ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات كه "تیمه‌كانی هاتوچۆ پێیان گوتوون لایبه‌رن". به‌ڵام له‌وكاته‌ى په‌یامنێری "وشه" قسه‌ى له‌گه‌ڵ خاوه‌ن پێشانگه‌كه ده‌كرد، فسفۆڕه‌كان له‌سه‌ر شه‌قامه‌كه بوون.
ئه‌و ده‌ڵێ، به‌هۆی سروشتی كاره‌كه كه ئۆتۆمبێلی زۆریان بۆ دێت و به‌رده‌وامیش جموجووڵی هاتن و چوونی ئۆتۆمبێل هه‌یه، ناچار بوونه فسفۆڕ دابنێن و پابه‌ندی لابردنی ئه‌و هێمایانه نه‌بن.
خاوه‌نی ئه‌و پێشانگه‌یه باس له‌و كێشانه ده‌كات كه به‌هۆی دانانی فسفۆڕ دووچاری هاتوون. روونی كرده‌وه "له‌گه‌ڵ هاووڵاتییان و شۆفێر كه هه‌ندێك جار دێنه به‌رده‌م پێشانگه‌كه‌مان، تووشی كێشه ده‌بینه‌وه و پێیان ده‌ڵێین ده‌بێ ئۆتۆمبێل ڕانه‌گرن، ئه‌وانیش هه‌ندێك جار كێشه دروست ده‌كه‌ن، به‌ڵام به ناچاری پێیان لاده‌به‌ین، تا ئێسته‌یش سزا نه‌دراوین له‌لایه‌ن هاتوچۆ".
بڵند ئیبراهیم په‌یامنێری "وشه" له هه‌ولێر، ئاماژه‌ی به‌وه دا كه ئه‌و پرسه له هه‌ولێر زۆر به زه‌قی هه‌ستى پێ ده‌كرێت، شوێن هه‌یه نه‌ك ته‌نیا فسفۆڕی داناوه، به‌ڵكو كورسی و مێزی خواردنگه و چایخانه‌كانیش هاتوونه‌ته سه‌ر شه‌قام، بۆ ئه‌مه‌ش نموونه به شه‌قامی ئیسكان و سه‌نته‌ری بازاڕی ناو شار و لای قه‌ڵا و زۆر له شوێنه‌كانی تر دێنێته‌وه.
خاوه‌ن پێشانگه‌یه‌كی فرۆشتنی كه‌لوپه‌ل كه قسه‌ى بۆ "وشه" كردووه، وا ده‌ڕوانێته شه‌قامی گشتیى به‌رده‌م دوكانه‌كه‌ی كه موڵكی باوكی بێت. ئه‌و گوتی، بۆیه فسفۆڕ له‌سه‌ر شه‌قام و شۆسته داده‌نێم كه هیچ ئۆتۆمبێلێك نه‌توانێ له به‌رده‌م دوكانه‌كه بوه‌ستێ جگه له‌وانه‌ى خۆم.
"با پۆلیسی هاتوچۆ رێگری له راگرتنی ئۆتۆمبێل له‌و شه‌قامه بكات، تا ئێمه‌ش فسفۆڕ دانه‌نێین، به‌ڵام كه‌س رێگرییان ناكات، ئێمه‌ش له ناچاریدا فسفۆر داده‌نێین" خاوه‌ن پێشانگه‌كه‌ی هه‌ولێر وای گوت.
له هه‌ولێر ده‌یان نه‌خۆشخانه و قوتابخانه و خواردنگه‌ی ناسراو هه‌ن، كه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی مانگانه سه‌تان هه‌زار دۆلار قازانج ده‌كه‌ن، ناچار نه‌كراون گه‌راج بۆ خۆیان دروست بكه‌ن و له هه‌ركوێی شاره‌كه‌وه ده‌چیت، ئه‌و داگیركارییه به زه‌قی هه‌یه.
ئه‌گه‌رچی نه‌وزاد هلوری په‌یامنێری "وشه" له دهۆك ده‌ڵێ داگیركردنی شه‌قام و شۆسته‌كان له‌لایه‌ن دوكاندار و خاوه‌ن چێشتخانه و هوتێله‌كان له دهۆك بوونی نییه، به‌ڵام هاووڵاتییه‌كی ئه‌و شاره ئه‌وه ده‌خاته ڕوو كه ئێسته له جیاتی فسفۆڕ، ته‌نه‌كه‌ی خۆڵ و خاشاك به‌كار ده‌هێنن.
موحسین زێباری هاووڵاتییه‌كی دهۆك به"وشه"ی گوت، جێی دڵخۆشییه كه فسفۆڕ نابینم، به‌ڵام ئێسته به‌شێك له خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی له جیاتی فسفۆڕ، ته‌نه‌كه‌ی زبڵ و خاشاك و دار و به‌رد به‌كار دێنن، ئه‌مه‌ش شاره‌كه ناشیرین ده‌كات.
عه‌بدولخالق زاده دوكاندار له دهۆك، باسی له‌وه كرد كه به‌شێوه‌ى كاتى فسفۆڕ داده‌نێن به‌تایبه‌ت له‌وكاته‌ى باری كه‌لوپه‌لیان بۆ دێت، ئه‌و ده‌زانێ ئه‌وه‌ى ده‌یكه‌ن رێپێدراو نییه، بۆیه گوتی "له ناچاریدا ئه‌وه ده‌كه‌ین".
پۆلیسی هاتوچۆ: كاری شاره‌وانییه
بۆ هه‌ر پرسێكی پێوه‌ند به شه‌قام، كاتێك روو له ئه‌فسه‌رانی پۆلیسی هاتوچۆ ده‌كه‌یت و لێیان ده‌پرسیت، ئه‌وان پشت له شه‌قام و روو له ده‌قه یاساییه‌كان و رێنوێنی ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن، نایاساییه و كه‌سی سه‌رپێچیكار سزای پێژماردن ده‌درێت، به‌ڵام به‌رده‌وامی ئه‌و دۆخه شاره‌كان و ژیانی گشتیی كردووه به قوربانی و پێویسته رێ نه‌درێت نه‌ك سزا كه زۆر كه‌مه و چاره‌سه‌ری دۆخه‌كه‌ی نه‌كردووه.
دلاوه‌ر له‌تیف گوته‌بێژی هاتوچۆی سۆران، به"وشه"ی راگه‌یاند كه دانانی فسفۆڕ له‌سه‌ر شه‌قام له‌لایه‌ن خاوه‌ن چێشتخانه و هوتێل و ته‌نانه‌ت دوكانداره‌كانیش، كێشه‌یان بۆ هاتوچۆ دروست كردووه و هۆكاری جه‌نجاڵی ناو شار و شه‌قامه‌كانن، بۆیه ئه‌مه كارێكی ته‌واو نایاساییه.
زیاتر گوتی "داگیركردنی شۆسته‌كان پێوه‌ندیی به شاره‌وانی هه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وه‌ك هاتوچۆ هه‌ر كارێكی وا ببینین، رووبه‌ڕووی یاسایان ده‌كه‌ینه‌وه".
كارزان مه‌جید به‌رپرسی راگه‌یاندنی پۆلیسی هاتوچۆی گه‌رمیان، ئه‌وه‌ی خسته ڕوو كه هه‌ر كه‌سێك ئه‌و زێده‌ڕۆییه بكاته سه‌ر شه‌قامی گشتى و داگیری بكات، لێی قبووڵ ناكه‌ن و پێی لاده‌به‌ن. ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه به قسه‌ى په‌یامنێری "وشه" بێت له كه‌لار، ئه‌م حاڵه‌ته بوونی هه‌یه. به‌ڵام كارزان دووپاتی ده‌كاته‌وه كه رێ ناده‌ن و ئه‌وه‌یشی هه‌یه بۆ رێكخستنی شه‌قامه كه كه‌وتوونه‌ته نزیك كۆمه‌ڵه دوكانێك و به ئاگاداری هاتوچۆ دانراون.
لای خۆیه‌وه فازڵ حاجی عه‌لی گوته‌بێژی هاتوچۆی هه‌ولێر، كه له شاره‌كه‌ی به ته‌واوی بێسه‌روبه‌ری له شۆسته و شه‌قام ده‌بینرێ، دووپاتی ده‌كاته‌وه كه دانانی فسفۆڕ قه‌ده‌غه‌یه و لابردنی كاری شاره‌وانییه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌لایه‌ن هاتوچۆوه قۆرخكارانی شه‌قام ئاگادار ده‌كرێنه‌وه و به نووسراو قایمقامیه‌تى لێ ئاگادار ده‌كرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى رێكاریان به‌رانبه‌ر بگیرێته‌به‌ر و سزا بدرێن.
حاجی گوتی، "هه‌ر ئۆتۆمبێلێك له‌سه‌ر شۆسته‌ی به‌رده‌م خواردنگه یان هوتێل بوه‌ستێت، له‌لایه‌ن مه‌فره‌زه‌كانی پۆلیس به 30 هه‌زار دینار سزا ده‌درێ".
به‌ڵام كاروان سدیق گوته‌بێژی هاتوچۆی سلێمانی، رای ده‌گه‌یه‌نێت كه هه‌موو ئه‌و شوێنانه ئاگادار كراونه‌ته‌وه كه نابێ شه‌قام داگیر بكه‌ن و فسفۆڕی له‌سه‌ر دابنێن.
به‌گوته‌ی خۆی "مه‌فره‌زه‌كانی هاتوچۆ لێپرسینه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و شوێنانه ده‌كه‌ن و سزایان ده‌ده‌ن".
لای خۆشیه‌وه عه‌مید حه‌سه‌ن عه‌بدوڵا به‌ڕێوه‌به‌ری هاتوچۆی هه‌ڵه‌بجه، به"وشه"ی راگه‌یاند، به‌شێك له‌و فسفۆڕانه له‌لایه‌ن پۆلیسی هاتوچۆ دانراون به‌مه‌به‌ستى رێكخستنی شه‌قام، به‌ڵام ئه‌وانه‌ى دوكاندار كردوویانه سه‌رپێچی هاتوچۆیه و سزا ده‌درێن.
"ئه‌و دوكاندارانه‌ی ئێمه‌یان ئاگادار نه‌كردووه‌ته‌وه و شوێنه‌كانیان پێویست به فسفۆڕ ناكات، تیمه‌كانمان لایان بردوون و به‌رده‌وامن له لابردنیان و لێپێچینه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌وانه ده‌كرێ كه زێده‌ڕه‌وی ده‌كه‌ن" عه‌بدوڵا وای گوت.
به‌ڵام وارڤان باخورنیفی رێپێدراوی پۆلیسی هاتوچۆ له دهۆك، كه له شاره‌كه‌ی یاسا هه‌موو ئه‌و كێشانه‌ی راگرتووه، سوپاسی دوكاندارانی شاره‌كه‌ی ده‌كات كه پابه‌ندی رێنوێنییه‌كانی هاتوچۆ و شاره‌وانین. ئه‌وه‌یشی گوت "له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ندێ له دوكانداران به‌كاری دێنن، به‌ڵام فسفۆڕه‌كان له‌لایه‌ن پۆلیسی هاتوچۆوه ده‌ستیان به‌سه‌ردا ده‌گیرێ و سزاش ده‌درێن".
شاره‌وانی: كاری هاتوچۆیه ئه‌و فسفۆڕانه لا بدات
له كاتێكدا پۆلیسی هاتوچۆ ده‌ڵێن لابردنی فسفۆڕی سه‌ر شه‌قام پێوه‌ندی به شاره‌وانییه‌كان هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وانیش ده‌ڵێن ئه‌و پرسه پێوه‌ندی به پۆلیسی هاتوچۆ هه‌یه، ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه شاره‌وانییه‌كان ده‌ڵێن لیژنه‌ی رێكخستنی بازاڕیان هه‌یه.
كوێستان ئه‌كره‌م سه‌رۆكی شاره‌وانیی هه‌ڵه‌بجه، رای گه‌یاند، لیژنه‌كانی شاره‌وانی چاودێریی بازاڕ ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌و فسفۆڕانه‌ی سه‌ر شه‌قام زیاتر پێوه‌ندی به هاتوچۆوه هه‌یه. به‌گوته‌ی خۆی بۆ "وشه"، ئه‌گه‌ر ئاگادارمان بكه‌نه‌وه، ئاماده‌ین لێپێچینه‌وه بكه‌ین.
به‌ڵام كاوه نه‌جم به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌وانیی سۆران، روونی كرده‌وه كه رێنوێنیی تایبه‌تیان به دوكاندار و هوتێل و مۆتێل و چێشتخانه‌كان داوه كه ئه‌وه كارێكی نایاساییه. بۆ "وشه" ده‌ڵێ "به‌گشتی كۆنتڕۆڵی بازاڕ كراوه و هه‌ر حاڵه‌تێكیش هه‌بێت، به‌پێی رێنوێنی و یاسا سزایان ده‌ده‌ین".
هاوكات مه‌ریوان شوان سه‌رۆكی شاره‌وانیی یه‌ك له هه‌ولێر، پشتڕاستى قسه‌كانی كاوه نه‌جم ده‌كاته‌وه كه دانانی فسفۆر له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان 100% پێچه‌وانه‌ی رێنوێنیی شاره‌وانییه.
ئه‌و ئاماژه به دوا كۆبوونه‌وه‌ی فرسه‌ت سۆفی پارێزگاری هه‌ولێر له‌گه‌ڵ قایمقام و شاره‌وانییه‌كان كرد كه راسپێردراون رێكار به‌رانبه‌ر هه‌ر شوێنێك بگرنه‌به‌ر كه شۆسته و شه‌قامه‌كانیان داگیر كردووه.
مه‌ریوان به"وشه" ده‌ڵێ، "ئه‌و دیارده‌یه له شه‌قامی بازنه‌یی 60 مه‌تری زۆره و ده‌ست كراوه به لێپرسینه‌وه له‌گه‌ڵیان. هه‌ر كه‌سێك ئه‌و كاره بكات توندترین سزایان ده‌ده‌ن".
سه‌رده‌شت ڕه‌فیق به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندنی شاره‌وانیی سلێمانی، ئه‌وه‌ی دركاند كه ئه‌وانه‌ى شه‌قام و شۆسته داگیر ده‌كه‌ن، سزا ده‌درێن، ئه‌گه‌ر سه‌رپێچییه‌كه دووباره بكه‌نه‌وه، سزاكه زیاتر ده‌بێت".
وشه/ به‌دواداچوونی په‌یامنێرانی "وشه"
ئاماده‌كردنی/ فه‌رمان سادق