به‌گوێره‌ى راپۆرتێكى رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت ئاسته‌نگه‌كانى پێكهێنانى حكوومه‌تى عێراق قوڕستر ده‌بێته‌وه، چونكه كاتێك هاوپه‌یمانى سائیروون واز له ئه‌ركى دانانى كاندیدى سه‌رۆك وه‌زیران ده‌هێنێ، ئه‌وا پێناسه‌كردنى گه‌وره‌ترین قه‌واره‌ى په‌رله‌مان كێشه‌ى تێده‌كه‌وێت و خۆپێشانده‌رانیش دوو مه‌رجییان داناوه كه ره‌نگه لایه‌نه سیاسییه‌كان قبوڵى نه‌كه‌ن.
رۆژێك به‌سه‌ر ئه‌و ماوه‌یه تێپه‌ڕى كه به‌گوێره‌ى ده‌ستوورى عێراق به سه‌رۆك كۆمار ده‌درێت، بۆ ئه‌وه‌ى گه‌وره‌ترین قه‌واره‌ى ناو په‌رله‌مان راسپێرێت تا كاندیدى خۆى بۆ سه‌رۆك وه‌زیران دیار بكات و دواتر له ناو په‌رله‌مان ده‌نگى پێ بدرێت. هه‌ر چه‌نده ته‌نیا رۆژێك به‌سه‌ر ئه‌و ماوه‌یه تێپه‌ڕیوه كه‌چى به گوێره‌ى راپۆرتێكى رۆژنامه‌ى
"شه‌رق ئه‌وسه‌ت" ناكۆكییه‌كى توند له‌سه‌ر دانانى سه‌رۆك وه‌زیرانى نوێ هه‌یه.
160 په‌رله‌مانتار داوا ده‌كه‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانى داهاتوو گه‌نج بێت
ئه‌گه‌رچى پێشتریش پێكهێنانى حكوومه‌ت له عێراقدا كارێكى ئاسان نه‌بووه، به‌هۆى ئه‌وه‌ى لایه‌نه‌كان سه‌ر به سێ پێكهاته‌ى جیاوازن و له ناو هه‌ر پێكهاته‌یه‌كیش چه‌ندان لایه‌نى جیاواز هه‌یه، ئه‌مجاریش وه‌ك پێشبینى ده‌كرێت دانانى سه‌رۆك وه‌زیرانى نوێ ئه‌گه‌ر له‌جاران قوڕستر نه‌بێت ئه‌وا ئاسانتر نابێت، چونكه خۆپێشانده‌رانیش هاتوونه‌ته ناو بابه‌ته‌كه‌وه و ته‌نانه‌ت دوایین قسه له‌سه‌ر سه‌رۆك وه‌زیرانى نوێ له‌لاى ئه‌وانه. ئه‌وانیش تا ئێسته خاوه‌ن سه‌ركردایه‌تییه‌كى رۆشن نیین، سه‌ره‌ڕاى ئه‌مه‌یش ئه‌وان پێوه‌رێكى رۆشنیان بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانى نوێ نییه و ته‌نانه‌ت كێشه‌یه‌كى تر ئه‌وه‌یه ئه‌وان پێیانوایه هێشتا ئه‌ركه‌كه‌یان ته‌واو نه‌بووه، ته‌نیا عادل عه‌بدولمه‌هدى ده‌ستى له‌كار كێشاوه‌ته‌وه، سه‌دان به‌رپرسى تر له‌به‌رپرسیارێتى ماون.
رۆژنامه‌ى "شه‌رق ئه‌وسه‌ت" ئه‌مڕۆ له راپۆرتێكدا ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات له‌گه‌ڵ ده‌ست له‌كاركێشانه‌وىه عادل عه‌بدولمه‌هدى له سه‌رۆكایه‌تى حكوومه‌ت كێشه‌یه‌كى كۆن زیندوو بووه‌ته‌وه، ئه‌ویش مشتومڕی دیاركردنى گه‌وره‌ترین قه‌واره‌ى په‌رله‌مانى عێراقه كه مایى پێكهێنانى حكوومه‌تى هه‌یه.
به‌گوێره‌ى راپۆرته‌كه ئه‌مه‌یش سه‌ختتر ده‌بێته‌وه، كاتێك هاوپه‌یمانى سائیروون كه له‌لایه‌ن موقته‌دا سه‌درى رێبه‌رى ره‌وتى سه‌ده‌ره‌وه پاڵپشتى ده‌كرێت، راى گه‌یاند ئه‌وان سازش له‌پێكهێنانى حكوومه‌تى داهاتوو ده‌كه‌ن و ته‌نانه‌ت تێیدا به‌شدار نابن.
هاوپه‌یمانى سائیروون كه 45 كورسى له په‌رله‌مان هه‌یه، جارى پێشوو له دانانى عادل عه‌بدولمه‌هدى له سه‌رۆكایه‌تى حكوومه‌ت رۆڵێكى سه‌ره‌كى هه‌بوو، چونكه عادل عه‌بدولمه‌هدى به شێوه‌یه‌كى سه‌ره‌كى به‌گوێره‌ى رێككه‌وتنى نێوان هاوپه‌یمانى فه‌تح و سائیروون بوو به سه‌رۆكى حكوومه‌ت.
راپۆرته‌كه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت باس له هه‌ڵوێسته‌كانى هاوپه‌یمانى سائیروون ده‌كات و ده‌ڵێ جارى پێشوو كه له‌گه‌ڵ فتح رێككه‌وتن، به‌سه‌ر بنه‌ماى "گه‌وره‌ترین قه‌واره" بازى دا و گوتى "عێراق گه‌وره‌ترین قه‌واره‌یه" ئه‌مجاره‌یش سازش له پێكهێنانى حكوومه‌ت ده‌كات و ده‌ڵێ "گه‌ل گه‌وره‌ترین قه‌واره‌یه".به‌ڵام هه‌ر چۆنێك بێت ئه‌م جاره ئه‌م هه‌ڵوێسته‌یان له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌رى خۆپێشانده‌ر یه‌ك ده‌گرێته‌وه.
سه‌باره‌ت به پێوه‌ره‌كانى خۆپێشانده‌ران بۆ دانانى سه‌رۆك وه‌زیرانى داهاتوو، په‌رله‌مانتارێك بۆ رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌تى ئاشكرا كردووه، خۆپێشانده‌ران تا ئێسته دوو مه‌رجى سه‌ره‌كییان هه‌یه، له‌وانه نابێت كه‌سى كاندیدكراو له ده‌ره‌وه‌ى عێراق بێت و دووه‌میش نابێت خاوه‌ن ره‌گه‌زنامه‌یه‌كى تر بێت. به‌ڵام له‌وانه‌یه ئه‌مه به‌دڵى لایه‌نه سیاسییه‌كان نه‌بێت كه له زۆربه‌ى كاته‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌شبه‌شێنى سیاسى به‌شدارى له پێكهێنانى حكوومه‌ت ده‌كه‌ن.
سائروون سازش له‌سه‌ر ئه‌ركى دانانى سه‌رۆك حكوومه‌ت ده‌كات بارودۆخه‌كه سه‌ختتر ده‌كات
په‌رله‌مانتارێك له هاوپه‌یمانى "فه‌تح" به‌ناوى حوسێن عه‌ره‌ب، له لێدوانێكى بۆ رۆژنامه‌ى "شه‌رق ئه‌وسه‌ت" ئاشكراى ده‌كات، زۆرێك له په‌رله‌مانتاره گه‌نجه‌كان له په‌رله‌مانى عێراق هه‌وڵ ده‌ده‌ن سنووره‌كانى فراكسیۆن و لایه‌نه سیاسییه‌كانیان ببه‌زێنن و كار بۆ دانانى سه‌رۆك وه‌زیرانێكى گه‌نج بكه‌ن. حوسێن عه‌ره‌ب ده‌ڵێ "زیاتر له 160 ئه‌ندام په‌رله‌مان واژوویان كۆكردووه‌ته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ى سه‌رۆك وه‌زیران له گه‌نجان بێت، بڕواى ئه‌وه‌مان هه‌یه گه‌نجێك ده‌توانێ سه‌رۆكایه‌تى قۆناغى داهعاتوو بكات" ئه‌و په‌رله‌مانتاره دووپاتى ده‌كاته‌وه هه‌رگیز لایه‌نه‌كان ئه‌مه‌یان ناوێ چونكه ئه‌وان ناتوانن له چوارچێوه‌ى به‌شبه‌شێنى سیاسى ده‌ربچن.
كاتێك خۆپێشانده‌ران دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه، ده‌بێت سیسته‌مى حوكمڕانى عێراق دوور بێت له به‌شبه‌شێنى سیاسى، په‌رله‌مانتارێكى سوننه پێشنیار ده‌كات سه‌رۆكایه‌تى حكوومه‌ت به پێكهاته‌یه‌كى تر‌ى غه‌یره شیعه بدرێت، به‌ڵام ته‌واوى لایه‌نه سیاسییه‌كانى شیعه له په‌رله‌مانى عێراق ئه‌و داوایه‌یان ره‌تكرده‌وه‌و په‌رله‌مانتاره‌كه‌یان به‌وه تۆمه‌تبار كرد له سه‌ر زامى باشوور و ناوه‌ڕاستى یارى ده‌كات.
رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت باس له‌وه ده‌كات ئه‌ركى لایه‌نه سیاسیه‌كان له قۆناغى داهاتوودا قوڕس ده‌بێت، چونكه ده‌بێت سه‌رۆك وه‌زیرانێكێك ده‌ستنیشان بكه‌ن، به‌دڵى خۆیان و خۆپێشانده‌ران بێت، كه ئه‌مه‌یش ئه‌ركێكى قوڕس ده‌بێت. چونكه ساده‌ترین هۆكار ئه‌وه‌یه له دواى كه‌وتنى رژێمى به‌عس له عێراق حوكمڕانى به ته‌وافووقى به‌ڕێوه‌ده‌برێت، سه‌رۆكایه‌تى حكوومه‌ت بۆ شیعه و سه‌رۆكایه‌تى كۆمار بۆ كورد و سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان بۆ پێكهاته‌ى سوننه‌یه.