هەڵمەتێك بۆ گرتنی نوشتەچییەكان دەستی پێ‌ كرد

:: AM:10:33:04/12/2019 ‌
وەزارەتی ئەوقاف و وەزارەتی ناوخۆ هەڵمەتێكی فراوان ئەنجام دەدەن بۆ گرتن و نەهێشتنی نوشتەچییەكان كە بوونەتە هۆكاری تێكدانی چەندان خێزان.

بۆ بنەبڕكردنی دیاردەی "نوشتە و سیحر و جادوو و دەركردنی جن" وەڵامیان داینەوە 
ئەمڕۆ چوارشەم چواری كانوونی یەكەم، نەبەز ئیسماعیل گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لەسەر پێشنیاری وەزارەتی ئەوقاف وكاروباری ئاینی، دوای ئاراستەكردنی نووسراو بۆ وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بنەبڕكردنی دیاردەی "نوشتە و سیحر و جادوو و دەركردنی جن" وەڵامیان داینەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف گوتی، وەزارەتی ناوخۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەنووسراوی فەرمی وەڵامی داینەوە و فەرمانی بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێم كردووە بەهاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی، كاری پێویست بۆ نەهیشتنی ئەم دیاردە ئەنجام بدەن.

ڕوونی كردەوە، بنەبڕكردنی ئەو دیاردەیە یەكێكە لە خاڵەكانی بەرنامەی كاری وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

ئەو بڕیارەی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كاتێكدایە پێشتر هەفتەنامەی "وشە" لە ڕێی ڕاپۆرتێكی زانیاری تەواوی لەسەر چەندان دیاری لەو شێوەیە ئاشكرا كرد و چەندان خێزان بەو هۆیەوە هەڵوەشاونەتەوە.



وشە - رامیار جەواد