ئەبوبەکر کاروانی: کورد دەبێ لە دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی عێراق هەستیار بێت

:: PM:02:34:02/12/2019 ‌
ئەندامێکی پێشووی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی لە بارەی دۆخی ئێستای عێراق و دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیرانێکی نوێ بۆ ئەو وڵاتە داوا دەکات کورد یەکگرتوو بێت و دیدی هاوبەشی هەبێت و دەشڵێت، گرنگە هەر لەسەرەتاوە کورد لەسەر خەت بێت بۆ دانانی ئەو کەسەی دەکرێتە سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق.
گرنگە بزانین ئەو کەسەی دەکرێتە سەرۆک وەزیران کار و بەرنامەی حکوومەتەکەی چییە

ئەمڕۆ دووشەم دووی کانوونی یەکەم، ئەبوبەکر کاروانی ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە پرسی دیاریکردن و دانانی کەسێکی نوێ وەک سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق پێویستە چەند خاڵێکی گرنگ رەچاو بکرێت، زۆر گرنگە بزانرێت ئەو کەسە کێیە کە دیاری دەکرێت، هەروەها کار و بەرنامەی حکوومەتەکەی کە دەبێتە سەرۆ وەزیرانی عێراق چییە، ئەو هێزانەی پشتیوانی دەکەن و ئەو هێزانەی دژایەتی دەکەن پێوەندییان بە پرسی کوردەوە چییە.

زیاتر روونی دەکاتەوە، خاڵێکی تر کە بۆ ئێستای عێراق گرنگە ئەوەیە، شەقام چۆن سەیری ئەو حکوومەتە نوێیە دەکات و تا چەند وەڵامدەرەوەی داواکاری شەقام دەبێت، تا چەند نوێنەرایەتی خواستی شەقام دەکات و تا چەند نوێنەرایەتی وڵاتانی دراوسێ دەکات.

"هەموو ئەوانە دەبێت سەرەتا هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت کە پێوەندییان بە دۆخی کوردستانەوە چی دەبێت، دواتر هەڵوێستی ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەربگرین، دەبێت هەر لە سەرەتاوە کورد لە سەر خەت بێت، پێش هەموو شتێک دەبێت کورد یەکدەنگ و هاو هەڵوێست بێت" ئەبوبەکر کاروانی وای گوت.

ئەو سیاسەتمەدارە دووپات لەوەیش دەکاتەوە، دەبێت کورد یەکگرتوو بێت و دیدی هاوبەشی هەبێت و وەک هەرێمی کوردستان بەدواداچوون بۆ رووداوەکان بکات و زانیاری ڕاست کۆ بکاتەوە و بە گوێرەی هەڵوێستەکان هەنگاوەکانی خۆی دیاری بکات.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - هیدایه‌ت جان