هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان ڕۆڵێكی باڵایان هه‌بوو له تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش له ته‌ك هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به به‌رده‌وامی كێشه‌یه و هه‌میشه باس له چاره‌سه‌ركردنی ده‌كرێ، نه‌بوونی فه‌رمانده‌یی هاوبه‌ش و یه‌كخستنه‌وه‌ی ڕێزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌یه، هه‌رچه‌نده هه‌موو حكوومه‌ته‌كان دووپاتیان كردووه‌ته‌وه كه پێشمه‌رگه یه‌ك ده‌خه‌ن، به‌ڵام تا ئێسته ئه‌وه به فه‌رمی جێبه‌جێ نه‌كراوه.
له ماوه‌ی ڕابردوو به‌هۆی ده‌مه‌قاڵه‌ی نێوان دوو ئه‌فسه‌ر یه‌كێكیان چه‌ك له‌وه‌ی تر ڕاده‌كێشێ و ته‌قه‌ی لێ ده‌كا و كۆتایی به ژیانی ده‌هێنێت، له‌سه‌ر ئه‌و ڕووداوه سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی گوتی، پێویسته هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له هه‌موو كاریگه‌رییه‌كانی سیاسی و ناكۆكییه‌كی ناوخۆیی دوور بخرێنه‌وه و هه‌رێمی كوردستان پێویستی به هێزێكی نیشتمانی و خاوه‌ن باوه‌ڕ و بنه‌مای پیشه‌یی هه‌یه.
دوای جه‌نگی گه‌رده‌لوولی بیابان پێشمه‌رگه توانیان دژی ڕژێمی به‌عس ڕابپه‌ڕن و ناوچه كوردییه‌كان له به‌عس پاك بكه‌نه‌وه، به‌ڵام به‌هۆی دابه‌شبوونی هێزی پێشمه‌رگه به‌سه‌ر پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، دواجار ئه‌و هێزانه دژ به یه‌ك خرانه شه‌ڕه‌وه و سه‌رده‌مێكی نه‌خوازراویان دروست كرد و كه هه‌ردوو حزبه‌كه ئێسته په‌شیمانن له‌و شه‌ڕه‌ی كه به‌رپایان كرد.
پاش ڕووخانی به‌عس و دواتریش پاش له‌ناوبردنی داعش له عێراق، یه‌كخستنی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان نه‌ك ته‌نیا ڕه‌هه‌ندێكی ناوخۆیی هه‌بوو، به‌ڵكوو هێزه‌كانی هاوپه‌یمانانیش به فه‌رمی داوای یه‌كخستنیان كرد و پرۆژه‌یه‌كی 35 خاڵیشیان ڕاده‌ستی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه كرد، بۆ چۆنیه‌تی ڕێكخستن و یه‌كخستن و پێشخستنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و مه‌شق پێ كردنیان و دووباره دروستكردنه‌وه‌یان وه‌ك سوپایه‌كی پیشه‌یی و پرۆفیشنال.
هاوپه‌یمانان بۆ جێگیركردنی ئارامی هه‌میشه‌یی له كوردستان یه‌كخستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه به گرنگترین هه‌نگاو هه‌ژمار ده‌كه‌ن
فه‌رمانده‌یه‌كی باڵای پێشمه‌رگه به پێگه‌ی "مۆنیتۆر"ی ئه‌مه‌ریكی ڕاگه‌یاند، ناكۆكی نێوان دوو ئه‌فسه‌ره‌كه له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌بردنی یه‌كه‌یه‌كی پێشمه‌رگه بووه و دواجار ته‌قه‌ی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه، گرفته‌كه ئه‌وه‌یه دابه‌شكردنی پۆستی نێو لیواكانی پێشمه‌رگه له‌سه‌ر بنه‌مای لێهاتوویی و به بڕیاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه نییه، به‌ڵكوو حزبه‌كان ڕۆڵیان هه‌یه و هاوشێوه‌ی ده‌سه‌ڵات پۆسته سه‌ربازییه‌كانیش له نێوان حزبه‌كان دابه‌ش ده‌كرێن، كه ئه‌مه‌یش وا ده‌كات پرۆسه‌ی یه‌كخستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه ئه‌گه‌ر سه‌ریش بگرێ، به‌ڵام له‌رزۆك و ڕاسته‌قینه نه‌بێت، چونكه سه‌ره‌نجام دابه‌شكردنی پۆسته‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای پشكی حزبه‌كان ده‌بێت، نه‌ك شیاوی و لێهاتوویی ئه‌فسه‌ره‌كان.
زیاتر گوتی، سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه‌یش به‌شێكی زۆری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه هه‌رچه‌نده توانای شه‌ڕیان هه‌یه، به‌ڵام له ڕووی زانستی سه‌ربازییه‌وه و خوێندنه‌وه شاره‌زاییه‌كی ئه‌وتۆیان نییه، بگره جیا له جیاوازی بیركردنه‌وه‌ی حزبی، هه‌ندێجار كێشه‌ی خێڵكه‌یش دێته ناوه‌وه‌ی پێكهاته‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه، ئه‌مه‌یش ده‌بێته كێشه‌یه‌كی تر، بۆ نموونه ئه‌وانه‌ی كۆلێژی سه‌ربازیان ته‌واوكردووه، ده‌چنه ژێر فه‌رمانی كه‌سێك كه بێ ئه‌زموون و شاره‌زایی له زانستی سه‌ربازی ئه‌و پله و پۆسته‌ی وه‌رگرتووه، له بنه‌ماكانی زانستی سه‌ربازی تێ ناگات، كه ئه‌مه‌یش گرفتێكی تره و ناكۆكی و جیاوازی له ڕیزی پێشمه‌رگه دروست ده‌كات.
پێشتر به‌رپرسان و حزبه‌كان به‌شێكی پێشمه‌رگه‌یان وه‌ك پاسه‌وانی خۆیان به‌كارهێناوه و زۆرجار كاری ماڵه‌وه و خزمه‌تكردنی باخچه‌یان پێ كردوون و بۆ مه‌به‌ستی كه‌سی خۆیان به‌كاریان هێناوه، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه له ماوه‌ی ڕابردوو حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری دا كه ئه‌نجامدانی ئه‌و كارانه به پاسه‌وانان به ته‌واوی قه‌ده‌غه‌یه.
جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بۆ "مۆنیتۆر" گوتی، ئه‌و ڕووداوه‌ی له به‌رده‌ڕه‌ش ڕووی دا زۆر نه‌خوازراوه و پێوه‌ندی به وه‌زاره‌تی به سیسته‌می پێشمه‌رگایه‌تی و گرفتی سیاسی نییه، ئه‌و كه‌سه‌یشی ته‌قه‌ی كردووه و ئه‌فسه‌ره‌كه‌ی تری كوشتووه، له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه گیراوه و دادگایی ده‌كرێ و به حوكمی یاسا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێ.
زیاتر گوتی، پرۆسه‌ی چاكسازی له ناو وه‌زاره‌ت به‌رده‌وامی هه‌یه و بۆ ساڵی 1922 كۆتایی پێ دێ و به‌مشێوه‌یه سه‌رجه‌م هێزه‌كانی پێشمه‌رگه ڕێك ده‌خرێن و یه‌ك ده‌خرێن.
به‌ڵام فه‌رمانده‌یه‌كی پێشمه‌رگه ده‌ڵێ، پرۆسه‌كه زۆر به سه‌بری به‌ڕێوه ده‌چێ، چونكه ترسی سیاسی له یه‌كخستنی پێشمه‌رگه هه‌یه، به تایبه‌ت له‌لایه‌ن یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه، چونكه ئه‌وان ده‌یانه‌وێ خاوه‌ن هێزی چه‌كداری بمێننه‌وه و یه‌كخستنی پێشمه‌رگه و به‌ستنه‌وه‌ی به سه‌رۆكی حكوومه‌ت و سه‌رۆكی هه‌رێم كه هه‌ردووكیان له ده‌ستی پارتی دیموكراتی كوردستاندان، به مه‌ترسییه‌كی سیاسی بۆ سه‌ر داهاتووی حزبه‌كه‌یان ده‌زانن، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌و ترسه وایكردووه جۆرێك له دوودڵی و نیگه‌رانی له خێراكردنی پرۆسه‌كه دروست ببێت.
له‌لایه‌كی تره‌وه جووتیار عادل گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتی، پرۆسه‌كه پێویستی به كاته، چونكه له‌گه‌ڵ پرۆسه‌كه ده‌بێ چه‌ند یاسایه‌كی نوێ له‌باره‌ی خزمه‌ت و ڕاژه و خانه‌نشینكردنی پێشمه‌رگه دابنرێت، خزمه‌تی لۆجستی و دارایی و مووچه و ماف و ئه‌ركه‌كان، هه‌موو ئه‌مانه پێویستیان به یاسای نوێ و پشتیوانی هاوپه‌یمانان و حكوومه‌تی عێراق هه‌یه.
یه‌كێتی ترسی هه‌یه و هه‌نگاوه‌كانی یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه به ئه‌نقه‌ست دواده‌خات
زیاتر گوتی، له ماوه‌ی ڕابردوو مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌كانی یه‌كه‌ی حه‌فتا و هه‌شتا كۆبووه‌ته‌وه و به وردی پرۆسه‌ی یه‌كخستنه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ باسكردوون، به‌ڵام ئێسته دوو گرفت له‌به‌رده‌م پرۆسه‌كه هه‌یه، یه‌كێكیان بودجه و داراییه و دووه‌میش چۆنیه‌تی په‌یكه‌ربه‌ندی پێشمه‌رگه‌یه.
كۆلۆنێل مایلز كاجینز گوته‌بێژ به ناوی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی به "مۆنیتۆر"ی گوتووه، كه ئاسایش و ئارامی كوردستان به لای هاوپه‌یمانانه‌وه گرنگی زۆری هه‌یه و بۆ ئه‌مه‌یش چاكسازی له ڕیزه‌كانی پێشمه‌رگه و یه‌كخستنیان به هۆكاری سه‌ره‌كی پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ناوچه‌كه ده‌زانین، له‌به‌ر ئه‌وه هاوپه‌یمانان به چڕی هاوكاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، تا توانای هێزه‌كانی پێشمه‌رگه بنیات بنرێته‌وه و به‌ره‌و پێشوه ببرێن و یه‌كبخرێن.
لیوا به‌ختیار محه‌مه‌د ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی چاكسازی وه‌زاره‌تی
پێشمه‌رگه له‌وباره‌وه گوتی، چوارده لیوا له ڕیزه‌كانی پێشمه‌رگه كه ژماره‌یان 40 هه‌زار پێشمه‌رگه ده‌بێت، به سه‌رپه‌رشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان یه‌كخراون و هیچ گرفتێك له نێوانیان نه‌ماوه و پرۆسه‌كه‌یش به‌رده‌وامی ده‌بێت.