زانیاری زیاتر لەسەر هێرشەكەی ئەمشەوی داعش لە گەرمەسێر

:: PM:10:53:04/12/2019 ‌

دوای سەعات نۆی ئەمشەو چوارشەم تیرۆریستانی داعش لە سنووری شارۆكەی خانەقین، هێرشیان كردە سەر هێزی پێشمەگە و ئەوان دوای رووبەڕووبوونەوەیان توانیا هێرشەكە تێكبشكێنن، بەڵام چوار پێشمەرگە بریندارن.

عەمید عیرفان حەمەخان، فەرماندەی لیوای گەرمیانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، لە گوندی دەكەی سەرچەم داعش هێرشی كردە سەر پێشمەرگە و ئەوان بەرپەرچی هێرشەكەیان داوەتەوە، روونی كردەوە، هێرشەكە بۆ سەر لیوای 3ی وەزارەتی پێشمەرگە بووە .

لای خۆیەوە جموور هۆمەر ملی، فەرماندەی فەوجی 3ی لیوای 3ی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، هێرشەكە بۆ سەر بارەگای ئەوان ئەنجام دراوە وەك فەوجی سێی لیوای سێی وەزارەتی پێشمەرگە.

زیاتر گوتی، پێشمەرگەگانمان ئازایانە لە چەكدارانی داعش هاتنە دەست و بەرپەرچی هێرشەكەیان دایەوە و پاشەكەشیان پێ كرد، بەڵام چوار پێشمەرگە بریندارن.
هێزی پێشمەرگە لە ئامادەسازی تەواودایە بۆ پاراستنی خەڵك و خاكی كوردستان
لای خۆیەوە وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیندراوێكدا وردەكاری هێرشەكەی زیاتر خستە روو و لە بەشێكی راگەیندراوەكە هاتووە، ئەمشەو  تیرۆریستانی داعش هێرشیان كردە سەر فەوجێكی لیوای سێی پیادەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە سنووری كوڵەجۆ (میحوەری گەرمیان)،  لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگە وەڵام درانەوە و پەلامارەكەیان تێكشكاند.

زیاتر هاتووە، خەڵكی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە كە هێزی پێشمەرگە لە ئامادەسازی تەواودایە بۆ پاراستنی خەڵك و خاكی كوردستان و لەناوبردنی تیرۆریستان، چەندین جار هۆشداریمان داوە لە سەرهەڵدانەوەی داعش، ئەو رووداوانەی ئێستە پشتڕاستی هۆشدارییەكانی ئێمەی كردەوە، كە بەرای گشتیی و هاوپەیمانانمان دابوو.

لە كۆتایی راگەیندراوەكە هاتووە، داوا لە هاوپەیمانان دەكەین كۆمەك و پشتگیری و هاوئاهەنگیان لەگەڵ وەزارەت و هێزەكانی پێشمەرگە زیاتر و  چڕتر بكەنەوە، بۆ ئەوەی رێگە لە پەرەسەندن و تەشەنەكردنی ئەو هێزە تیرۆریستییە بگیرێت. 

گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل