ئێران.. لەبارەی گرانكردنی نرخی بەنزین خامنەیی گوشاری خستووەتە سەر پەرلەمان

:: PM:04:44:05/12/2019 ‌

نووسینگەی رابەری باڵای ئێران ئاشكرای كرد كە عەلی خامنەیی دوای دوو رۆژ لە دەرچوونی بڕیاری گرانكردنی نرخی بەنزین لە ئێران بۆ سێ هێند لەلایەن حكوومەتەوە، پەیامێكی نهێنی بۆ پەرلەمان ناردووە و ئەوانی لە هەر جموجۆڵێك بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكە وریا كردووەتەوە.
پاشگەزبوونەوە لە بڕیارەكە پشێوی زیاتر دروست دەكرد
وەك گۆڤاری "هێڵی حزبولا"ی سەر بە ماڵپەڕی خامنەیی ئەمڕۆ پێنجشەم بڵاوی كردەوە، پەیامەكەی خامنەیی لەلایەن عەلی لاریجانی سەرۆكی ئەنجوومەنی شورای ئێران لە كۆبوونەوەیەكی نهێنی لە 17ی نۆڤێمبەری رابردوو خوێندراوەتەوە و تیایدا هاتووە، پێویستە بە پەرلەمانتاران رابگەیەنن بەوەی هەر رێوشوێنێك لەو بابەتەوە دەبێت لە چوارچێوەی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی بێت و كەس بۆی نییە لەوە دەربچێت. 

بەپێی زانیارییەكان بەیانی ئەو رۆژە پەرلەمان كۆبوونەوەیەكی بەمشتومڕی ئەنجام داوە و ئەندامان چەندان پڕۆژەیان ئامادە كردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكە، بەڵام دوای پەیامەكەی خامنەیی دۆخەكە هێور بووەتەوە.

شایەنی باسە لەسەروبەندی خۆپێشاندانەكانی ئێران بەهۆی بڕیارەكەوە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران كۆبوونەوەیەكی ساز كرد و دووپاتی لە جێبەجێكردنی بڕیاری گرانكردنی نرخی بەنزین كردەوەتەوە، چونكە ئەگەر پاشگەزبوونەوە هەبێت دۆخەكە پشێوی زیاتری تێ دەكەوێت و بۆ ئەوەش پشتیان بە خامنەیی بەست بۆ رازیكردنی پەرلەمان.

لەلایەكی تر ئەمڕۆ پێنجشەم بەهای ریالی ئێرانی دووچاری داڕمانی زیاتر هاتەوە كاتێك نرخی دۆلارێكی ئەمەریكی لە بەرانبەر ریالی ئێران بووە 130 هەزار ریال، لەو كاتەی پێش خۆپێشاندانەكانی دوایی كە لە ناوەڕاستی مانگی رابردوو دەستی پێ كرد نرخی دراوی ئێران لە بەرانبەر هەر دۆلارێك 100 هەزار ریال بووە.   





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل