حكوومەت مووچە بۆ 900 هەزار بێكار دەبڕێتەوە

:: AM:09:51:05/12/2019 ‌
دوای ئەوەی حكوومەتی عێراق فۆڕمی بێكاری بەسەر بێكاران دابەش كرد، نزیكەی دوو ملیۆن كەس خۆیان وەك بێكار ناونووس كردووە. وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی دەڵێ، لە توانایاندایە مووچەی 900 هەزار كەسیان بدەن.

ئەمڕۆ پێنجشەم پێنجی كانوونی یەكەم، وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی عێراقی رای گەیاند، توانای نییە پێشینەی فریاكەوتنی بێكاران بۆ دوو ملیۆن كەس دابین بكات، ئەو بودجەیەی لە بەردەستیدا هەیە بەشی 900 هەزار بێكار دەكات.

دوو ملیۆن كەس فۆڕمەكەیان پڕ كردووەتەوە


بەیاننامەكەی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی عێراق لە كاتێكدایە لە سەرەتای خۆپێشاندانەكانی بەغدا و شارەكانی تر، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی دەست لەكاركێشاوەی عێراق، فۆڕمی بڕینەوەی هاوكاری 150 هەزار دیناری بۆ بێكاران راگەیاند وەك هەوڵێك بۆ كپكردنەوەی ناڕەزایەتییەكان، بەڵام خۆپێشاندەران فۆڕمەكەیان رەت كردەوە.

وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی دەڵێ، دوو ملیۆن كەس فۆڕمەكەیان پڕ كردووەتەوە و وەزارەتیش ناتوانێ ئەو مووچەیە بۆ هەمووان ببڕێتەوە.

زیاتر گوتی "ئەو پارەیەی لە بەردەست وەزارەتدایە تەنیا بەشی بڕینەوەی پێشینەی فریاگوزاری بۆ 900 هەزار بێكار دەكات". 

گوتەبێژی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی دەڵێ، وەزارەت پارەی پێویستی لە بەردەست نییە بیداتە هەر دوو ملیۆن بێكارەكە، لە بەرنامەی وەزارەتیشدا نییە جارێكی تر وەها فۆڕمێك دابەش بكاتەوە".



وشە - فه‌رمان سادق